خوێندنی ئۆنلاین لەنێوان سەپاندن و سەركەوتندا

22/04/2021

ئەرسەلان پەرۆش
نالەباریی دۆخی تەندروستی و دیسانەوە هەڵكشانەوەی ڕێژەی تووشبوونبە ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد جارێكی تر دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاكان دابخاتەوەو ئەم جارەیان خوێندنی ئۆنلاین بەسەر قوتابیان و خوێندكاراندا بسەپێنێت.
ئەگەر خوێندنەوەیەك بۆ لایەنە باش و خراپەكانی خوێندن بە ئۆنلاین بكەین ئەوا دەگەینە ئەو بڕوایەی كە ئەو پرۆسەیە نەك هەر سەركەوتوو نابێت، بەڵكو دەبێتە هۆی كارەسات و ماڵوێرانی پرۆسەی پەروەردە، ئەو خوێندكارانەشی كە بە فعلی لێی سودمەند دەبن بە پەنجەكانی دەست ئەژمار دەكرێن.

پێش باسكردنی هەر لایەنێكی تر دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەگەر مامۆستا بیت ئەوا بەجوانی لەوە تێدەگەیت كە لەم ڕۆژگاری ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیایەدا چەندزەحمەتە كە تەنانەت لەناو پۆلیشدا بتوانیت خوێندكار بە بەئاگایی بهێڵیتەوەو وانە وبابەتی ڕۆژانەی بەجوانی تێبگەیەنیت، هەڵبەت مەبەست لەم قسەیە پەرت و بڵاوی بیری خوێندكارانە بەهۆی بەردەوام بەكارهێنانی تۆڕە جیاوازەكانی ئینتەرنێت و گەیمەكان و فلم و شەودرەنگخەوتنەوە، كە دواجار هەموو ئەمانە وا لە خوێندكار دەكات كاتێك ڕۆژانە لەناو پۆلدا دادەنیشێت، بەردەوام خەوی بێت و باوێشك بدات و وەك و جۆرێك لە سەرخۆشی لێبێت، مامۆستا كە ئاستەمە ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەناو پۆلدا ئەم خوێندكارانە تێبگەیەنێت، ئەی چۆن دەتوانێت لە پشتی پەردەوە(ئۆنلاین) ئاگای لە خوێندكارەكانی بێت و چاوی لەسەریان بێت؟!

ئەی خوێندكار كاتێك بەبێ دوودڵی و هیچ ترسێك لە مامۆستا بەدیار كۆمپیوتەر و مۆبایلەكەیەوە كە سەرچاوەی بەدبەختكردن و لەڕێدەرچوونیەتی دانیشتووە و دنیایەك تۆڕی كۆمەڵایەتی و چات و یاری و بەرنامەی جیاوازی لەبەر دەستدایە، چۆن ئەتوانێت تەركیز بكاتە سەر مامۆستاكەی و لە وانەكەی تێبگات؟

جگە لەوەش لەڕووی ئابوورییەوە ئەم پرۆسەیە كێشەیەكی گەورەیە بۆ زۆربەی خێزانەكان، چونكە تائێستا لەهەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری هاوڵاتیان توانای بەكارهێنانی ئینتەرنێتیان نییە بەتایبەت خێزانە كەمدەست و هەژارەكان، لەلایەكی تریشەوە ئەو خێزانانە توانای دابینكردنی چەند ئایپاد یان كۆمپیوتەرێكیان نییە، بەنمونە ئەگەر خێزانێك چوار خوێندكاری هەبێت ئەوا دەبێت چوار كۆمپیوتەر یان ئایپادیان بۆ بكڕێت، كە ئەمەش لە توانای ماددی زۆربەی خێزانەكان بەدەرە، هەموو ئەمانەش وادەكات هەموو خوێندكاران و قوتابیان نەتوانن وەك یەك سوود لە پرۆسەكە وەربگرن.

یەكێكی تر لە لایەنە خراپەكانی خوێندنی ئۆنلاین ئەوەیە كە مامۆستا ناتوانێت خوێندكار هەڵبسەنگێنێت، كە نەشتوانێت ئەوە بكات ئیتر چۆن دەتوانێت بیست نمرەی هەڵسەنگاندنی ڕۆژانەی بۆ دابنێت؟

ئەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوەش بكەم كە یەكێكلەو كارەساتانەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تووشی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بووە ئەوەیە كەساڵی ئایندە نەوەیەك لە قوتابیان دەچنە پۆلی سێیەمی بنەڕەت، بەڵام تەنانەت پیتەكانی ئەلف و بێی كوردیش ناناسنەوەو نایزانن، چونكە ئەو جیلە ساڵی ڕابردوو خراونەتە بەرخوێندن لە پۆلی یەكەم و دوای ماوەیەك پرۆسەی خوێندن پەكی كەوت و هیچ فێر نەبوون، ئەمساڵیش كە پۆلی دووەمن تائێستا تەنها دوو مانگ دەوام هەبووەو دیسان هیچ فێر نەبوون، ساڵی داهاتووش دەچنە پۆلی سێیەم، بەڵام تەنانەت ڕێنوسی كوردیش نازانن كە ئەمەش بۆخۆی كەوتنی یەكجارەكی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنە.

هەرچۆنێك بێت ئێستا لەهەرێمی كوردستان جگە لە پرۆسەی پەروەردە، هیچ شتێكی تر پەكی نەكەوتووە، كافتریاكان، چاخانەكان، چێشتخانەكان، مزگەوتەكان، زۆر شوێنی تری قەرەباڵغ و تەنانەت زانكۆ و پەیمانگاكانیش دەوام دەكەن. لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیاش پرۆسەی پەروەردە و خوێندنبەردوامە و دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاكان كراونەتەوە، بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە پێداچوونەوەی جدی بەو بڕیارەدا بكات و پرۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین هەڵوەشێنێتەوەو دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاكان بەڕووی قوتابیان و خوێندكاراندا بكاتەوە بۆئەوەی لەوەزیاتر ڕەوتی پەروەردە و خوێندن تووشی كارەسات و ماڵوێرانی نەبێت.