هۆكارەكانی ڕاچڵەكین و لەرزین لەكاتی خەودا

4 رۆژ پێش ئێستا

د. هەڤین كەمال شاه
توێژینەوەكان دەڵێن لە ٧٠٪ ی خەڵك تووشی ڕاچڵەكین و لەرزین دەبن لەكاتی خەودا، ڕاچڵەكین و لەرزین لەكاتی خەودا لەئەنجامی گرژبوونی ماسولكەكانەوە ڕووئەدەن بەشێوەیەكی لا ئیرادی كاتێك كەسەكە بێ ئاگایە . 
ڕاچڵەكین زیاتر لەهەموو جەستەدا ڕووئەدات كاتی خەو، بەڵام هەندێك جاریش لەوانەیە تەنیا بەشێكی لەش بگرێتەوە وەكو: قۆڵەكان، قاچ، هەندێك جاریش كەسەكە لەوانەیە دەنگێكی لێوە بێت یان بقیژێنێت . هەندێك جار كەسەكە لەخەو هەڵدەستێنێت و هەستی كەوتنەخوارەوەت لا دروست دەكات . 
زۆرێك لەتوێژینەوەكان دەڵێن ئەم جوڵە و لەرزینە لەئەنجامی خاڵیبونەوەی بارگەی كارەبایە لە دەمارەكاندا، كەبەشێوەی سیگناڵ بۆ مێشك دەڕوات و مێشكیش بە شێوەی جوڵەیەك دەریدەبڕێت . 

هەتا ئێستا هۆكاری تەواوی ئەم كێشەیە نەزانراوە ، بەڵام هەندێك تێۆری هەیە كە دەڵێت لەوانەیە بەهۆی ئەم هۆكارانە بێت : 
١- دوو دڵی و سترێس: 
ئەو شێوازی ژیانەی ئەمڕۆكە پیایدا تێپەڕدەبین و پڕە لە سترێس و دڵەڕاوكێی و دوودڵی و ماندووی زۆر، كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر كاتی پشودان و خەوتنمان. لەبەرئەوەی سترێس و شڵەژانی باری دەروونی مێشكمان بە ئاگایی دەهێڵێتەوە، كەئەمەش وادەكات مێشك سیگناڵی كارەبایی بنێرێت بۆ دەمار و ماسولكەكان، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاچڵەكین و گرژبوون . 

٢- بەكارهێنانی زۆری وریاكەرەوەكان: 
كافایین و نیكۆتین كاریگەرییان هەیە لەسەر توانای لەش بۆ خەوتن بە شێوەیەكی سروشتی، یاخود توانای مانەوە لەخەودا بۆ كاتی پێویست. ئەم وریاكەرەوانە وادەكەن كە مێشكی مرۆڤ پشووی تەواو نەدات و نەچێتە قۆناغی خەوی قوڵەوە . 

٣- ئەنجامدانی وەرزش:
ڕوونە كە وەرزش كاریگەرییەكی باشی هەیە لە چالاككردنی لەش و جەستە، بەڵام ئەنجامدانی لەكاتێكی درەنگی ئێواراندا و نزیك كاتی خەو، وادەكات جەستە نەتوانێت پشوو بدات لە كاتی خەودا، كەئەمەش دەبێتە هۆی ڕاچڵەكین و لەرزین . 

٤- هەندێك خووی خراپی خەوتن:
هەندێك خووی خراپ پێش خەوتن یاخود لەكاتی خەوتندا، بۆ نموونە ؛ خەوی ناڕێك و پچڕ پچڕ، درەنگ خەوتن، بەكارهێنانی ئامێری زیرەك پێش خەوتن ...هتد. ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ڕاچڵەكین لە كاتی خەودا . 

چۆن خۆمان بپارێزین لە ڕاچڵەكینی كاتی خەو؟ 
ڕاچڵەكین لەكاتی خەودا، مانای ئەوە نییە ئەو كەسە نەخۆشە، بە هەندێك گۆران لە شێوازی ژیان و لایف ستایلدا، دەتوانرێت ڕاچڵەكین و گرژی كەمبكرێتەوە. ئەمەش هەندێك ئامۆژگارییە بۆ كەمكردنەوەی لەرزین و ڕاچڵەكینی كاتی خەو: 
١- دووربكەوە لە كافایین:
بەتایبەت لە كاتی پێش خەودا، كە تەحفیزی مێشك دەكات و وادەكات مرۆڤ بە ئاگا بێت، هەر بۆیە دەبێت كەمبكرێتەوە بە ڕێژەیەكی بەرچاو. باشترە ئاو و چا ڕووەكیەكان بخورێت لەو كاتەدا. 

٢- دوور بكەوە لەئەنجامدانی وەرزش بەشەو:
وەرزشكردن كارێكی بەسوودە ، بەڵام ئەنجامدانی لە كاتی شەودا و نزیك كاتی خەو، ئەگەری گرژبوونی ماسولكەكان زیاد دەكات و ئەمەش ڕاچڵەكین زیاد دەكات لە كاتی خەودا . باشترە وەرزش لە بەیانیان زوودا ئەنجامبدرێت و لەژێر تیشكی خۆردا، كە ئەمە وادەكات خاوبوونەوەی ماسولكەكان زیاتر بێت لە كاتی پێش خەوداو خەویش قوڵتر بێت . 


پرۆفایل:
د. هەڤین كەمال شاه محمد
پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بێهۆشكاری 
ئەندامی پڕۆڤیشناڵی ئەكادیمیایی ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن