توندوتیژی خێزانی و كاریگەرییەكانی لەسەر منداڵان

28/04/2021

لازۆ ئازاد 
بەشی یەكەم
ئەم نووسینە دەروازەیەكی سەرەتاییە بۆ چوونە ناو بابەتی دیاردەی توندوتیژی خێزانی و كاریگەرییەكانی لەسەر منداڵان. ئاشكرایە ئەم دیاردەیە لە كوردستان دیاردەیەكی رۆژانەیەوە و بەجۆرێك ئاسایی بۆتەوە لە ناو خودی گەورەكاندا كە هەرگیز ڕەچاوی كاریگەرییەكانی ئەم توندوتیژییە لەسەر منداڵان ناكرێت و زۆربەی كاتەكان توندوتیژی بەرامبەر منداڵان خۆشیان لەلایەن باوانیانەوە بۆتە بەشێك لە كلتووری پەروەردەكردن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم دیاردەیە سەرەتا باسی ووڵاتێكی وەك بەریتانیا دەكەین كە بە بەراورد بە كوردستان لە هەموو ئاستەكاندا پێشكەوتووترە ، با بزانین ئامارەكان لە بەریتانیا چیمان لەم بارەیەوە پێدەڵێن.دیبەیت و توێژینەوەكان دەربارەی توندوتیژی خێزانی و كاریگەرییەكانی لەسەر ئەندامانی خێزان لە ڕۆژئاوا لە بوارەكانی ئەكادیمیا و لێكۆڵینەوە زانستییەكان بەردەوامن.

هەڵبەتە دیاردەی توندوتیژی خێزانی دەركەوتەیەكی نوێ نییە، بەڵام وەڵامدانەوە و خوێندنەوەكانی ئێمە بۆ ئەم دیاردەیە نوێیە. كەسانی گەورە ساڵ، بە تایبەتتر مێیینە قوربانی ئەم دیاردەیەن بەڵام زۆربەی كاتەكان منداڵانیش دەبنە قوربانی توندوتیژی خێزانی بە چەندین جۆری جیاواز.هەندێك لە لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو منداڵانەی لە ژیانێكی كێشەئامێزدان و ئەو خانەوادانەی كە توندوتیژی خێزانی تێدایە پێویستیان بە چاودێری تایبەتە. (گۆرین ٢٠٠٤)*توندوتیژی خێزانی كاریگەری ئێجگار نەرێینی و درێژخایەنی لەسەر منداڵان و گەنجان هەیە، لە چەندین ڕووەوە و بەتایبەتیش لە ڕووی گەشەكردن و تەندروستییانەوە بە گشتی. بێگومان كاریگەری نەرێنیشی هەیە لەسەر ئاستی فێربوون و خوێندنیان. ئەو منداڵانەی بینەری ئەو توندتیژییەن كە زۆربەی جارەكان بەرامبەر دایكیان ئەنجامدەدرێت زۆربەی كاتەكان خۆشیان دێنە ناو ئەم توندوتیژییەوە و تەنانەت هەندێك جار هەوڵی پاراستنی دایكیان یان خوشك و براكانی تریان دەدەن. هەندێك جاریش بە پێچەوانەوە خۆیان بەشداری توندوتیژیییەكە دەبن لە ژێر كاریگەرییەكانی كەسی توندوتیژ(باوك، نێر)دا (شارپێن،٢٠٠٩)*.یەكێك لە دیوە ئالۆزەكانی دیاردەی توندوتیژی خێزانی ئەوەیە كە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بە جۆر و فۆرمی جیاواز لە ژیانی خێزانەكاندا بوونی هەبووە. چەندین سەدەیە لە نووسراوە ئاینی و دۆكومێنتە مێژووییەكاندا ئاماژەی بۆ كراوە و بە بەردەوامی باسكراوە (دەیڤدسۆن، ١٩٧٧ لە كاڵدەر، هاڕۆڵد و هاوەرپ،٢٠٠٤)*.

