كێ لالیگا دەباتەوە؟

5 مانگ پێش ئێستا

زەردەشت عوسمان
چەند وەرزە لالیگا كە یەكێك لە بەهێزترین خولەكانی دونیا، ئاوا بەهێز و پڕ ڕكابەری نەبووە. ئەوەی چێژ و هێزی ئەم خولەی زیاتر كردوە ئەوەیە، ئێستا جەنگی نازناوەكە گەرم بووە كە وەرز بەرەو كۆتایی دەڕوات. 
لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو، یانەكانی تر شەڕێكی شەرمنانەیان كردوە بەرامبەر بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید، تا لە نازناوی لالیگا بێبەشیان بكەن. بەدەر لە ساڵی ٢٠١٤ ئەتلەتیكۆ مەدرید توانی لەناو ( نیوكامپ) نازناوەكە لە چنگی بەرشلۆنە بفڕێنێ . 

ئەم وەرزە تەواو جیاوازە، ئێستا چوار یانە ڕكابەری نازناوەكە دەكەن، چەند هەفتەیەكە ئیشبیلیە وەك ڕكابەرێكی نوێ بە بێدەنگی هاتۆتە ناو شەڕەكە. لەسەرەتاوە تیپەكەی سیمۆنی بەباشی دەركەوتن بەڵام دواتر، هەرچەندە لە ڕكابەرەكانی دوربوو، دۆخی تیپەكەی لەبار بوو بۆ نازناوەكە، لە ژێر  فشاردا نەبوون، هەر زوو لە جامی شا و خولی یانەپاڵەوانەكان ماڵئاوایان كرد. كەچی بە شێوەیەكی سەیر ئاست و ئەنجامی تیپەكە خراپ بوو، ئێستا سێ یانە دەوریان داوە، زۆری نەماوە لە عەرشەكەی دایبگرن.

لە دوای دواین، شكستی ئەتلتیكۆ مەدرید بەرامبەر یانەی بلباو، سیمۆنی دانی بەوەنا، هۆكاری عەقڵی گرنگترین شتە لە لالیگا، هەر تیپێك لە ڕووی زیهنی ئامادە و بەهێزبێت دەتوانێ لالیگا بباتەوە. ئەمە دەلیلی ئەوەیە ئەمان لە ئێستا ئەو ئامادەییەیان لەدەستداوە. سیمۆنی ئێستا بە تەواوی لە ژێر فشاری ڕكابەرەكانیەتی، گرنگی ڕاهێنەر و تیپەكەی لەم كاتانە دەردەكەوێ، ئەوەی دەگوزەرێ ڕوونە سیمۆنی و تیپەكەی بەرگەی پیاكێشان ناگرن، واتا فشارەكان پانی كردونەتەوە. ئەتلتیكۆ مەدرید دەبێت سەرجەم یارییەكانی خۆیی بباتەوە، تا ببێتە پاڵەوان.

دۆخی تیپەكان ئێستا جیاوازە، ئەمەش واتا ئەگەری گۆڕانكارییەكان زۆر بەهێزە. ئەگەر بە پێی دۆخی تیپەكان ڕیزبەندییەك بكەین، ئەوەی دەكرێ نزیك بێت لە نازناوەكە بە پلەیی یەكەم بەرشەلۆنەیە. لەناو ئەو چوار تیپەی ڕكابەری دەكەن، تەنها بەرشەلۆنە نازناوەكە لە نێو دەستی خۆیەتی. واتا ڕۆژی پێنج شەمە بە بردنەوە لە گرانادا، بەرشلۆنە دەڕواتە لوتكەیی ڕیزبەندی، ئیتر بە بردنەوەكانی خۆیی ئەنجامەكانی تر كاریگەری لەسەری نابێ. تەنانەت قورسترین یاری كە بەرامبەر ئەتلەتیكۆ مەدریدە، یەكسانیش بێت هێشتا نابێتە گرفت بۆی. دەكرێ بەرشەلۆنە ئەمە بكات، چونكە پێكهاتەكەی ئامادەیە، هەندێ لە یاریزانە سەرەكیەكانی بە بەراورد بە ڕابردوو، ئاستیان زۆر بەرز بووەتەوە، تیپەكە فشاری پاڵەوانێتی و یاری تری لەسەر نیە، یانەی بەرشەلۆنە وەرزێكی سەختیان هەبووە، لە دۆخێكی خراپ بوون، بە پێی كات ئاست و ئەنجامەكانیان بەرەو باش بوون چووە، ئەگەر نەتوانێ نازناوی لالیگاش بباتەوە تا ڕادەیەك ئاساییە و نیشانەی پرسیاری بە زەقی ئاڕاستە ناكرێت، ئەمەش لەڕووی دەروونیەوە یارمەتیدەرە بۆیان. كۆمان كاری باشی لە تیپەكە كردوە، سەرەتایی وەرز ناوەندی تەمەنی یاریزانەكانی بەرشلۆنە ٣١ ساڵ بوو، دەسپێكی وەرزەكە خراپ بوون، لە پلەی ١٢ی ڕیزبەندی بوون. ئێستا جەنگی نازناوەكە دەكەن، خاوەنی یەكێك لە باشترین هێڵی هێرشبردنن لەسەر ئاستی ئەوروپا، ٧٦ گۆڵیان تۆماركردوە. بەرشەلۆنە یەكەم یانەیە، لەساڵی ٢٠٢١ زۆرترین خاڵی بەدەست هێناوە لە خولی ئێسیپانی! بە پێی ئەو ڕاپرسیەیی لەنێوان هەندێ یاریزانی دێرن و شارەزا و شیكەرەوەی وەرزشی كراوە، بەرشەلۆنە شانسی یەكەمە بۆ بردنەوەی لالیگا. 

