پیاو قسە ئەكات!

20/04/2021

هێمن عەبدولقادر
 گەورەترین جنێوی پیاوی خێڵ ئەوەیە كە دەڵێت (تۆ ژنیت) یان (لەژن كەمتریت)، ئەم قسەیە ئەمەندە كەرامەت ڕوشێن و ئابرو بەرەیە چەندین پیاو لەسەر ئەم ئیدیۆمە یەكتریان كوشتووە، ئەوان هەموو شتێكیان قبووڵە تەنها ژن بوون نەبێت، گەورەترین عەیبە لە سەر شانی پیاو ئەوەیە پێی بڵێی وەك ژن ئەگری، یان وەك ژن ئەپارایەوە یان وەك ژن هیچی پێناكرێت.
هەر كاتێكیش بیانەوێت مێرخاسی خۆیان دەرخەن دەڵێن فڵان كەس پیاوە پیاو، یان فڵانە ژن لە دوای مردنی مێردەكەی وەك پیاو مناڵەكانی بەخێو كرد.

تاكی خێڵەكی هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە پیاویان پیاو ووتووە و ژنیان ژن ووتووە، كاتێكیش بیانەوێت هەرچی سیفەتی خراپە و خیانەت و ناپاكی هەیە بیدەنە پاڵ كەسێك پێی دەڵێن (ناپیاو)، بێ حورمەتی تاكی كورد بەرامبەر بە ژن دەگاتە ئاستێك دەڵێن (تەنانەت سەگیش بەژن ناوەرێت) واتە ئەگەر سەد قسەیشی كرد وەڵامی مەدەرەوە، ژن هیچ ئەرزش و پایەكی لە كۆمەڵگادا نیە، ئەگەر دوو پیاو لەسەر جادە بە ئوتومبیل بە یەكدا بدەن رەنگە یەكتر شل كوت بكەن بەڵام ئەگەر لەگەڵ ژنێكدا پێكدادان بكەن رەنگە یەكسەر لێی خۆش بن، چونكە پیاوی كورد هەمیشە پێی وایە سەگ یەخەی ژن ناگرێت ئیتر چۆن دەبێت ئەمی (پیاو) لەسەر جادە دەمەقاڵێ لە گەڵ ژنێكدا بكات .

تاكی نێرینە كاتێك لەنێوان خۆیاندا بیانەوێت یەكتری لە رووی دەروونەوە ئازار بدەن جنێو بە یەكتری نادەن، بەڵكو بە خوشك و دایك و خێزانی یەكتری دەدەن، كورد دەڵێ (لەقەی ماین ئێشی نایەت) واتە هەرشتێك كە ژن وتی ئیهمالی كە، چونكە هەر بەراستی لە كلتووری ئێمەدا ژن هیچ شوێنێكی نەبووە و نابێت، منداڵی كچ پێشوازی لێناكرێت چونكە (بەرمیلە بارووتە)، بەرمیلە باروتیش ئەشێ لە هەر چركەیەكدا بتەقێتەوە و شەرەفی تایەفەیەك نەهێڵێت، وەك كیژە كوردەی ماڵ لە نۆهەوار، بۆ ماچێك كڵاوی دەیان برا بكات خوار، بەلام تاكی خێڵەكی كاتێك كورەكانیان لەسەر بێ ڕەوشتیش لە زیندان دەگیرێت دەبێت ژن و كچەكانی ئەو دۆخە وەك هەڵەیەكی ژیان قبوڵ بكەن و بچن بۆ سەردانی بەلام كچ دەبێت یەكسەر بكوژرێت.

لە تاكی خێڵەكیدا پیاوەكان هەمیشە سەفەر بۆ دوور دەكەن و یەكەم هەواڵیش كە دەیپرسن مەلها و تیاترۆ خانە و شوێنی لەشفرۆشەكانە، خێزان ئەمەش دەزانێت و زۆرجار نێرینەی ناو خێزانەكان ئەمە بە شانازی لە نێوانی خۆیان دەگێرنەوە بەڵام باشترین كچەكانیان ئەوانەن كە تا ئێستاش رێگای بازاڕ نازانن، بۆیە من هیچ رێز و ئیحترامێك بۆ ئەم كلتوورە دانانێم و تۆ وەك (عەیبە)یەكی گەورە لە سەر شانم قبوڵ ئەكەم.