هەربۆیە لە مێژەوە ئاماژە بە بوونی ئەم دیاردەیە لە ناو كۆمەڵگاكاندا كراوە بەڵام پێناسەكردن و شرۆڤەكردنی قورس و سنوورداربووە. دیارە ئەم دیاردەیە لە كوردستان بە چەندین فۆرمی جیاواز بوونی هەیە، هەندێك جار فۆرمی توندوتیژییەكە لە ئاستی یەك كەسدا (كەسی توندوتیژدا) نامێنێتەوە و ئەندامانی تری خێزانەكەش تا دەگاتە خزم و كەسوكاریش دەبنە بەشداربووی ڕاستەوخۆی ئەم كردە توندوتییژییە. دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە زۆربەی ووڵاتانی رۆژهەڵاتدا هێشتا لە ژێر چەندین بەهانە و پاساوهێنانەوەدا، نەك بەتەنیا ڕەوایەتی پێدەردێت بەڵكو یاساكانیش لەبەرامبەریدا نیانی دەنوێنن.

لە كۆمەڵگە كۆنەپارێزەكاندا لە توندویتژی خێزانیدا زۆربەی جارەكان بەتەنیا یەك كەس (نێر) بەتەنیا خۆی تاوانبارەكە نییە و بەڵكو زۆرجار كۆڵانێك، گوندێك، شارێك و كۆمەڵگایەك بەشداری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەكەن بۆ بەردەوامی دان بەم توندوتیژیە و ڕەوایەتیپدان و درێژەپێدانیشی.بەشێك لە فێمینیستەكان لەو باوەڕەدان كە توندوتیژی خێزانی لە دەرئەنجامی چەوساندنەوەی ژنانە لە لایەن پیاوانەوە لە سیستەمی سەرمایەداریدا كە پیاو تیایدا تاوانباری سەرەكییەوە و ژنانیش قوربانی (دۆباش و دۆباش، ١٩٧٩؛ واڵكەر، ١٩٧٩لە مێكفیل و ئەوانیتر). بە پێی ئەم تێڕوانینە توندوتیژی پیاوانە لە پەیوەندیی خێزانیدا پەیوەندی بەو جیاوازییە مێژوویی و چینایەتی و ڕەگەزی و هەنوكەییانەوە هەیە لە پەیوەند بە هێز و دەسەڵاتەوە كە ژنان تیایدا بە پلە دوو مامەڵە دەكرێن. هەروەها لە ڕێگای كۆنتڕڵكردنیانەوە لە ڕێگەی سێكس، ئابووری، زەبرو ئازاری دەروونی، شكاندنەوە و گۆشەگیركردنیانەوە پەراوێز دەخرێن (.(Domestic Abuse intervention project, ibid فێمێنیستەكان لە مێژە بەرەنگاری ئەو دەسەڵات و پێگە و ئیمتیازانە دەكەن كە پیاوانی كردۆتە سەردەستە و مرۆڤی توندوتیژو چەوسێنەر. هەروەها ئەو بیركردنەوە دەستەجەمعییەی كە گوایە توندوتیژی خێزانی كێشەیەكی تایبەت بە خێزان خۆیەتی و نابێت لە دەرەوەی خۆی قسەی لە بارەوە بكرێت.

