شار و مەترسیی یەكڕەنگی

28/04/2021

بڕیار رەشید
1
شار لە پێناسە گشتییەكەیدا بریتییە لە شوێنێ نیشتەجێبوون و پێكەوەژیانی كۆمەڵێك مرۆڤ كە خاوەنی بیركردنەوە و دنیابینی جیاوازن، شار شوێنێكە بۆ گەشەسەندنی بیركردنەوە جیاوازەكان، واتە لە بنەڕەتدا دروستبوونی شار بەرهەمی فرەڕەنگی و جیاوازییە، هەركات گروپێك یان ڕەوتێك بیەوێت ئەم جیاوازی و فرەڕەنگییە لەناو ببات، پێكدادان و ناكۆكی دروست دەبێت، ئەمەش واتە لەناوبردنی پێكەوە ژیان و تێكدانی مانای ڕاسستەقینەی شار. جگە لە جیاوازی، ئازادی هەڵبژاردن سیمایەكی دیكەی شارە، مرۆڤی شارنشین پێویستە لەوە تێبگات كە هەركەسێك لە شاردا ئازادە كام ڕێگایە هەڵدەبژێرێت. لەبارەی ڕاستیشەوە گرنگە بزانێت ڕاستی بابەتێكی ڕێژەییە و هیچ كەسێك خاوەنی ڕاستی ڕەها نییە. سەرەڕای هەموو ئەمانە شار كاتێك دەكرێتەوە بە ڕووی جیهاندا، چەندین كەلتووری جیاواز دێتە ناوییەوە و گەشە دەكات.

2
ئەوانەی كە ناڕەزایی زۆریان دەربڕی لەسەر سەماكەی شەقامی سالمی شاری سلێمانی، دابەش دەبوون بۆ دوو گروپ، گروپێكیان بە بیانووی پێشێلكردنی كەلتووری كوردی ڕەخنەیان دەگرت، گوایە ئەمە لەگەڵ كەلتووری كوردیدا ناگونجێ. گروپەكەی دیكەش كە ئیخوانی و سەلەفی بوون، جگە لە پێشێلكردنی كەلتووری كوردی، وەك سووكایەتییەك بۆ ئایین و مانگی ڕەمەزان لە سەماكەیان ڕوانی و كاردانەوەیان بەرامبەری نیشان دا. من نازانم هەردوو گروپەكە مەبەستیان لە كەلتووری كوردی چی بوو، ئەگەر مەبەستیان لە داب و نەریت، شێوەی جلوبەرگ، ئاینداری بێت. حیجابی ئیخوانی، نیقاب و شەرواڵی كورت دەكەونە كوێی كەلتووری كوردییەوە؟ ئەگەر مەبەستیان لە ڕووتی و جلوبەرگ بێت، زۆر نا، تەنها پەنجا ساڵێك بگەڕێنەوە دواوە و سەیری جلوبەرگی ژنانی ئەم ناوچەیە بكەن. لەڕاستیدا شتێك كە شاراوە بوو لە پشت ناڕەزایی هەردوو گروپەكەوە ترسی كرانەوەیە بە ڕووی جیهاندا. بەڵام ترسی گروپی دووەم كە گروپێكی توندڕەوی ئایینییە لەوەش زیاتر بوو؛ ترسی پچڕانی مرۆڤ لە ئایین و هەیمەنەكەی، ترسی دووركەوتنەوەی گەنجان لە ئایینێك كە چەندین ساڵە وەك ئایینی زۆرینە دەسەڵاتێكی باڵای هەیە لە كۆمەڵگادا.

