كورد و ئەمریكا و ئیسرائیل

19/04/2021

كوردستان ئەحمەد
زۆر دەمێكە دەمەوێت چەند سەرەقەڵەمێك لەبارەی كورد و ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بنووسم، وابزانم ئێستا ئیتر كاتیی ئەو راستییە و ئەو نوسیینەیە كە زۆرێك لە خەڵكی باوەڕی پێیەتی، كە دەبێت بنوسرێت لە بارەی كورد و ئەمریكا و ئیسرائیلەوە، چونكە هەموومان گەیشتووینەتە ئەو راستییەی كە ئیتر كاتی دركاندنی هەندێك راستیی حەشاهەڵنەگرە كە چارەنوسی هەموومان دەگۆڕێت .
قۆناغێكی مەترسیدار لە بەردەم باشوری كوردستاندا هەیە، لە چەند لایەكەوە، كە لا سەرەكییەكەی هێرشە بەردەوامەكانی ئێرانە لەسەر بنكەو ناوەندە ستراتیژی و بەهێزەكانی ئەمریكا و هەروەها هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی گەورە لە سەر ئایندەی پرسە نێودەوڵەتییەكەی كورد دروست دەكات، لە لایەكی دیكەش كە هەرێم وەك پڕۆ ئەمریكا یان خەتی ئابووری ئەمریكا ناسراوە خەریكە دەكەوێتە بەر هەژموون و هەڕەشەی گەورەی رێگای ئاوریشمی و هەژموونە زەبەلاحەكەی چین و هەروەها مەترسییە گەورەكەی عێراق كە بریتییە لە بڕینی بەشە موڵكانە لە وڵات و هەروەها سزادانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كە هەركاتێك عێراقییەكان پێیان بكرێت بێگومان لە سەر هەرێمی كوردستان دەیكەن.

ئێستا دۆخەكە بەهۆی سەرۆك بایدن و هەوڵەكانی سەرۆك رۆحانی بۆ دروستكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا كە لە قازانجی ئیسرائیلدا نییە و ئیپاك بەردەوام لە هەوڵدایە سویس هەرگیز نەتوانێـت ئەوكارە ئەنجام بدات، دۆخەكەی بەرەو چەق بەستویەكی راستەقیینە بردووە ئەوەش كاریگەری لەسەر دۆخی ناوچەكە بەتایبەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە لە كۆتایی چەند پەڕەگرافی ئەم نوسینەدا ئەو مەترسییە دەبینین.

گۆشەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەهەر لایەكدا بە باش یان خراپ بشكێـتەوە بێگومان كاریگەری گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دادەنێت، كە بەقازانجی كوردە  نەگەنە رێككەوتن و شەر رووبدات، چونكە هەرێم لانكەیەكی بەهێزە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە ئەمریكا ریفۆرمانیزمەی ئێران و دەوروبەری بكات، كە ئەوەش بۆ هەرێم وەك پارویەكی چەوری ستراتیژی و هاتنە كایەی ملیاران دۆلار مەزەندەدەكرێت و دەتوانێت وەك ناوەندی ئەمریكایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەكانی ئێران رۆڵ ببینێت و مەترسی لەسەر خۆی و ناوچەكە نەهێڵێت، چونكە تاكە رێگەی فۆڕمەڵیزەكردن و دیموكراتیزەكردنی ئێران تەنها هەرێمی كوردستانە و رێگا تەواوەكە هەولێرە، بنكە زەبەلاحەكەی دەشتی هەریر ئەو راستییە دەسەلمێنێت.

لەهەر حاڵەتێكدا ئەو دوو وڵاتە بەرەو رێككەوتن بڕۆن یاخود لەیەك جییاببنەوە شەڕبكەن، ئیسرائیل كارو كایەی خۆی دەبێت و كارلەسەر ئەوەدەكات كە پێگە بەهێزەكەی خۆی لە ناوچەكە بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بهێڵێتەوە و جێیی نەهێڵێت، بۆ ئەوەش پێویستی بەهێزی دیموكراتیزەی هەرێمی كوردستان هەیە، كە دەروازەیەكی گەورە بەرووی ئەو وڵاتەدا بكاتەوە كە لەناوچەكە هەژموونە ستراتیژییەكەی خۆیی بەهێزبكاتەوە.

لەلایەكی دیكەش ئەمریكا بەهۆی سیاسەتەكانی سەرۆك بایدنەوە بەراستی سەرقاڵی گۆرینی چەند ستراتیژێكی راستەقینەی خۆیەتی لە سوریا توركیا ئێران و عێراق و ئەفغانستان و چەند وڵاتێكی تر، كە من ئەم زانیاریانەم لە راوێژكارێكی نزیكی سەرۆك بایدن وەرگرتووە، كە بە سوودوەرگرتن لە زانیارییەكانی رابردووی مەگۆرك سەرقاڵی ئەوەن گۆرانكارییەكی گەورە ئەنجامبدەن بەڵام هەندێك شت زۆر شارستانی و راستیین كە ئەمریكا هەرگیز دەستی بۆنابات، وەك كشانەوەی راستەوخۆ لەعێراق و ئەفغانستان وسوریا.

سەرۆك بایدن سەرقاڵە بەئاشتكردنەوەی هەموو ئەو كەسوو لایەن و رێكخراوانەی كە كە بەهۆی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە لە ویلایەیە كگرتووەكانی ئەمریكا لەدەستیداوە، ئەوەش قورساییەكی گەورەی لەسەر ئەمریكا دروستكردووە و وادەكات هەندێك سیاسەتی وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست سستر بەڕێوەبەرێت.

كۆی گشتی ئەو گۆرانكارییانە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە و هەموو جیهان بەتەواوەتی دەیزانێت ئەو خاڵەیە كە ئەمریكا هەرگیز هەرێمی كوردستان جێناهێڵێت و بەبەهێزی لە سێ كایەوە دەمێنێتەوە كایەی یەكەم سەربازی كایەی دووەم دیبلۆماسی و كایەی سێیەم مەدەنییە كە ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی جێگیری كردووە.
لە راستیدا ئەمریكا گەر بییەوێت لە ناوچەكەدا گۆرانكاری بكات، بەبێ ئەوەی هاوبەشە بەهێزەكەی كە ئیسرائیلە ئاگادار نەكاتەوە هەرگیز هیچ كارو گۆرانكاریی و پلانێك ئەنجامنادات، چونكە هەر لەسەرەتاوە ئیسرائیل زۆر شارەزایانە خۆی لەگەڵ ئەمریكا موتوربەكرد بەجۆرێك كە مانەوەی ئەمریكا واتە مانەوەی ئیسرائیل و مانەوەی ئیسرائیلیش واتە مانەوەی ئەمریكا.

ئێستا بەهەرجۆرێك هێڵەكە گۆرانكاریی بەسەردا بێت، لەم سێ ئەگەرەزیاتر نییە،كە هەردوو ئەگەرەكەش بۆ كورد و ئیسرائیل زۆر گرنگ وبەهێزن و دەبێـت هەردوو گەل بەوردی ئاگاداریی ببن.

ئەگەری یەكەم: كشانەوەی بەهێزی ئەمریكا لە ناوچەكە بەتایبەتی سووریا و عێراق و ئەفغانستان و چۆڵكردنی بۆ ئێران و چین.
ئەگەری دووەم: مانەوەی ئەمریكا لەهەرسی وڵات بە شێوەی ئێستا
ئەگەری سێیەم: مانەوەی ئەمریكا بە ستراتیژێكی نوێی و بەهێزتر كە بەشێوەیك بێت 100 ساڵی تر رووسیا و چین نەتوانن  ئەو هێڵە ئاسنیینە بگۆرن  كە ئەمریكا دروستی دەكات.

ئەگەر یەكەم لاوازترین ئەگەرە كە پۆینت یەكیش نییە، وەك ئەوەی من لە بەرپرسانی باڵای شرۆڤەكاری ئەمریكا وەرمگرتووە، چونكە بەراستی ئەوە هەرگیز بەخەیاڵێ  ئەمریكا و سەرۆك بایدن و پنتاگۆندا نەهاتووە كە ناوچەكە بە ئاسانی بۆ ئێران و رووسیا و چین چۆڵبكات.

ئەگەر دووەم ئەگەرێكی زۆر بەهێزە چونكە، بەهۆی هەڵەكانی سەرك ترەمپەوە لە رابردوودا و هەروەها دۆخی ئابووری و  هەروەها دۆخی كۆرۆنا ئەمریكای زۆر ماندوو كردووە، ناتوانێت بە ئاسانی دەست لەو سێ دۆخە هەڵگرێت و سەرقاڵی سوریا و عێراق و ئێران بێت بەڵام دەستیشی لێ هەڵناگرێت.
ئەگەر ئەمریكا هەربەم شێوەیە بمێنێتەوە ئەوا ئەوا دەبێت هەرێمی كوردستان چی بكات.

