كورد پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێنێتەوە

20/04/2021

كارزان گلی 
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمانی توركیا، ئەگەر ٥٪ی ئەندام پەرلەمانەكانی توركیا پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت و، پاشان ئەندام پەرلەمانییان لێ بسەندرێتەوە، ئەوكات پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێتەوە.
تاوەكوو ئێستا ١٣ ئەندام پەرلەمانی توركیا، كە ١١ یان سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان HDP یە، ئەندام پەرلەمانیان لێ سەندراوەتەوە. دۆسیەی ٢٩ ئەندام پەرلەمانی تریش لە لایەن داواكاری گشتییەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، تا پارێزبەنیان لەسەر هەڵبگرن كە ٢٢ یان سەر بە HDP ن، ئەوانیش تریش سەر بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ترن.
ئەگەر بێت و لەو ٢٩ ئەندام پەرلەمانە، ١٧ یان پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت و، پاشان ئەندام پەرلەمانیان لێ وەربگیرێتەوە، ئەوكات پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێتەوە، چونكە ٣٠ ئەندام پەرلەمان دەكاتە ٥٪ی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، بەمەش پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ماڵپەڕی(T24)ی توركی بڵاوكراوەتەوە، پارتی داد و گشەپێدان AKP، نایەوێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بۆیە دۆسیەی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی داوا كراوە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت پشتگوێ دەخرێت.
ئەگەر پارێزبەندیشیان لەسەر هەڵبگیرێت، ئەندام پەرلەمانیان لێ ناسەندرێتەوە، چونكە ئەگەر رێژەی یاسایی لێسەندنەوەی ئەندام پەرلەمانی دروست ببێت، ئەوكات پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، چەندینجار گوتوویەتی ”هەڵبژاردن لە توركیا لە كاتی خۆیدا دەكرێت، ئەویش ٢٠٢٣ یە“.
بۆیە لەسەر رۆشنایی ئەم گوتەیە، ئەردۆغان نایەوێت توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بۆ ئەمەشیان پێویست دەكات هیچیتر ئەندام پەرلەمانی لە ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بە HDP وەرنەگیرێتەوە. بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، ئەردۆغان لەگەڵ ئەوەدا نییە، هیچیتر ئەندام پەرلەمانەكانی راپێچی دادگا بكرێن.
جیا لەوەش، ئەردۆغان یەكێك بووە لەو سەرۆكانەی، رێگر بووە لەوەی HDP دابخرێت، لەناو پەرلەمانی توركیا داكۆكی لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە، بەڵام هاوپەیمانەكەی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی MHP، دۆسیەی داخستنی HDP ی جولاند و، لە دادگا ئەردۆغان رێگری لە داخستنی كردووە.

یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد ئەردۆغان رێگری لەو جۆرە هەنگاوە بكات، نزیكبوونەوەی AKP یە لە كوردانی باكووری كوردستان، چونكە داخستنی HDP كوردەكانی زیاتر توڕە دەكرد، بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكانی سەر بە AKP.

لێرەدا روون دەبێتەوە، كە بۆ رێگریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، AKP و رەجەب تەییب ئەردۆغان رێگە نادەن هیچیتر ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بە HDP پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت و پاشان ئەندام پەرلەمانی، تا رێژەی یاسایی نەگاتە ٣٠ ئەندام پەرلەمان و توركیا نەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.