نوێژی تۆ و سەمای من

3 رۆژ پێش ئێستا

ڤینۆش فایەق
بۆ ئەوە نا بە تەنهایی كاتێك ببڕێنمەوە، یان لەگەڵ كەسێك كات بەشكەم، گوێ لە مۆسیقا دەگرم، بۆ ئەوەش نا كارێكی هونەریە و ستایشی هونەرمەندەكە بكەم. گوێگرتن لە مۆسیقا پێویستیە، چۆن گەدەم كە بەتاڵ دەبێتەوە خۆراكی تێدەكەم، هەرواش هەموو حەواسم لە مۆسیقا پڕدەكەم.. هەندێجاریش بە هێندەی زیكر جەستە پێویستی بە سەما دەبێت، بەڵام چ سەمایەك؟ ئەو سەمایەی رۆح تێردەكات و لە ناو سروشتێكی ئیلاهیدا نوقمی دەكات..

سەما، بە مانا باڵا و فەلسەفیەكەی وەك ئەوەی سۆفیەكان، مەبەست لێی بێدەنگكردنی شەهوەت و ویستە تایبەتەكانە، بە گوێگرتن لە خودا و مۆسیقا و بیركردنەوە و خولانەوە بە دەوری خۆتدا كە ماناكەی لە خولانەوەی هەسارەكان بەدەوری خۆردا وەرگرتوە، و پێش و پاش سەمای سۆفیانیش مرۆڤایەتی بە سەماكردن ئاشانبوە و پەرەی پێداوە.. 
نیتشە دەڵێت "بەبێ مۆسیقا، ژیان دەبێتە هەڵەیەكی گەورە.".. سیحری مۆسیقا لەوەدایە، هەروەك چۆن مەلەوان خاوەن قەوامێكی رەشیق و جوانە، ئاواش ئەوەی مۆسیقا دەژی خاوەن كەسایەتیەكی رەشیق وجوانە. هەروەك خوداپەرستێكی نوورانیی بێ خەوش كە لەسەر بەرماڵ یان لەناو ماڵی خودادا تەنها سەرقاڵی پتەوكردنی ئەو پەیوەندیە ئەفسوناویەیە لەگەڵ خودادا، سەماكەریش بە مانا باڵا و بێ خەوشەكەی هەوڵدانە بۆ بەرزكردنەوەی رۆح بۆ جیهانێكی باڵا مرۆڤ تیایدا دەگاتە پلەی خوداوەند..

ئاخر ئێمە لە هەموو ئەوەی لە ژیانماندا دەیكەین رێگایەك بەرەو لای خودایەك رادەخەین، ئیتر بە مۆسیقاژەنین یان نوێژكردن یان سەماكردن بێت، لە كۆتاییدا خۆراك بە رۆحمان دەدەین. چۆن نوێژكردن رۆحی عیبادەت و خوداپەرستیە، مۆسیقا رۆحی گەردوونە، ئەو دوو باڵەیە كە پێی دەفڕین و ژیان لە شتە مردوەكانیشدا دەدۆزینەوە.. 
چجای كە هەموو جەستەت گوێ لە مۆسیقا بگرێ، ئاخر ئەوەی دەزانێ مۆسیقا چیە تەنها بە گوێچكەكانی گوێی لێناگرێ، هەموو حەواسی بەشداری پێدەكات لە چێژبینین لە سیحرەكەی. ئیتر كە گوێ لە هەندێ مۆسیقا دەگری ناتوانی جەستەت نەجوڵێنی، ناتوانی نەچیتە جیهانێكەوە لە جیهانی سوفیان دەچێت. 

ئەحلام مستەغانمی لە یەكێك لە رۆمانەكانیدا دەڵێ: "نەكەی سەكۆی سەما جێهێڵی، بۆ ئەوەی ژیان جێت نەهێڵێ". "سەكۆ" وشەیەكی مەجازیە، هەر شوێنێك و هەر كاتێك كە تەنها خۆشت بوویت جەستەت بجوڵێنە، مۆسیقا بەردەوامی بە زیندوویی جەستە و رۆحمان دەدات، رۆح و بیركردنەوەمان تازەدەكاتەوە.. وایدانێ مۆسیقا لە دونیادا نەبێت، ژیان لەسەر ئەم زەویە چەند بێزاركەر دەبوو. دەنگی بەریەككەوتنی گەڵاكانی درەختەكان و ئەو بایەی ئەو گەڵایانە دەجوڵێنێ و جریوەی چۆلەكە و قاسپەی كەو، خوڕەی ئاوی روبارەكان و تەنانەت هاڕەی ئۆتمبیلەكانیش كە بەلاماندا تێدەپەڕن و دەنگی هەنگاوی پیادەكانیش هەمووی مۆسیقان. ئەگەر ئەم دەنگانە نەبوونایە ژیان چ دۆزەخێك دەبوو.. 

جەلالەدینی رومی خۆشەویستی و سەماكردن و مۆسیقا لە وتەیەكیدا زۆر جوان بەیەكەوە دەبەستێتەوە دەڵێ: بەبێ خۆشەویستی هەموو مۆسیقاكان تەنها خشەخشن و هەموو سەماكردنێكیش شێتیە و هەموو خواپەرستیەكان بێگاریە.". ئاخر ئەگەر خۆشەویستی خودا نەبێت چی وا لەو دەروێشانە دەكات بەو جۆرە سەما بكەن و هەموو جەستەیان لە جێگەیەك و رۆحیان لە جێگەیەكی تر زیكر دەكەن؟. رومی كە باوەڕی بە مۆسیقا و شیعر و سەما هەبوو بۆ گەیشتن بە خودا دەڵێ: "ئەو كەسە نامرێ كە چێژ لە سەما دەبینێ." هەروەها دەڵێ: گوێ لە شمشاڵ بگرە چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە، و شكایەتی ئازارەكانی لێكدابڕان دەكات، 

خۆ ئەگەر ئێمە تەنها بۆ خۆمان نوێژ بكەین و سەمابكەین، یان نوێژ و سەما هەریەك لە جێگەی شیاو و لایەق بە خۆیان كران ئیتر نە نوێژی تۆ بۆ تووڕەكردنی من دەبێت و نە سەمای منیش بۆ بێزاركردنی تۆ دەبێت.