شۆڕشێكی مەزن بەڕێوەیە لە سعودیە!

3 رۆژ پێش ئێستا

محەمەد هەریری
هەرچەندە زۆر دڵخۆشم بۆ ئەو گۆڕانكارییە ڕەگوڕیشەییانەی سعودیە لەسەر دەستی محمد بن سلمان جێنشینی شای سعودیە، چونكە بنبڕبوونی تووندڕەوی لە سعودیە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بنبڕكردنی لە هەموو جیهان، بەڵام لە هەمان كاتدا زۆر خەمبارم لە سعودیە بەناو زانا و بانگخوازەكان هیچ ئەرزشێكیان نەماوە، ڕووبەریان تەسك كراوەتەوە، بە جۆرەها شێوە. كەچی كۆپییە تەزویرەكانیان لە كوردستان لە ئەمسالی عبدولەتیف وهەڵۆ و مەلا مەزهەر و باقی پێرەكانیان لە ئەحزابی ئیسلامی سیاسی، ڕۆژ بە ڕۆژ لە برەودان.

 گەلی كوردمان باجێكی قورس دەدەن بە بەدوا كەوتنی وتاری پڕ كەراهیەت وشەڕانگێژانەی دینی وسەلەفی سیاسی.  ئێستا خەریكە كاریگەری زەقیان بەسەر شەقامەوە دەردەكەوێ، خەریكە هەموو ڕووبەری ژیان بە ڕەنگی شەڕانگێژی دینی سیاسی ڕەنگڕێژ دەكەن. بەوان بێ جگە لە دین، هیچیتر نەبێ.

محمد بن سلمان لە چاوپێكەوتنی بەر لە دوو ڕۆژ، تەنها بە زمانی ژمارە قسەی دەكرد دەربارەی پڕۆژەی ڕوانینی ٢٠٣٠، دەیگووت ٣ ملیۆن هەلی كار بۆ سعودییەكان دەستەبەر دەكات، لە جیاتی خەڵك فریودات بە زمانی دین كە ئاسانترین ڕێگایە بۆ خۆشیرین كردن لەناو گەلانی داگیركراو و مەسكون بە خوڕافیانی دینی، سعودیە ئامادە دەكات بۆ قۆناغی بێ برەوی نەوت.

جێنشینی شای سعودیە دەربارەی تووندڕەوان ووتی: ئێوە جێگاتان نەماوە لە نێومان لەوڕۆ بەدواوە، خاترتان ناگرین، موجامەلەتان ناكەین و ڕێزتان ناگرین، گوێشتان لێ ناگرین! ئەوەی دەیەوێ تووندڕەو بێ با بۆخۆی تووندڕەوی بكات، نەك بەسەر خەڵكی بسەپێنێ، عەقڵی گەلی ئێمە هێڵی سوورە، ڕێگا نادەین پیسی كەن!

هەروەها قسەیەكی كرد دەتوانم بڵێم شۆڕشێكە بۆ خۆی، گووتی لە مەودوا تەنها پشت بە حەدیسی متواتر دەبەستین لە ئەحكامەكان، حەدیسەكانیتر هیچ مولزەم نین پێی! واتە تەنها بیست حەدیسێك كاری پێدەكرێ، وهەزاران حەدیسی ئاحاد و شتی تر، كە پڕی كارەساتن كەنار دەخرێ و سڕ دەكرێ! 
من لە دڵەوە هیوای سەركەوتن بۆ محمد بن سەلمان دەخوازم، ئەو كارەی ئەو دەستی داوەتێ زۆر مەزن و مێژوویی و ترسناكیشە. ئەو پیاوە بەڕاستی دەتوانم بڵێم تا ئێستا ڕاستگۆترین پیاوی چارەسەری دینییە كە لە مێژووی وڵاتی سعودیە وزۆر وڵاتانیتری ئیسلامیش دەركەوتبێت.