كۆنیشانەی هەستیاری ریخۆڵە (كۆلۆن)

5 رۆژ پێش ئێستا

د.كۆیار شێركۆ
كۆنیشانە‌ی هەستیاری ریخۆڵە یان ئەوەی خەڵك پێی دەڵێن كۆڵۆن، نەخۆشییەكی باو و درێژخایەنە كە توشی ریخۆڵە گەورە دەبێت و كەسی توشبوو پێویستە بە بەردەوامی چاودێری نیشانەكانی بكات. ئەم نەخۆشییە زیاتر لە كەسانی خوار تەمەن 50 ساڵدا باوە و ژنان زیاتر لە پیاوان توش دەبن. ئەو كەسانەش كە نەخۆشییەكە لە ئەندامێكی تری خێزانەكەیاندا هەیە ئەگەری توشبوونیان زیاترە.

هۆكاری توشبوون بە كۆڵۆن ڕەنگە ناڕێكی گرژبوونی ماسولكەكانی ریخۆڵە بێت، هاوكات هەوكردن و بوونی بەكتریا لە ریخۆڵەدا هۆكارێكی ترە. بەڵام یەكێك لە هۆكارە زۆر گرنگەكان كە ڕەنگە هاوڵاتییان ئاگاداری نەبن، ئەو پەیوەندییەیە كە لە نێوان ناجێگیری لایەنی دەروونی مرۆڤ و نەخۆشی كۆڵۆندا هەیە و ئەو كەسانەی كە خەمۆكی، قەلەقی یان سترێستی دەروونیان هەیە زیاتر توشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
 
نیشانەكانی نەخۆشییەكە بریتین له ئازاری درێژخایەنی سك بە تایبەتی پاش خواردنی ژەمەكان، هەست كردن بە قورسی یاخود بوونی هەوا لە ناو سكدا. زۆرجار نەخۆش‌ پاش چونە تەوالێت هەست بە باشتربوون دەكات. قەبزی یاخود سكچوون یاخود هەندێكجار بوونی هەردوكیان لە هەمان كاتدا نیشانەیەكی ترە. هەندێك نەخۆشیش لە كاتی توشبوون بە نەخۆشییەكەدا بۆنی دەمیان ناخۆش دەبێت. یەكێك لە خاڵە جیاكەرەوەكانی ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشییەكانی تری ریخۆڵە ئەوەیە كە نیشانەكانی جێگیر نین، واتە دەكرێت لە ناكاو نەخۆش دۆخی زۆر خراپ ببێت و لە ناكاویش زۆر باش ببێت و نیشانەكان بە تەواوی نەمێنن.
 
كەسی توشبوو لە كاتی خواردنی چەور، قاوە و خواردنەوە گازییەكاندا نیشانەكانی خراپتر دەبن و گرنگە لە كاتی بوونی ئەم نەخۆشییەدا نەخۆش خۆی بە دوور بگرێ لەو خواردنانە.
 
ڕەنگە زۆر كەس لە ئێمە توشی ئازاری ناو سك یاخود ناڕێكی جوڵەی ڕیخۆڵە بووبێت،  بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە كەی سەردانی پزیشك بكەیت؟ بێگومان ئەم نەخۆشانە‌ پێویستە پزیشكی پسپۆری نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر بیبینێت و كۆمەڵێك نیشانەی ئاگادار كەرەوە هەن كە نەخۆش هەستی پێكردن دەبێت بە زوویی سەردانی پزیشك بكات، وەك،  كەمكردنی كێش، سكچوون له شەواندا، بوونی خوێن لە پیسایی نەخۆشەكەدا، ڕشانەوەی درێژخایەن و ئاستەنگی لە كاتی قوتتدانی خواردندا. 

ئەم كۆنیشانەیە بۆ خۆی نەخۆشییەكی مەترسیدار نییە بەڵام هەندێكجار نیشانەی چەند نەخۆشییەكی مەترسیدار هاوشێوەی نیشانەكانی كۆڵۆنن، بۆیە پێویستە نەخۆش بە زوویی پزیشكی پسپۆر ببینێت.
 
لە چارەسەری نەخۆشی كۆڵۆندا، خودی نەخۆش ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە چارەسەری نەخۆشییەكەدا، واتە جگە لەو دەرمانانەی پزیشك پاش هەڵسەنگاندنی نەخۆشەكە بە پێویستی دەزانێت بەكاربهێنرێن، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە شێوازی ژیانی نەخۆشەكەدا هۆكاری سەرەكین بۆ تێپەڕاندنی نیشانەكانی نەخۆشییەكە، ئەوانیش بریتین لە: 
-دوركەوتنەوە لەو خواردنانەی حاڵت خراپتر دەكەن
- كەمكردنەوەی قاوە و خواردنەوە گازییەكان و خواردنی چەور
-خواردنەوەی ڕێژەیەكی زۆری ئاو و شلەمەنی
-وەرزشكردن
-ڕێككردنەوەی خەو
- چارەسەركردنی قەلەقی و سترێسە دەروونییەكان