ڕیاڵ مەدرید وەك ناو و بوون بۆ خۆیی هێزە، هەمیشە لە هەركوێی بوبێت پاڵێوراوی بردنەوە و نازناوەكان بووە. ڕیاڵ مەدرید هەر چەند بە توندی كێبڕكێی دەكات بۆ لالیگا، بەڵام لەدەستدانی چوار خاڵ لەگەڵ دوو یانەی خراپ و مام ناوەند، ئەركی  تیپەكەی قورس كردوە، پێگەكەی دڵنیایی تیادا نیە، چونكە دەبێ سەرجەم یارییەكانی خۆیی بباتەوە، چاوەڕێیی شكستی دوو یانەی ڕكابەریشی بكات. لە كاتێكدا ڕیاڵ مەدرید دەبێت لەپاڵ یارییەكانی لالیگا، یاری قورس و بەهێز بەرامبەر چێڵسی بكات لە چوارگۆشەی زێڕینی خولی یانەپاڵەوانەكان. دۆخی ئەم وەرزە، كە كاتی یارییەكان نزیك بوون، كاریگەری زۆری هەبووە، بە دەلیلی ئەو پێكانە زۆرەی یاریزانان، ئەو ماندوویەتیەی یاریزانەكان كە لە تەماشایی یارییەكان دەكەین هەستی پێدەكەین. ئەمە لە ماوەی ڕابردوو بە ڕیاڵ مەدریدەوە بە ڕوونی دیاربوو، پێكانی زۆربوو، ماندویەتیان پێوە دیاربوو، بە تایبەت لەم دوویارییەی لالیگا. 

ئیشبلیە لە نازناوی لالیگا نزیكە، بەبێ هیچ فشارێك یاری دەكات، چونكە هەر گەشتن بە خولی یانەپاڵەوانەكان، ململانیەیی لالیگا، دروستكردنی مەترسی بۆ پێگەی یانە بەهێزەكان بۆخۆی دەسكەوتە. تیپەكەی لۆپیتیگی دوایی ئەوە لە چامپیۆنس لیگ كرایە دەرەوە، لە ٨ یاری لالیگا ٧ سەركەوتنی تۆماركردوە. ئیشبیلیە خاوەن گۆڵپارێزێكی زۆر ئاست بەرزە، یاسین بۆنۆ لەسەر ئاستی پێنج خولە بەهێزەكەی ئەوروپا، لە دوایی كۆرتاوا لە گەڕاندنەوەی تۆپ پلەیی دووەمی هەیە، بە ڕێژەی ٧٩٪‏ هەروەها پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵەكەی بە ڕێژەی ٪‏ ٤٨ ی یارییەكان. لە هێڵی هێرشبردن یانەكە خاوەنی  یوسف نصیریە، كە یەكێكە لە گۆڵكارەكانی ئەم وەرزە بە ١٧ گۆڵ . ئیشبیلیە دەبێ سەرجەم یارییەكانی خۆیی بباتەوە، چاوەڕێی شكستی ڕكابەرەكان بكات، بۆ ئەوەی لالیگا بباتەوە. هەرچەند ڕێگاكەی قورسە بەڵام مەحاڵ نیە.

ئێستا كاتە هەستیارەكەیە، پاڵەوان بوون تەركیز و ئامادەیی تەواوی دەیەوێ. ڕەنگە هەڵەیەكی كەسی،  هۆكاری لە دەستدانی نازناوەكە بێت، پێم وایە ئەوەی كاریگەری زۆری دەبێت و قسەی خۆی لەم چەند یارییەی كۆتایی دەكات، هێزی جەستەی یاریزانانە، ڕاهێنەر چۆن پارێزگاری لە هێزی جەستەی تیپەكەی دەكات؟ چۆن یاریزانەكانی لە یارییەكان بەكاردەهێنێ؟