هەر لەبەر ئەمەیە فێمێنیزم داوای چارەسەری كۆمەڵایەتی و درووستكردنی پرۆگرامی تایبەتی و دامەزراوەی تایبەت دەكات بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژی خێزانییان بەرامبەر كراوە. هاوكات چارەسەر بۆ ئەو پیاوانە و بەشداری سیستەمی داد كە پیاوان بەرپرسیار بكات لە بەرامبەر ئەم جۆرە لە هەڵسوكەوتكردنە. فێمێنیستەكان بڕوایان وایە زۆربەی ئەو كێشانەی ژنان هەیانە بە توندوتیژیشەوە بە هۆی كۆمەڵگەو كلتور و هەروەها هێزی سیاسیەوەیە كە پێویستی بە كردارە لە ئاستی گۆڕینی یاساكاندا. دیاردەی توندوتیژی و ئامارەكان لە ئاستی دونیادا چیمان پێدەڵێن:سلۆڤان،ئیگەن و گۆچ (٢٠٠٤) ئاماژە بەوە دەكەن كە ٢٧٥ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا و هەروەها ١٠ ملیۆن منداڵ لە ئەمریكا شایەدی بینینی توندوتیژی خێزانین.

هاوكات ستێفان (١٩٩١) دەڵێت بە نزیكەی ٣.٣ ملیۆن تا ١٠ملیۆن منداڵ ساڵانە لە ئەمریكا شایەدحاڵی توندوتیژی خێزانین. هەروەها ڕێكخراوی (Childrens Fund, 2006) ئاماژە بەوە دەكات كە نزیكەی ٢٧٥ ملیۆن منداڵ لەسەرتاسەری جیهاندا شایەدی بینینی توندوتیژی خێزانین لە ساڵێكدا. كاریگەرییەكانی توندوتیژی خێزانی لەسەر ئەو منداڵانەی شایەدحاڵی ڕوودانین زیانبەخشن و زۆرجار ئەم منداڵانە دەخاتە بەردەم مەترسی ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆشیان ڕووبەڕووی توندوتیژییەكە ببنەوە (Chamberlain,2001). لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە گەر منداڵان خۆشیان ڕاستەوخۆ قوربانی توندوتیژی خێزانی نەبن ئەوە زۆربەی كاتەكان لە ڕێگەی بینینی دایكیان\ باوانیان لە توندوتیژیدا لە ڕووی سۆز و لایەنی دەروونیەوە دەبنە قوربانی ئەم دیاردەیە. خاڵێكیتریش كە كاری لەسەر كراوە و ئاماژەی بۆ كراوە ئەوەیە كە منداڵانی كەمتر لە تەمەنی یەك ساڵیش كە توندوتیژیان بینیوە\بیستووە جیاواز لە منداڵانی تر لە ڕووی گەشە و خەوتن و تەندرووستیانەوە بە گشتی هەژار بوون و بەردوامیش قیژاندوویانە وگریاون (جێف و ئەوانیتر،١٩٩٠ لە هەمپرەیس ٢٠٠١). سەبارەت بە منداڵانی ژێر تەمەنی ٦ ساڵ، لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە منداڵانی ئەم تەمەنە بە جۆرێكی دی سەیری ڕووداوەكانی توندوتیژی دەكەن و پەیوەستی دەكەن بە خۆیانەوە و پێییان وایە ئەوان هۆكاری ئەو توندوتیژییەن كە لە ماڵەوە ڕوودەدەن. هاوكات ئاماژە بەوەكراوە كە ئەو منداڵانەی شەیەدحاڵی ئەم جۆرە توندوتیژییەن دەكرێت خۆشیان ببنە كەسێكی توندوتیژ و دژە كۆمەڵاتیەتی بن، بە بەراورد بەو منداڵانەی كە لەم جۆرە ژینگەیەدا ناژین (ماركەر و ئەوانیتر، ١٩٩٨). ڕێژەی نەخۆشییە دەروونییەكانی وەك خەمۆكی و تراوما و دڵەراوكێش لە ناو ئەم منداڵانەدا بەرزن (ماكلۆسكی و ئەوانیتر، ١٩٩٥). منداڵانێكیش كە شایەدحاڵی بینی ئەم دیاردەیەن بە خۆئازاردان بەتایبەت (بڕین و برینداركردنی خۆیان) وەڵامی ئەم حاڵەتە دەدەنەوە (ماكگی،٢٠٠٠). 
