چۆن بەرهەم ساڵح، دەبێتەوە سەرۆك كۆمار؟

5 رۆژ پێش ئێستا

واژووكردنی وەرەقەی سپی لە پیناو گەیشتنەوە بە كۆشكی سەلام 
سەرتیپ قەشقەیی
مشتومڕی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، لە لایەن لە بەرهەم ساڵحەوە بۆتە باسوخواسی گەڕمی بەشێك لە میدیاكان، هەندێ لە میدیاكارە دیارەكانیش لە پێناوی مانەوەی هاوكارییە داراییەكانیان، دەیانەوێ حەقیقەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق و ئامانجی سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر بە لاڕێدا ببەن و بەشێوەكی دیكەی وێنای بكەن، بێ ئاگا لەوەی دەستەكەیان كەشفە و دواجار بۆ خەڵكی روون دەبێتەوە، كە بۆچی بەرهەم ساڵح لە هەولێر بو؟ 

وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق لە خولی رابردوو، لە لایەن بەرهەم ساڵح پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەبو، یەكەمیان؛ هەڵوەشانەوەی حزبەكەی (هاوپەیمانی نیشتیمانی) بوو، دووەمیان؛ یەكێتیی وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر فوئاد حسین، پێداگری توندی لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە كرد.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنێكی نوێ لە عێراق، بەرهەم ساڵح، مەترسی خەونی دووبارە بوونەوەی بە سەرۆككۆماری هەبو، ئەویش بەهۆكاری ئەوەی هەم یەكێتیی بە لایەوە گرینگ نەبوو جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح ببەنەوە ئەو شوێنە، هەمیش ترس هەبوو مەسعود بارزانی، جارێكی دیكە كاندیدێكی نوێ بباتە شوێنەكەی بەرهەم ساڵح.

بەرهەم ساڵح، هەر لەگەڵ دروستبوونی مەترسی بۆ سەر پۆستەكەی لە قۆناغی یەكەمدا و لە رێگەی بەشێك لە نوێنەرەكانی لە هاوپەیمانی هیوا (گروپی پانزدە) فشارەكانی بۆ سەر یەكێتیی و پارتی زیاد كرد، تارادەیەكی زۆریش توانی سەركەوتوو بێت، چونكە لە كۆبوونەوەی مانگی رابردووی "مێرگەپان" یەكێك لەمەرجەكانی هاوسەرۆكان بۆ دووبارە كاندید بوونەوەی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئەوەبو، كە دەبێت هاوپەیمانی هیوا لە رێگەی چەند كەسێكی نزیك لە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، تاوەكو كاریگەری لەسەر یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ نەبێت، دواجاریش ئەو گروپە پەرتەوازە بوون، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، هەریەكەیان بە سەربەخۆ، یاخود لە چوارچێوەی لیستی حزبەكەیان خۆیان كاندید دەكەن. بەشێكی ئەندامانی فراكسیۆنی هیواش باش دەزانن كە بەرهەم ساڵح چۆن لەو ماوەیەدا كڵاوی لەسەر ناون !!

راستە هاوسەرۆكان، لە مێرگەپان بەشێوەیەكی سەرەتایی جۆرێك دڵنیایان دابوو بە بەرهەم ساڵح، كە ئەگەر ئەو پۆستە بدرێتەوە بە یەكێتیی دووبارە كاندیدی بكەنەوە، بەڵام ناوبراو دڵی بەو بەڵێنەی یەكێتیی ئاوی نەخواردەوە، چونكە هێشتا ترسی لە مەسعود بارزانی دهەبوو رێگەی نەدات دووبارە بچێتەوە كۆشكی سەلام، هەربۆیەش بەو مانگی رەمەزانە خۆی گەیاندە سەری رەش.
بەرهەم ساڵح، ترسی هەبوو یەكێك لە بنەماڵەی بارزانی بچێتە ئەو شوێنە و ئیتر نەتوانێت دواتر كێبڕكێی لەگەڵ بكات، بەڵام ئەمجارەش پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ناوبراوی گەیاندە هەولێر و لای بارزانی.

ئەوە لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخەكە بێت، باش ئەوە دەزانێت كە بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییكی سیاسی و دبلۆماسی بەهێزیان هەیە. هەروەك چۆن لە رابردوودا نێچیرڤان بارزانی، نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركووكی تەسلیمی ماڵی مەسعود بارزانی كرد، ئەمجارەشیان هەمان شتی دووبارە كردەوە، بەڵام بەشێوەیەكی دیكە و بۆ ئامانجێكی دیكە.
لەوەتەی بۆتە سەرۆككۆمار، هیچ كات مەسعود بارزانی دەرگای بۆ بەرهەم ساڵح واڵا نەبووە، بەڵام ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ داڕشتنی سیناریۆ هاوبەشەكەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵحی هێنایەوە سەر یەك مێز.

پەیوەندیە بەهێزەكەی نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح، بۆ دوای مردنی نەوشێروان موستەفا دەگەڕێتەوە، چونكە ئەوكات نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح رێككەوتبوون، كە ناوبراو لە دوای مام جەلال نەوشێروان موستەفا خۆی ببێتە مەرجەع و نوێنەری دەڤەری سلێمانی، تەنانەت هاوكاری مادیشی لەو پێناوەدا خەرج كرد، بەڵام ناوبراو نەیتوانی هێزەكان لە دەوری خۆی كۆبكاتەوه و خۆی بە تەنها تەمسیلی ئەو ناوچەیە بكات.
رەنگە دەنگۆی چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بەشێك لە حەقیقەتی تێدا بوو بێت، بەڵام دواجار نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح خۆیان ئەو سیناریۆیەیان داڕشت، تاوەكو لە بەرامبەر سازشكردندا وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە  بۆ مەسعود بارزانی و یەكێتیی بكەنە ئەمری واقع.
نێچیرڤان بارزانی لەم قۆناغەی ئێستادا ئامادەیی نییە بچێتە بەغدا، بەڵام ئەوەی لەسەر نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ بەرهەم ساڵح بە زیادەوە كردی، چونكە سەردانی ئەو چەند رۆژەی سەرۆككۆمار بۆ هەولێر، دەرەنجامەكەی سازشكردنی ناوبراو بوو بۆ مەسعود بارزانی، لە پێناو دووبارە گەیشتن بە كۆشكی سەلام.
بەرهەم و نێچیرڤان، لەم یاریكردنەیاندا هەردوو ئامانجەكەیان پێكا، چونكە هەم توانیان بەجۆرێك لە جۆرەكان یەكێتیی بە بێدەنگی رازیبكەن بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی، هەمیش لە هەولێرەوە توانیان مەسعود بارزانی رازیبكەن.

ئێستا بەرهەم ساڵح، تاكە كاندیدی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانییە، لە بەرامبەردا ناوبراو هەموو گەرەنتییەكی داوەتە بارزانی بۆ هەموو شت بگەڕێتەوە لای ئەو، نەك وەك خولی رابردوو بە پێچەوانەی ئاڕاستەی سیاسەتەكانی بارزانی كار بكات.
بەرهەم ساڵح، دەیەوێ شەش مانگی دیكە دووبارە بچێتەوە كۆشكی سەلام، ئەگەر لە رابردوودا بۆ گەیشتن بە خەونەكانی سازشی بۆ یەكێتیی كردبێت و بەسەر پشتی هاوڕیكانیدا رۆیشت بێت، ئەمجارە لە رێگەی نێچیرڤان بارزانی بە واژوكردنی وەرەقەی سپی بۆ مەسعود بارزانی ئەو كارەی دووبارە كردەوە ؟!