ئایین و هونەر

27/04/2021

هونەر تۆفیق 
پەیوەندی ئایین و هونەر هێندە گرێدراون زەحمەتە بزانرێت كە ئایا ئایین لەهونەرەوە هاتووە یان هونەر لەئایینەوە پەیدابووە ..
هیچ ئایینێك بەبێ كەلەپوور ( توراس) نیە . توراسی هەر ئایینێكیش بریتی یە لەو هونەرەی لە ڕێگای جوانیەكانی دەنگ و ڕەنگ و جوڵە و نووسینەوە خۆی نمایش دەكات . 
هەموو تەقسە ئایینیەكان لەڕێگەی هونەرەوە گوزارشی لێدەكرێت . 

ئەگەر جوانی جوڵە نەبایە ( نوێژ و شێوازەكانی تری عیبادەت ) تەنانەت تەواف ( سوڕانەوە بەدەوری كەعبەدا) نەدەتوانرا پەیوەندی ڕۆحی نێوان یەزدان و مرۆڤ دروست ببێت . 
 ئەگەر جوانی نووسین (خۆشنووسی) نەبایە ، نەدەتوانرا دەقە پیرۆزەكان وەك هونەر و ئایین بپارێزین .
ئەگەر جوانی و هونەری دەنگ نەبایە، تەراتیل و تەلاوەكانی دەقی پیرۆز كاریگەریە ڕۆحیەكانی بەسەر مرۆڤی ئیماندار و بێئیمانەوە نەدەبوو . 

هونەر و جوانی یەكێكە لەو كۆڵەكە سەرەكیانەی ئایینی لەسەر بیناكراوە. بەبێ هونەر ئایین نەیدەتوانی ئیدامە بەبوونی خۆی بدات و توراسی بیناسازی ( كڵێسا و مزگەوت ) و توراسی نووسین و توراسی دەنگ و جوڵە هەڵگری هەموو تەقسەكانی عیبادەت و خوداپەرستین . 

دژە هونەر بوون خۆی لەخۆیدا دژبوونە بە جوانی و ئیمان و ئایین. چونكە هیچ ئایینێك بەبێ هونەر بوونی نابێت .