دەزانن ئێمە نەخۆشكراوین؟؟

5 رۆژ پێش ئێستا

زەبەنگ بەهادین
ئەوانەی ئێستا زیندوون و لە ژیاندا ماون زۆرینەیان ئەوانەن كە چاویان بە دڵنیا هەڵهێنا ڕوو بە ڕووی جەنگی عێراق ئێران بوونەوە و چاویان بە نەماهەتییەكانی شەڕ هەڵهات، رۆژێك فڕۆكە بۆردومانی شارەكانی دەكرد رۆژێك تۆپباران بوو، لە لایەكی دی ترسی ئەوانەی لە ژێر ستەمی رژێمی بەعسدا دەژیان هەموو رۆژ چاوەڕێ بوون دەزگا داپۆڵێسەرەكانی رژێمی بەعس بێت و بیانگرێت، جا یان بە هەزار تكا و پاڕانەوە بەر دەبوو یانیش ڕاپێچی زیندان و پەتی سێدارە دەكرا، ئەوانەی لە گوندەكانیش دەژیان بێ بەش نەبوون لەم نەهامەتیانە لە گرتن و ئەنفال و ماڵوێران كردن.

ئەوانەی لە دوای ئەوان هاتنە دنیا چاویان بە نەبوونی و گرانی و شەڕی برا كوژی كرایەوە، رۆژێك ئەم حیزب لەوی ئەدا و ڕاوی دەنایە سەر سنوور رۆژێك ئەوی دی دەكەوتە گولە بارانی ئەوانی دی، هێندەی نەما بوو لەم دەردی سەریە رزگارمان بێت و ئاهێكی ئاسوودەی هەلمژین داعش هاتە گیانمان، لە سەرو ئەمانەش ئەو دەسەلات و حیزبانەی برایان كردە دوژمنی براكەی، كەوتنە ڕاو ڕووت و ماشینەوەی خێر و بێری ئەم ووڵاتە، ئێستاش گەندەڵی و نا دادپەروەری و نەبوونی هەلی كار و مافی ژیانێكی شایستە، تا ئێرە بەرگە مان گرت بەو ئازارانەی پێیدا تێپەڕین و بینیمان.

سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیانەی هاتنە رێگامان كۆرۆناش بووە مۆتەكەی دی و بەرۆكی گرتین، هەلبەت كۆرۆناش لە ژێر سایەی سیستمێكی حوكمڕانی شكستخوارد و دە هێندەی كە نەهامەتیەكان زیاد دەكات.
تەندروستیمان كەوتوە و باشەكانی بونەتە كەرتی تایبەت خوێندنمان هێندەی كە وێران بوو منال توشی ئیفلیجی بوو لە پەروەردە و فێركردندا، كێشە خێزانیەكان و كوشتن و خۆكوشتن و شەڕ رۆژ لە دوای رۆژ زیادی كرد.

كۆمەڵگایەك تاكەكانی بەمشێوەیە گەورە بوبێت چۆن دەتوانێت كەسایەتی تەندروست و ساغ بخاتە ژینگەوە، زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگا بە بەردەوامی لە ژێر فشارێكی زۆردا بوون و رەشبینی و بێئومێدییان بۆ دروست كراوە، ئەوەی لەم ژینگەیە دا گەورە بووبێت بە دڵنیایی ساخڵەم نییە چونگە ژینگەكەی ناتەندروست بووە هەر لە ساڵەكانی 1980 وە تاكو ئێستا.
دەبێت دانی پێدابنێین پێویستمان بە كەسانی شارەزا و پسپۆر هەیە تا هەنگاوەكانمان بۆ ڕێك بخەنەوە، پێویستمان بە كەسانی ئەكادیمی و زانستی هەیە تا دەست بخەنەسەر برینەكان و بتوانین سارێژی بكەین. تا بتوانین نەوەیەكی ساخلەم لەدوای خۆمان جێبهێڵن.
دەبێت دانی پێدابنێین و بزانین كەموكوڕیمان هەیە تا بەرەو چارەسەر بڕۆین، ئەوە ئەركی سەرەكی دەسەلاتە بە پلەی یەكەم لە ڕێگەی پەروەردەو فێركردنەوە چرای ڕۆشنگەری بخاتە نێو هەموو ماڵێكەوە. بەرپرسیارێتی گەورە لە ئەستۆی زانایان و پسپۆڕانی كۆمەڵگادا یە بە شێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی بابەتەكان ڕوون بكەنەوە و چارەسەرەكانی بخەنە روو، لەگەڵ هەموو ئەم قورسیانەدا دەبێت مرۆڤ بێئومێد نەبێت لە گرتنە بەری رێگاكانی فێربوون و تێگەیشتن، بە پلەی دووەم ئەركی پەروەردەی دایك و باوكە نەوەكانیان بە تەندروست گەورە بكەن هەر تاكێك لە خێزانێكدا گەورە بكرێت چی دەرچێت لە پاشدا دێتە كۆمەلگاو ئەو باشی و خراپی یەكانی بەسەر كۆمەڵگاكەدا ڕەنگ دەداتەوە لەگەل ئەمانەشدا هەموو تاكێ پێویستی بە خوێندنەوە پشت بەستن بە پسپۆڕی كۆمەڵایەتی شارەزا هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئاستەنگەكانی ژیان، لە هەمان كات بوونی ئومێد بۆ بنیاتنانەوە و پێشكەوتن .