3
بیركردنەوەی توندڕەو، یان ئەو بیركردنەوەیەی كە تەنها خۆی بە ڕاست دەزانێت و ئەوی تر بە‌ ناڕاست، بیركردنەوەیەكە بە كەڵكی پێكەوەژیان و كۆمەڵگای مەدەنی نایەت. ئیدی ئەم بیركردنەوەیە ئایینی بێت یان نائایینی، جیاوازی نییە. بەڵام كاتێك بیركردنەوەی توندڕەو ئایینی بێت، مەترسییەكەی زیاترە لەسەر كۆمەڵگا و پێكەوە ژیان، بۆچی؟ چونكە ئەو بە ناوی خودا و پێغەمبەر و پیرزۆییەوە دەدوێت. زۆر جار خاوەنی ئەم بیركردنەوەیە لەوەش زیاتر دەڕوا و لە بری خودا بڕیار بەسەر خەڵكیدا دەدات، یان هەندێك كات دەقی ئاینەكەی خۆشی پێشێل دەكات، وەك ئەو نوێژەی بینیمان لە شوێنی سەماكە كرا، لەكاتێكدا بە پێی دەقی ئایینی نوێژ لەسەر ڕێگا و شوێنی هاتووچۆ دروست نییە. هەڵبەت بیركردنەوەی توندڕەوی ئایینی تەنها لەسەر بیركردنەوەی دەرەوەی ئایین مەترسی نییە، بەڵكو بۆ ئەوانەش دەبێتە مەترسی كە لە چوارچێوەی هەمان ئاییندان، بەڵام دیدێكی جیاوازییان بۆ ئایینداری هەیە. لێرەدا نموونەی ئەنسارولئیسلام دەهێنمەوە؛ كاتێك لە هەورامان بوون، مەترسییان تەنها لەسەر ئەو كەسانە نەبوو كە لە دەرەوەی ئایینن، بەڵكو بوونە مەترسی بۆ موسڵمانانی ئەو ناوچەیە، هەروەها مەزاری شێخەكانی تەریقەتی نەقشبەندیشیان هەڵدایەوە و بەشێك لە خانەقاكەیان تێكدا. 

4
هەندێك لەو كەسانەی تووڕە بوون بەرامبەر سەماكە، هەمان بیركردنەوەی توندڕەویان هەبوو، بەڵام هۆكاری تووڕەییەكەیان بەرامبەر سەماكە دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە لە ڕەمەزاندا كراوە. لەبەرئەوە وا تووڕە بوون، ئەمە جۆرێكە لە فریودانی خەڵك. چونكە ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵ پێشتر؛ ماچەكەی كامەران و یانتین لە شوێنی پەیكەرە سووتاوەكەی پاركی ئازادی، شانۆیی گروپی ئەستێرەكانی كەلار، گۆرانییەكەی ماریا، چەندین كاری تر، بینیمان چ هەرایەكیان لەسەر نرایەوە، بە تایبەت لە لایەن ئیسلامییەكانەوە چەندین سووكایەتیان پێكرا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە سووكایەتی چەندین مەلا دەبینین بە جلوبەرگی ژنان، شیعر، گۆرانی و موزیك ... هتد. واتە لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە بیركردنەوەیە كێشەی لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی جیاوازی دەرەوەی ئایین هەیە، دەیەوێ هەموو شوێنێك بە بیركردنەوەی خۆی ڕەنگڕێژ بكات. سەدان مزگەوت لە شاردا هەیە، بەو هەموو فەزایە ڕازی نابێت، بەڵكو دەیەوێت بچووكترین فەزاش كە هەناسەیەكی جیاوازی تێدا بێت بكاتە ڕەنگی خۆی. وەك نوێژكردن لە شوێنی سەماكە.

5
ئەوە بڕاوەتەوە كە لە ئاینی ئیسلامدا گۆرانی و موزیك، سەما و هەڵپەڕكێ حەرامە، بەڵام كەسێك كە هەڵگری بیركردنەوەی ئیسلامییە و لە شاردا دەژی، زۆر گرنگە لەوە تێبگات بازنەی شار لە بازنەی شەرع زۆر فراوانترە، شار بە پێوەری حەرام و حەڵاڵ ناچێت بەڕێوە، شار وەك چۆن مزگەوتی تێدایە، بەهەمان شێوە كڵێسای تێدایە، مەیخانەی تێدایە، هۆڵی شانۆ، كۆنسێرتی موزیك، سینەما و كتێبی تێدایە. شار جەستەیەكە؛ پێكهاتووە لە ڕەنگی جیاواز، لە بری ئۆكسجین ئازادی هەڵدەمژێت. هەر ڕەوتێك بیەوێت شار بكاتە ڕەنگی خۆی و ئازادییەكەی داگیركات، دەیكوژێت.