ئەردۆغان فرۆشتنی مەی قەدەغە كرد

7 رۆژ پێش ئێستا

كارزان گلی
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە بڕیارێكدا لەبارەی بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری بۆ ماوەی ١٧ رۆژ راگەیاند، بڕیارەكەش لەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت. ئەوەی بووەتە مایەی نیگەرانی بەشێكی زۆری هاووڵاتیان، قەدەغەكردنی فرۆشتنی مەیە لە ماركێت و دوكانەكانی تایبەت بە فرۆشتنی مەی.

ئەوانەی شەیدای خواردنەوەی مەیین، زۆر نیگەرانن لەو بڕیارە و دەڵێن ئەردۆغان پێشێلی ئازادییەكانمان دەكات، تەنانەت دەیان نووسەر كە بەشێكیان نزیكن لە پارتەكەی ئەردۆغانەوە، دژی ئەو بڕیارەن و پڕۆتستۆیان كردووە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی مەی دەخۆنەوە و، پێیان دەڵێت خواردنەوەی مەی ئەگەری تووشبوون بە كۆرۆنا زیاد دەكات و هەروەها مەترسی مردنیش بەرز دەكاتەوە.
ئەردۆغان لەسەر بنەمای زانیارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەو بڕیارەی داوە، بەڵام بڕیارەكە ناڕەزایی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.

چەند ساڵێك بەر لە ئێستاش، ئەردۆغان بڕیاریدا مەی لە سەعات ٨ی شەوەوە بە هیچ شێوەیەك لە ماركێت و دوكانەكانی مەی فرۆشتن نەفرۆشرێت، بەڵام هەزاران هاووڵاتی ئیستانبۆڵ دژی ئەو بڕیارە هاتنە سەر شەقام و شەراب و بیریان دەخواردەوە و دەیانگوت لە رقی ئەردۆغان دەخوێنەوە و كەس ناتوانێت مەی خواردنەوەمان لێ سنوودار بكات.

هاووڵاتیانی توركیا بەڕێژەیەكی بەرچاو مەی دەخۆنەوە، بەتایبەت ئەو شارانەی كەوتووەتە سەر دەریاوە وەكوو (ئیزمیر، ئەنتاڵیا، بۆدرووم، ئیستانبۆڵ، چەنكەلا...هتد)، بۆیە ئەگەر هەیە ئەم بڕیارەی ئەردۆغان وا بكات، خواردنەوەی مەی لە ماڵاندا زیاد بكات و، هەروەها فرۆشتنی مەی قاچاغ كە دەبێتە هۆی كوشتنی مەیخۆرەكان زیاد بكات.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، ئەگەرچی توركیا وڵاتێكی سیكۆلارە و سەرۆكەكەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی هەیە و بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت توركیا بكاتە وڵاتێكی ئیسلامی، بەڵام لە مانگی رەمەزانیشدا خواردنەوەی مەی و فرۆشتنی مەی بە ئاشكرایە و قەدەغە نەكراوە.