ئەم ژمارانە و ناساندنی ئەم كاریگەرییانە سەرباری راستی لە فاكتەكانیاندا زۆرجار هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لێییان گران و سەختە، چونكە پێویستە بتوانین جیاكاری بكەین لە نێوان ئەو كاریگەرییە نەرێنیانەی بینینن و بینینی توندوتیژی خێزانی درووستی دەكەن لەسەر منداڵان، لەگەڵ ئەو منداڵانەی كە خۆیان دەبنە قوربانی توندوتیژی و مامەڵەی خراپی دایك و باوكیان . بە بڕوای ئۆهارا (١٩٩٤) توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان تا ساڵانی ١٩٩٠ بابەتێكی پشتگوێخراو بووە سەرباری ئەو بەڵگانەی بەردەستبوون لە كەیسی ئەو منداڵانەی بەهۆی برینەكانیانەوە گیانیان لەدەستدابوو لە ساڵانی ١٩٨٠كاندا. هەروەها جەیمس ئاماژە بەوە دەكات كە لە توێژینەوەیەكدا كە لەسەر ٣٠ كەیس لە گیانلەدەستدانی منداڵاندا كرابوو، توێژینەوەكە ئەوەی خستۆتەڕوو كە پەیوەندی هەبوو لە نێوان مردنی ئەو منداڵانە و توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی بەرامبەر منداڵاندا. بۆ نموونە لە كەیسی كوشتنی منداڵانێكی وەك (ماریا، تۆنی، سوكینا و كیمبێرلی) لە بەریتانیا ڵێكۆڵینەوەكان ئەوەیان ئاشكراكردووە كە لە باكگراوندی هەموویاندا باوك\باوەپیارە توندوتیژی لە بەرامبەر دایكی منداڵەكەدا بەكارهێناوە.دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە بەریتانیا:دیارە لە ڕابردوودا ئەو پێناسەیەی لە لایەن حكومەتی بەریتانییەوە بۆ دیاردەی توندوتیژی خێزانی كرابوو تەنیا كەسانی ١٨ ساڵ و بەرەوە سەرەوەی دەگرتەوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣دا لە هەوڵەكانی حكومەتی بەریتانیدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و كچان ئەو پێناسەیە گۆڕانكاری بەسەردا هات، ئەم پێناسەیە ئێستا كەسانی ١٦ و ١٧ ساڵیش دەگرێتەوە. هەڵبەتە ئەم گۆڕانكارییە لە خۆیەوە ڕووینەداوە بەڵكو دوای پشتبەستن بە ئامارەكانی (توندوتیژی لە بەریتانیا لە نێوان ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠) كە تیایدا باس لە پەیوەندی نێوان گەنجانی نێوان تەمەن ١٦ بۆ١٩ ساڵ كرابوو و هەروەها بەو گرووپە ناسرابوون كە زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی تێدا بەرجەستە دەكرێت، هەروەها دوای پێستبەستن بەو كەمپینەی حكومەتیش كە بە ناوی كەمپینی (توندوتیژی لە پەیوەندی نێوان گەنجاندا)* ئەم گۆڕانكاریانە ڕوویاندا. ئامانجی گۆڕانكاری لەم پێناسەیە ئەوەیە كە گەنجانیش هۆشیار بكرێنەوە بەرامبەر دیاردەی توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی لە پەیوەندی بەیەكەوەبووندا (گۆڤ، ٢٠١٣).


