بۆچی ژیان موعجیزەیە..؟

3 رۆژ پێش ئێستا

لوقمان حەوێز...
سەرسوڕهێنەرترین دیاردەی نێو گەردوون ژیانە، ژیان تاكە پێكهاتەی نێو گەردوونە كە ڕووبەڕووی هێز و یاساكانی نێو گەردوون دەبێتەوە، بە بەردەوامی لە ململانێدایە لەگەڵ یاسا و هێزە فیزیاییەكان، زۆربەی جارەكانیش بەسەریاندا زاڵ دەبێت، چۆلەكەیەك دەتوانێت ململانێ لەگەڵ هێزی كێشكردندا بكات و لەنێو هەوادا بەرزبێتەوە، بۆ ئەو ماوەیەی بیەوێت دەفڕێت و دەمێنێتەوە، بەردێك كە بێ گیانە یەكسەر دەكەوێتە خوارەوە، هیچ بڕە بارستە و ووزیەكی نێو گەردوون جگە لە پێكهاتەكانی ژیان ناتوانێت ڕووبەڕووی هێز و یاسا سروشتیەكان ببێتەوە...

ژیان تا ڕادەیەكی زۆر خاوەن ڕەفتاری ئازادە، بیردەكاتەوە، بڕیار دەدات، دەتوانێت بڕیارەكانیش جێبەجێ بكات...
ژیان زیرەكە، دەتوانێت خۆی كۆپی بكاتەوە، زۆر دەبێت و نەوە دەنێتەوە، بەردەوامییش دەدات بەخۆی، توانای خۆ گونجاندنی هەیە لەگەڵ دۆخە ژینگەییە جیاوازەكان...
زۆربەی فۆرمەكانی ژیانیش بەئاگان، ئێمەی مرۆڤیش كە بەشێكین لە ژیان جگە لەوەی بەئاگاین زۆر زیرەكیشین، خاوەن بەهێزترین و سەرسوڕهێنەرترین كۆمپیوتەری بایۆلۆژین كە مێشكە، دەتوانین لەخۆمان و ژیان و گەردوونیش بكۆڵینەوە...

لەهەمووی سەرسوڕهێنەرتر ئەمەیە: ژیان زانیاریە..! چۆن..؟
هەموو پێكهاتەكانی ژیان لە خانە پێك دێن، لەنێو هەر خانەیەكی زیندوو ناوك هەیە، لەنێو ناوكی هەموو خانەیەك كرۆمۆسۆمەكان هەن، كڕۆمۆسۆمەكان لە جینۆمەكان پێك دێن، جینۆمەكانیش لە DNA یەكان پێك دێن، ئەو DNA یانەش بەشێوەی زنجیرەن و لە ڕیزبەندی ئەتۆمەكانی پێنج توخم پێك دێن كە بریتین لە: كاربۆن، هایدرۆجین، ئۆكسجین، نایترۆجین، فۆسفۆر، ڕیزبەندی ئەتۆمەكانی ئەو پێنج توخمە بەشێوەی جیاواز جیاواز دەبێتە هۆی ئەوەی توانایەكی زۆر زۆر بەهێز و بێ وێنەی هەبێت لە هەڵگرتنی زانیاری، توانای DNA یەكان لە هەڵگرتنی زانیاری ئەوەندە بەهێز و زۆرە ئەگەر بەراوردی بڕێكی زۆر كەم لە DNA بكەین لەگەڵ ئامێرێكی دیجیتاڵی هەرە پێشكەوتووی ئەمڕۆ لەوانەی كە بۆ هەڵگرتنی زانیاری بەكاریان دەهێنین وەكو مێمۆریەكان بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە توانای DNA ملیۆنەها جار زۆرترە لەڕووی هەڵگرتنی بڕی زانیاریەكان...

بۆ زانیاریشتان، لە داهاتوویەكی تا ڕادەیەك نزیكدا هەرچی زانیاری دیجیتاڵی كە هەمانە لە ئەمڕۆدا لە ڕێگەی DNA هەڵدەگیرێت، زۆر سەرسوڕهێنەرە، بۆ نمونە بڕی یەك سانتیمەتر سێ جا لە دی ئێن ئەی بەكتریاكان توانای هەڵگرتنی دە توان نۆزدە بایت لە زانیاری هەیە، بۆ ئەوەی بزانن ئەو بڕە چەندە زۆرە ئەم نمونەیەتان بۆ دەهێنمەوە: هەرچی زانیاری دیجیتاڵیمان هەیە لە ئەمڕۆدا لەسەر هەسارەكەمان دەتوانین لە یەك مەتر سێ جا لە DNA هەڵی بگرین..! لە ئێستادا هەموو ئەو زانیاریە دیجیتاڵیانەمان لەسەر دەیەها ملیۆن هارد درایڤ هەڵگرتووە، ئەگەر هەموو ئەو هارد درایڤانەش كۆبكرێنەوە ئەوەندەی گردێك یان شاخێكی بچوك دەبن، ئەی ئەو بڕە زۆرە لە وزەی كارەبا كە بەكاری دەهێنن..! 
زۆر لەوەش سەیرتر، زانیاریەكانی سەر DNA یەكان لە دۆخی گونجاودا دەتوانن تا نیو ملیۆن ساڵ بمێننەوە دوای مردنی خانەكەش بەبێ ئەوەی ڕیزبەندی زانیاریەكانی سەریان تێك بچێت..!!! چ هارد درایڤ و كارتێكی مێمۆری دەتوانێت ئەوە بكات..!!!
لەبەر هەموو ئەو هۆكارانەی سەرەوە من دەڵێم ژیان موعجیزەی نێو گەردوونە..!