قیادەی یەكێتی دوای كۆنگرە!!

28/04/2021

لێزان بەكر
لە بەردەوامی و گەرمەی جموجۆڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا، قیادەی یەكێتی دوای كۆنگرە خەریكی كردنەوەی پێشانگا و سەردانی گەلەری و پێشوازیكردنن لە یەكتری.
لەڕێگەی بەرژەوەندخوازەكانەوە پەردە لەسەر سەدەیەمین وێنەی (مام جلال) لادەدەن، ئەو سەد وێنەیەش بە تەنها لەشارێك!
هەشە نێوانی وێنەیەك لەگەڵ وێنەكەی تردا هەر چەند مەترێكە!
هەر ئەمەش دەبێت بە گەورەترین چالاكی هەفتەیەكی حزبەكەی (مام جلال) كە لە چەند كاتژمێرێك بەتەنها شیعە و سوننە لەژێر هەژمونی بەرژەوەندخوازی ئێرانی و ئەمریكی كۆدەكردەوە رازی دەكردن،كوردیش سەلامەت.

لەوپەڕی خراپی ژیانی خەڵك و بێباكی حكومەتی قاچاخچیان و ئاگربارانی سنورەكان قیادەی یەكێتی لە دوای كۆنگرە، خەریكی رێزلێنان و خەلاتكردنی یەكترین! جێماون و چەقیون بەو دەلیلەی (سایتی باس نیوزی پارتی) دەتوانێ لە رێی وتارێكەوە كە خودی نوسەرەكەش باوەڕی بە ناوەرۆكی وتارەكەی نیە، كەچی بۆ ماوەی مانگێك هەر هەموو قیادەی یەكێتی سەرقاڵ دەكا، لەولاشەوە چەند كەسێك لە قیادەی حزبەكە بە بەهاوار و هەرەشە وەلامی وتارەكە دەدەنەوە وەك ئەوەی سیاسەت و حزبایەتی تەنیا قسە بێت! بێئاگا لەوەی پارتی لەرێی نوسەرێكەوە هەموانی ماندو و سەرقاڵ كردوە.
ئەمانە و زیاتر بەهۆی غیابی فكری سیاسی و نەبوونی روگەی كاری رێكخراوەیی و لاوازی هەیبەتی مەعنەوی كەسێتی قیادەكە و ناروونی ئامانجی حزبەكەیە.