پێناسەی نوێی حكومەتی بەریتانی بۆ دیاردەی توندوتیژی خێزانی:هەر ڕووداوێك یان زنجیرە ڕووداوێك لە كۆنتڕۆڵكردن، فشارخستنەسەر، هەڵسوكەوتی هەڕەشەئامێز، توندوتیژی و زەبروزەنگ لە نێوان ئەو كەسانەی تەمەنیان ١٦ ساڵ و بۆ سەرەوەیە، كە لە پەیوەندییەكی سۆزداریدان یان بوون لە نێوان دووكەسدا یان ئەندامانی خێزاندا بێ جیاوازی ڕەگەزیی و سێكسوالیتی. كە ئەم جۆرانەی خوارەوە دەگرێتەوە بەڵام سنووردار نییە تەنیا بۆ ئەمانە؛ دەروونی، جەستەیی، دارایی، سۆزداریی، سێكسوالی.هەروەها مولاندەر و هەمپرەیس (١٩٩٨ لە هەمپرەیس،٢٠٠١) لە پێناسەی توندوتیژی خێزانیدا دەڵێن (توندوتیژی خێزانی زۆربەی كاتەكان دووبارەبوونەوەی توندوتیژی جەستەیی، سێكسوالیی، سۆزداریی و ئیهانەكردن\سوكایەتی پێكردنە كە بەپێی كات گۆڕانكاری لە فراونبوون ولە دووبارەبوونەوە و خراپتربوونیدا ڕوودەدات.دیارە دیاردەی توندوتیژی كاریگەی خۆی تەنیا لەسەر گەنجان و كەسانی گەورە بەجێناهێڵت، بەڵكو منداڵانیش دەبنە قوربانی و چەندین گۆرانكاری نەرێنی لەسەر جەستە و دەروونیان ڕوودەدات.

هەر بۆیە گرنگە پارێزراوبن لە توندوتیژی خێزانی و هەموو جۆرەكانیتری توندوتیژی. لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە لە زۆربەی كاتەكاندا ئەو منداڵانەی كە لەو شوێنەن كە ڕووداوێكی توندوتیژی خێزانی تیایدا ڕوودەدات، خۆشیان ڕووبەڕووی توندوتیژیەكە دەبنەوە لە لایەن ئەو كەسەوە كە توندوتیژییەكە دەكات، یان كاریگەرییەكانی ئازاری بینینی توندوتیژی خێزانیەكەش لەسەریان ڕەنگەدەداتەوە ( ماكگی، ٢٠٠٠)لە لێكۆڵینەوەیەكیدا دۆباش كە لە ساڵی ١٩٨٤ دا كردوێتی ئاماژە بەوە دەكات كە لە %٥٢ ی كەیسەكانی توندوتیژی خێزانیدا، منداڵ لە هەمان شوێندا بوون كە توندوتیژی بەرامبەر بە دایكیان كراوە، واتە بینەر و بیسەری راستەوخۆی توندوتیژییەكە بوون (هەمپرەیس،٢٠٠٠) . بەهەمان شێوەش ڕێكخراوی (Womens Aid) لە بەریتانیا لە پێگەی فەرمی خۆی ئاماژەی بەوە داوە كە لە هەر ٧ منداڵ، منداڵێك واتە (%١٤.٢) منداڵ و لاوی خوار١٨ ساڵ لە ساتێكی ژیانی منداڵییاندا لە ناو توندوتیژی خێزانیدا ژیاون.هەروەها لە سەرژمێرییەكی ساڵانەی هەمان ڕێكخراودا بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە %٦١.٧ ی ئەو ژنانەی كە چونەتە شێڵتەرەكان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیان لەگەڵدا بووە. لە نێوان ساڵەكانی (٢٠٠٥- ٢٠١٥)، ١٩ منداڵ و دوو ژن كوژراون ئەمە تەنیا لەو كاتەدا كە پەیوەندیان لە گەڵ كەسی توندوتیژدا هەبووە و لەو بارودۆخانەدا كە پەیوەندی هەبووە بە دیداری (فەرمی یان نافەرمی) باوك لەگەڵ منداڵەكەیدا، (Womens Aid, 2016).كاریگەرییەكانی بینین و ئەزموونكردنی توندوتیژی خێزانی لەسەر منداڵان چییە؟لە ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی بێرنادۆسی بەریتانی لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاماژەی بەوە كردووە كە توندوتیژی خێزانی كاریگەری نەرێنی درێژخایەنی هەیە لەسەر منداڵان و تا گەورەبوونیش لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە، هاوكات دەبێتە هۆكاری نەتوانینیان لە درووستكردن و مانەوە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا. هاوكات كار دەكاتە سەر لاوازبوونیان لە باوەڕبوون بە خۆیان و جێگیرییان، هەروەها كاریگەری دەبێت لەسەر خوێندن و ئامانجەكانی داهاتوویان. هێستەر و ڕادفۆر (١٩٩٥) لە (كلیڤەر، ئاڵگەیت ئنێڵ١٩٩٩) دەڵێن بە گشتی دایك و باوكان هەوڵدەدەن منداڵەكانیان لە بینی ڕووداوی توندوتیژی و شەڕەكانیان بپارێزن. بەڵام هەندێك لە باوكان پێداگری دەكەن لەوەی منداڵەكانیان توندوتیژیكردن بەرامبەر دایكیان ببینین.

