زیانەكانی درەنگ خەوتنی منداڵ

28/04/2021

ئیدریس نوری
هەموساڵێك، بەهاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، گۆڕانگاری لەسەر كاتەكانی هەردوو پرۆسەی خواردن و خەوتندا،  بەشێوەیەكی بەرچاو ڕوودەدات، ئەویش بەهۆی ڕەمەزان و بەڕۆژووبوونی بەشێكی زۆری هاونیشتمانیانەوە.

ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، دایك وباوك، كاتێك بەڕۆژوودەبن، كاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان، لەسەرمنداڵەكانیان دروست دەكەن. ئەگەر هاتو كاریگەرییەكە جێگەی سوود و قازانجی منداڵ بوو، لێرەوە جێگەی دەستخۆشی یە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە، ئەگەرمنداڵ لەم مانگەدا، بەجۆرێك پەروەردە بكرێت، كە سیستەمی خەوی ناڕێك بێت وكاتەكانی خەوی مناڵان گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
بێگومان، خەو بەگشتی بۆمرۆڤ، وەك خۆراك گرنگە، بەتایبەت بۆمنداڵ، چونكە لەشی منداڵ لەلایەنی گەشەی مێشك وگەشەی جەستەیی، بەقۆناغێكی زۆر خێرادا تێ پەڕدەبێت، كەپێویستە دایباب، ئاگاداری ئەو قۆناغە هەستیارە بن.
هەتاتەمەنی منداڵەكە كەمتر بێت، پێویستی بەخەوی زیاترە، بۆنمونە:منداڵی چوارساڵە، پێویستی بە (11) كاتژمێرە، منداڵی تەمەن یانزەساڵ، پێویستی بە (9) كاتژمێرە، هەر وەك :چۆن شیری دایك، یەكێكە لەو خۆراكانەی كە هەتا ئێستا سەرەڕایی ئەو پێشكەوتنە مەزنەی كەلە زانستدا هەیە، نەتوانراوە جێگرەوەی دەقاودەقی پێكهاتەی شیر بدۆزرێتەوە، بەهەمان شێوە هەتائێستاش نەتوانراوە جێگرەوەی زووخەوتن بەهیچ دەرمانێك و ڕێگەیەكی تر پڕبكرێتەوە، چونكە زووخەوتن هۆكارێكی سەرەكی یە بۆدەردانی هۆڕمۆنی "میلاتۆنین" كە بە هۆڕمۆنی گەشە ناسراوە، ئەم هۆڕمۆنە، لە كاتی خەودا لە سێ یەكی شەو دەڕژێت، كەلێپرسراوی گەشەی هزرو عەقڵ و جەستەی مرۆڤە، بەتایبەت لەمنداڵ دا، درەنگ خەوتن دەبێتە هۆی بێ بەشبوون لەم هۆڕمۆنە، بێ بەشبوونیش لەم هۆڕمۆنە بێ گومان كۆمەڵێك زیانی بەرچاو بەدوایی خۆیدا دەهێنێت. توێژینەوەكان ئەوەیان سەلماندووە، كەمی یان نەمانی هۆڕمۆنی" میلاتۆنین " هۆكاری سەرەكی یە بۆ خەمۆكی و دڵەڕاوكێ وتوڕەیی و نەمانی بیركردنەوەی پێویست و تێكچوونی ژەمەخۆراك، كەمی گەشە لەباڵای منداڵاندا.

لەنوێترین توێژنەوەدا، ئەوە دەركەوتووە، درەنگ خەوتن لەشەودا دەبێتە هۆی لاوازی ئێسك، بەتایبەت لەڕەگەزی مێینە. 

لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت، ئایا ئەگەر هاتوو، منداڵ درەنگ خەوت، بەڵام درەنگیش هەستا قەرەبووی خەوی پێویستی بۆدەكرێتەوە؟
لەوەڵامدا، دەڵێن نەخێر، چونكە زووخەوتن، چانسی ڕژانی هۆڕمۆنی "میلاتۆنین" بەجەستە دەبەخشێت، واتە ئەم هۆڕمۆنە، درەنگانێكی شەو ناڕژێت.
جالێرەدا، پێویستە دایك و باوكانی خۆشەویست، كاتەكانی خەوی منداڵەكانیان ڕێكبخەنەوە، بەتایبەت لەم مانگەدا كەمانگی پیرۆزی ڕەمەزانە، زۆرێك لەدایباب بەهۆی عیبادەت، یان پڕكردنەوەی كاتەكانیان تاپارشێوو، لەسەیری تەلەڤزیۆن، یان كتێب خوێندنەوە، یان بەكارهێنانی ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا ...هتد . كەئەویش بەهۆی كورتی شەو تاپارشێو ناخەون، نابێت بەهیچ جۆرێك منداڵەكان شانبەشانی دایكان وباوكان نەخەون، لەكاتێكدا ڕەنگەبەهۆی نەخەوتنی منداڵان تا پارشێو، خەریكی پۆبجی، یان سەیری مۆبایل و ئایپادو بەسوود وەرگرتن لە ئینتەرنێت، كارەكە هێندەی تر قورستر بكات، چونكە زۆر بەكارهێنانی ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا بۆمنداڵان، زیانێكی گەورە بەگەشەی مێشك و چاو دەگەیەنێت.
هەربۆیە، پێویستە لەسەردایك وباوكان، جێگەی تایبەت وەك ژووری نووستن، لەكەشێكی ئارام و بێدەنگ و تاڕادەیەك تاریك، وەنابێت ئەو ژوورەی منداڵ تێیدا دەخەوێت، بەهیچ جۆرێك تەلەڤزیۆن و مۆبایل و ئایپادی لێ بێت، ڕۆڵی دایك وباوك لەم بابەتە دەبێت لەبەرچاو بگرین، تانەوەیەكی تەندروست و هۆشیار و دروست، پێ بگەیەنن.

بەهیوای فەراهەمكردنی ژیانێكی باشتر بۆڕۆڵەكانمان، تالەسایەی ئێمەی دایكوباوكانەوە، منداڵێكی پەروەردەی تەندروست، بخەینە كۆمەڵگەوە.

پرۆفایل:
ئیدریس نوری
ماستەر لەپەروەردەی تایبەت