پرسی ژن

20/04/2021

هەلاڵە ڕافع
پرسی ژن، یەكسانی و مافی مرۆڤ بێگومان و بێ ئەملاو ئەولا پرسێكی سیاسیە.
بۆیە زۆر بەدڵنیاییەوە، یەكەم و گرنگترین فاكتەری وەستانەوە و نەهێشتنی ئەم دیاردە بەرفراوانەی كوشتنی ژنان لە كوردستاندا لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا، باوەڕێكی پتەو بە پرسی ژن و ئیرادە و ویستی سیاسی لە دەسەڵات و دامودەزگاكان دەوێت. 

كاتێك یەكێك لە كۆڵەكە بنەڕەتیەكانی هەردەسەڵاتێك پێشخستنی پرسی یەكسانی و دۆزی ژن نەبێت، میدیا و دامودەزگاكانیشی هەمان ڕێچكەیان دەبێت، ئەوكات مانشێتی كەناڵەكان، ڕۆژنامە و سۆشیال میدیاكانیان لەمانە تێناپەڕێ:
- ژنێك بێ تاوان كوژرا 
- لەسەرچی خوشكەكەت كوژرا؟ 
- بەهۆكاری كۆمەڵایەتی ژنێك كوژرا 
- ژنێك بەهۆی خیانەی زەوجیەوە كوژرا
- هەستت چیە كە كچەكەت كوژراوە؟ بە چ هۆكارێك كوژراوە؟
- ژنێك خوازبێنی ژنی دووەم و سێهەم بۆ مێردەكەی دەكات و زۆر خۆشحاڵە.
- فرەژنی بۆ چارەسەری قەیرەییە، مامۆستای ئایینی تۆ چی دەڵێی؟
... هتد.

كاتێك دەسەڵاتی سیاسی پرسی ژن و دیاردەی ژن كوشتن:
- بەپرسێكی نەك تەنها لاوەكی بەڵكو خستویەتیە پشت كەنوان.
- كاتێك ئەم پرسە بۆ ئاگرخۆشكردنی ململانێی نێو حیزبەكان بەكار بێت. 
- كاتێك هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی یەكەمی پرسی یەكسانی و نەمانی ژن كوشتن بخرێتە سەر ڕێكخراوەكان و پیاوان.
- كاتێك دەسەڵات لە جیاتی سودوەرگرتن لە ئەزمون و توانایی ڕێكخراوەكان بۆ چارەسەری كێشەكان ڕكابەری و ململانێیان لەگەڵدا بكات.
..هتد.

بۆیە بەتەمای چارەسەر نیە، گەر بیویستایە ئەوا دادگاكەی سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر هەموو ژن كوژاندا جێبەجێ دەكرد، بەبێ سات و سەودا كردن بە دۆسیەكانەوە هەرچارەی بەبەهانەیەك، هەر ئەمە خۆی هەنگاوێكی گەورە دەبوو بۆ كەمكردنەوەی دیاردەكە سڵەمینەوە لە كوشتن و هەنگاوێكیش بو بۆ هوشیار كردنەوەی كۆمەڵگا، تەنها ئەمەی بكردایە، لێرەدا باسی شتی تر ناكەم. 
جا پرسیارەكە ئەوەیە:
كاتێك ئیتر ژن كوشتن بووەتە دیاردەیەكی بەرفراوان و ئاسایی كراوەتەوە، دەبێت چی بكرێت؟