توێژینەوەكان بە گشتی باس لەوە دەكەن كە ئەو منداڵانەی ئەزموونی توندوتیژی یان بینینی توندوتیژی خێزانیان كردووە، نیشانەكانی ترس، بێدەسەڵاتی، خەمۆكی و خەمگینیان تیادا دەركەوتووە. هاوكات كاریگەری دادەنێت لەسەر پەیوەندیان لەگەڵ دایكیان و ئەندامانی تری خێزانەكەیان. لە قوتابخانەش كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر ئاستی ئامادەبوونیان لە وانەكانیان، فێربوونیان و هەڵسوكەوتیان(گۆرین، ٢٠٠٤).

دیوێكیتری كاریگەری ئەم دیاردەیە ئەوەیە منداڵان فێری بەقوربانیبوون دەبن، هەروەها فێری ئەوە دەبن كە زەبروزەنگ و توندوتیژی و تۆقاندن لە لایەن پیاوانەوە بۆ فراوانكردنی كۆنتڕۆڵكردن و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەندامانیتری خێزاندا نۆڕماڵە. ئەمە جگە لەوەی ئەوەش فێردەبن كە توندوتیژی شێوازێكی ئاسایی و قبوڵكراوە بۆ چارەسەركردنی كێشە لە پەیوەندییە نزیك و خێزانییەكاندا. بەشی دووەمی ئەم بابەتە دەربارەی ئەم دیاردەیە دەبێت لە كوردستان و بەشی سێییەم تیشك دەخاتە سەر شێوازی مامەڵەی گونجاو و تەندرووست لەگەڵ ئەو منداڵانەدا كە لە پەیوەندی خێزانی توندوتیژدان لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە.

پەراوێز و سەرچاوەكان*Gorin, S. (2004), Understanding what children say: Childrens experience of domestic violence, parental substance misuse and parental health problems.*Sharpen, J. (2009), Improving safety, reducing harm: Children, young people and domestic violence. A practical toolkit for front-line professional. Domestic Violence Project (GLDVP).*Calder, Harold and Howarth (2004), children living with domestic violence: Towards a framework for assessment and intervention. * McPhail, Busch, Kulkarin and Rice (2007), An integrative feminist model: the evolving feminist perspective on intimate partner violence.* Humphreys, (2001), The impact of domestic violence on children. In Foley, Rocher and Tucker. Children in society contemporary theory, policy and practice. * McGee, (2000), Childhood experience of domestic violence. *Womens Aid https://www.womensaid.org.uk/…*Cleaver, Aldgate and Unell (1999) Childrens needs parenting capacity: the impact of parental mental illness, problem, alcohol and drug use, and domestic violence on childrens development. HM Government (2013) New definition of domestic violence and abuse to include 16 and 17 year olds available from: https://www.gov.uk/…/new-definition-of-domestic…https://sites.utexas.edu/…/An-Integrative-Feminist…