ئال پاچینۆ؛ ئایكۆنی سینەما و خاوەن میتۆدێكی تایبەت بە نواندن!

26/04/2021

شادمان محەمەد 
ئال، یەكێكە لەو ئەكتەرە سینەماییانەی كە لە رێی نواندن و فیلمەكانییەوە ئاشنا بووە بە بینەرانی كە رەنگە ئیتر زەرووری نەبێت بە تەواوی بچینە ناو وردەكاری ناوونیشان و ئەدرەس و ناوی فیلمەكانی و خەڵاتەكانییەوە! بەڵام بە بۆنەی (ڕۆژی لە دایك بوونیەوە) تەنها چەند گۆشەیەكی تری ژیانی هونەری تارادەیەك كەمبستراو دەخەینە ڕوو لەوانە؛ 
یەكەم؛ ئال پاچینۆ وەك میتۆدی نواندن- Method Actiing- واتا؛ دەتوانین بڵێن یەكێكە لەو ئەكتەرانەی كە بە شێوازێكی ئەكادیمی وانەی نواندنی لە ستۆدیۆكانی نواندن و هەروەها لەسەر تەختی شانۆوە ئەزموونكردووە و پاشان پەلی هاویشتۆتە ناو ئەزمنوونی جیهانی نواندن لە سینەمادا. وە سەردەمی دەركەوتنیشی لە نواندندا دەگەرێتەوە بۆ  سەردەمی پاش دەركەوتنی جیلی هاوشێوەی مارلۆن براندۆی ئەكتەری ناودار و هەرورها شانبەشانیش لەگەل هەریەكە لە ئەكتەرانی سەردەمی خۆی لەوانە؛ رۆبرت دی نیرۆ و داستن هوفمان.

دووەم؛ ئەكتەری هەڵگەراوە!
ڕۆن رۆزنباومی رەخنەگری ئەمریكی ئاكتینگی ئال پاچینۆی بەنواندنێكی دژبەیەك و هەڵگەراوە وەسفكردووە؛ واتا لە رۆلەكانیدا هەمیشە جۆرێك لە هەلگەرانەوە و قڵبوونەوە هەیە، گۆران لە هێزەوە بۆ لاوازی، پاشان بە پێچەوانەوە لە لاوازییەوە بۆ بەهێزی! وە باشترین دوو نموونەش رۆلەكانی بوو وەك كارەكتەرێكی سەرەكی لە هەردوو فیلمی (باوكی ڕۆحی) و (دۆگ دەی ئافتەرنوون..)

سێهەم؛ بەر لە سینەما عاشقی شانۆیە!
ئال پاچینۆ، تاكە چانسی دەركەوتنی لە ڕێی كارە شانۆییەكانییەوە بووە، بەردەوام لە وتار و قسە و دیالۆگ و دیمانە تایبەتەكانیدا دەچێتەوە سەر سەرەتای عەشبوونی خۆی بۆ جیهانی شانۆیی! ئال بە یەكێك لەو ئەكتەرانە سینەماییانە دادەنرێت كە پاش نزیكەی پەنجا ساڵ كاركردن ناوبەناو دەگەرێتەوە بۆ سەر تەختی شانۆ وەك ئەكتەر، بە پێچەوانەی مارلۆن براندۆوە كاتێك شانۆی جێهێشت ئیتر جارێكی دیكە نەگەرایەوە ناو بواری شانۆ..

چوارەم؛ هەمیشە بەرز ونزمی لە ئاست كارە هونەریەكانیدا هەبووە!
سەرەتای ساڵی حەفتاكان و بە دیاریكراوی لە پاش دەركەوتنی لە فیلمی باوكی ڕۆحیدا، ئال سەردەمێكی زێرینی هونەری دەستپێكرد بەجۆرێك ناوی لە گشت میدیا سینەماییەكاندا تەشەنەی سەند كە شانبەشانی رۆبێرت دی نیرۆ و مارلۆن براندۆ بیتە گۆرەپانەكەوە، بەلام لە سەرەتایی ساڵانی هەشتاكاندا دۆخەكەی پێچەوانە بۆوە بەهۆی بەشداریكردنی لە چەند بەرهەمێكی لاواز و خراپدا! بەلام ئەمەش زۆری نەخایاند جارێكی دیكە ئاست بەرزی لە كارەكانیدا گەرانەوەیەكی زۆر بەهێزی بەخۆیەوە دی و كە ئیتر  توانی ناوی لەنێوگۆرەپانە سینەماییەكە بسەلمێنێت! ئیتر لەسەرەتای سالانی نەوەدەكان بە دواوە سەردەمێكی زێرین و گەشاوە بوو بۆ ئال، بەتایبەت پاش دەركەوتنی لە چەندان فیلمی ناوازەدا لەوانە فیلمی (بۆنی ژن) كە لە ساڵی ١٩٩٢دا كە توانی بەگشت لایەكی بسەلمێنت كە ئال پاچینۆ ئەكتەرێكە خۆرسكانە بەهێز و خاوەن كارێزمایە، واتا بە چانس و لەخۆوە نەهاتۆتە ناو دونیا و بواری سینەما و نواندنەوە، بەڵكو تێكەلێكە لەبەهرەی فیترەت و ئەكادیمی بوون.

شادۆ - ٢٠٢٠