هەرێم كوردستان لەم قۆناغەی كە ئەمریكای تێكەوتووە دەبێت چەند كارێكی زۆر گرنگ بكات كە بە باوەری ئەمریكییەكان زۆر گرنگ و بەهێزن كەبریتین لە:
یەكەم: مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بە بەهێزی لەگەڵ عێراقدا بە رەچاوكردنی تەواوی خاڵەكانی دەستوری عێراق
دووەم: لە ناوخۆدا هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و تۆكمە و یەك دەنگ و یەك رەنگ لە ئاست كێشە ناوخۆیی و دەرەكیەكان 
سێێەم: دوربكەوێتەوە لە ئێران و رووسیا و چین، یان هەر بەوشێوازەی كە ئێستا هەیە بەردەوام بێت لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە و كەمێك دەرگاكان داخراوتر بكات.
چوارەم: بەردەوامبێت بە پرۆسەی چاكسازی و هەروەها بەردەوامبێت لە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە چونكە ئێمە وەك ئەمریكا زۆر بۆمان گرنگە بزانین سوپای كوردەكان لە باشور و رۆژئاوا چۆن و چیان لێدێت.

لە ئەگەری سێیەمدا كە ئەوە حەتمیە و بێگومان ئەمریكا جارێكی دیكە خۆی فۆڕماڵیزەدەكاتەوە و زاڵدەبێت بەسەر دۆخەكەدا و ناوچەكە دەخاتەوەژێر دەستی خۆی و بەهێزتر دێتەوە هەرێمی كوردستان و عێراق  سوریا و ئەفغانستان و شوێنەكانی دیكەش.

دەبێت هەرێم  چ بكات؟
لەراستیدا دەبێت هەرێمی كوردستان پەیامێكی پاك و روون بداتە جیهان كە ئێمە گەلێكی بەفەرهەنگ و بەسیاسەتین لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیلدا و دەبێت لەگەڵ ئەوان بوونمان هەبێت و لەگەڵ ئەوان دەتوانین بەردەوام بین كە بێگومان ئەگەر ئەمریكا نەبێت ئەوا نەباشور وەك ستاتیۆیەكی بەهێز دەتوانێت رووبەرووی عیراق ببێتەوە و نە رۆژئاوای كوردستانیش ئەوە راستییەكە بۆ هەموو لایەك ئاشكراییە.

بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لۆبیەكی بەهێز لە كەسایەتییە تەكنۆكرات و لیبراڵ و حوكومی و رەسمی نارەسمییەكان بكات و گەورەترین گروپی ستراتیژی كوردی لە ناوخۆ و دەروەی هەرێمی كوردستان دروستبكات بۆ ئەوەی  بەهەماهەنگی هەمووان ستراتیژی پلانی هەماهەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل وكورد دابرێژرێتەوە ئەكرێت بەشێك لەو كارانە بە دەزگا هەواڵگرییەكان بسپێردێت و هەندێكی نێهێنی بێت.

بۆنموونە دەبێت چی بكرێت؟
دەبێت سەرۆك مەسرور بارزانی وەك كەسی یەكەمی هەرێمی كوردستان، پردێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ حزبەكان و سەربەخۆكان و كەسە بەهێزەكانی كورد لە دەروە و ناوەوە دروستبكات و كۆبوونەوەیەكی باڵابكرێت، هەموو شتێك وەلاوە بنرێت، بە هەموویانەوە مەختوتەی چەندین ساڵەی پەیوەندی ستراتیژی كوردی ئەمریكی ئیسرائیلی دابڕێژێت كەمن بۆ خۆم لە ناوخۆ و دەروە كەس گەلی وا دەناسم كە دەتوانێت هەرێمی كوردستان و جیهان بە یەكەوە ببەستێتەوە زۆر بە ئاسانی وسادە و ساكارییانە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن بەشێوەیەكی ستراتیژی هەرێمی كوردستان بە چین و ئێران و رووسیاوە ببەستێتەوە بەشێوەیەك نە ئیسرائیل نە ئەمریكا لێمان تورەنەبن و نیگەران نەبن و ئەوانیش لە كاییە سیاسی و ئابوورییەكەدا هەبن و ئەمریكاش هەرگیز نیگەرانی ئەو دوو لایەنە نەبێت.

ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەو كارە گرنگە ئەنجامدات ئەوا جیهانی نوێ بەشێوازێكی نوێ و زۆر ستراتیژیانە لەبەردەم كورد لە باشوری كوردستان و جیهاندا دەمێنێتەوە بەشێوەیەكی زۆر بەهێز و ستراتیژی تر لەوەی كە ئێستا هەیە.

سەرۆك مەسرور بارزانی وتەواوی حزبەكانیش ئەو راستییە باش دەزانن كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ستراتیژی سەربازی ئابووری گرنگی جیهانە و دەكرێت هەوڵبدرێت پێكەوە جیهانی كوردەكان بەرەو باشتر ببرێت.