كوشتن وەك ئاو خواردنەوە..

19/04/2021

ڕێبوار حەمە
لەهەولێر ژنێك لەلایەن مێردەكەیەوە كوژرا.
لە ڕانیە پیاوێك درایە بەر دەستڕێژی فیشەك و كوژرا.
لە چەمچەماڵ پیاوێك مامی خۆی كوشت.
لە سەیدسادق ژنێك مێردەكەی بە چەقۆ كوشت.

چەند ڕۆژێكە ئەم هەواڵانە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی باشوری كوردستانی داگیركردووە و هێشتا شۆكی ڕووداوێكی جەرگهەژێن بەرینەداویت كارەساتێكی تر بیر و هۆشت داگیر دەكات، ئێستا ژیان بووە بە زنجیرەیەك لە مردن و كوشتن. ئەمڕۆ ئاسانترین كارێك بكرێت كوشتنی كەسێكە بە خوێن ساردی و بێ سڵەمینەوە لە دەرئەنجامەكانی، ئێستا كوشتن كارێكی هێندە سادەیە زۆر جار بكەرەكەی وەك بردنەوەی یارییەكی ئەلكترۆنی سەیری دەكات، چی وا دەكات مرۆڤ لە سەر كێشەیەك یان دەمەقاڵەیەك كە دەیان ڕێگەی تری چارەسەری هەیە پەنا بباتە بەر سڕینەوەی كەسێكی تر بێ ئەوەی ڕێگەكانی تر بگرێتەبەر.

كوشتن نەك چارەسەر نیە بەڵكو سەرەتای چەندین كێشەی ترەو پەتایەكە تەواوی خێزان و بنەماڵەیەك لەبەریەك هەڵدەوەشێنێتەوەو كەسانێكی تریش دەكاتە قوربانی و بۆ هەمیشە لە كۆمەڵگەدا دەبنە پەراوێز.

زۆر بوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەرئەنجامی بێ چارەسەر مانەوەی قەیرانە سیاسی و ئابورییەكان و دەركەوتنی كاریگەری ئەو ژەهرەیە كە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند ساڵێكە بڵاویی دەكەنەوەو بەناوی كرانەوە بۆتە هۆی هەڵتەكاندنی خێزانەكان و نەهشتنی هیچ بەهایەك لە كۆمەڵگەدا.