بۆچی بەرهەم ساڵح، دەبێتەوە سەرۆككۆمار؟

2 رۆژ پێش ئێستا

بۆچی یەكێتیی دەیەوێ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار بێت؟
سەرتیپ قەشقەیی

لە زۆربەی وڵاتان ئەوانەی دەبنە سەرۆككۆمار، یاخود سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان دواتر هەیمەنەیان بەسەر حزبەكانیان دەبێت و دەبنە كەسی یەكەمی حزبەكەیان.
ئەوكاتەی مام جەلال بو بە سەرۆككۆمار، هەم وەك سكرتێری گشتیی، هەمیش وەكو پۆستی سەرۆككۆمار هەیمەنەی تەواوی بەسەر حزبەكەیدا گرتبو.
لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالیش، یەكێتیی نەیویست بەرهەم ساڵح ببێتەوە سەرۆككۆمار، چونكە ئەوكات ئەو وەك جێگری سكرتێری گشتیی و دۆخی ئەوكاتی یەكێتیی دەیتوانی هەیمەنە بەسەر حزبدا بكات، بەڵام لە شوێنی ئەو فوئاد مەعوسمیان دانا، چونكە دەیانزانی لاوازە و ناتوانێت هەیمەنە بكات.
لە دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح پەڕو باڵی كراو و لە دروستكردنی هاوپەیمانی نیشمانیش بە تەواوی شكێنرا، ئینجا رێگەی پێدرا ببێتەوە سەرۆككۆمار.
پاشانیش لە دواین كۆنگرەی یەكێتیدا، بەرهەم ساڵح هیچ رۆڵێكی ئەوتۆی پێنەدرا وەكو سكرتێر، یاخود مەكتەبی سیاسی، تاوەكو لە بەردەوامبوونی پۆستی سەرۆككۆمار لێی بترسن، هەربۆیەش لە ئێستادا جگە لە بەرهەم ساڵح لە سەركردایەتی ئەو حزبە، هیچ بەدیلێكی بەرهەم ساڵح نییە؛ ئەوەندە لاواز و بێ هەیمەنە بێت، بۆیە قبوڵیانە جارێكی دیكە بیبەنەوە كۆشكی سەلام.

یەكێتیی هەموو كات دەیەوێ پۆستی سەرۆككۆماری لابێت، چونكە وەرگرتنی ئەو پۆستە لای یەكێتیی بۆتە گرێی دەروونی و پێیانوایە، بە لە دەستدانی ئەو پۆستە رۆڵیان لەسەر ئاستی عێراق نامێنێت و لە هاوكێشە نێودەڵەتییەكان دەبردرێنە دەرەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدان ئەو كەسەی دەچێتە ئەو شوێنە بێ هەیمەنە و لاواز بێت، لە ئێستاشدا لەوانەی كە شایەنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمارن لە نێو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی لە بەرهەم ساڵح لاوازتر نابینەوە.

"پارتی ئەگەر سەرۆككۆمار لە خۆی نەبێت، دەیەوێ كەسێك بێت هەم یەكێتی بێت و هەمیش دژە یەكێتیی بێت و هاوشێوەی نەجمەدین كەریم و خەڵكە نزیكەكانی خۆی لە نێو یەكێتیی. "


بۆچی پارتی دەیەوێ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار بێت؟
پارتی ئەگەر سەرۆككۆمار لە خۆی نەبێت، دەیەوێ كەسێك بێت هەم یەكێتی بێت و هەمیش دژە یەكێتیی بێت و هاوشێوەی نەجمەدین كەریم و خەڵكە نزیكەكانی خۆی لە نێو یەكێتیی. 
پارتی لەگەڵ ئەوەدایە كەسێك ببێتە سەرۆككۆمار، رۆڵی لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیی یەكێتیدا نەبێت و لە نێو بنكەی جەماوەریش لاواز بێت، پارتی بە دوای كەسێكەوە فاوڵی هەبێت، لە ئێستاشدا ئەو كەسە تەنها بەرهەم ساڵحە.

"ئێستا پارتی و ماڵی بارزانی، كە خۆیان دەیانەوێ بەرهەم ساڵح بكەنەوە سەرۆككۆمار، ئینجا بەس خوا دەزانێت چەندە زیاتر لە بەرژەوەندی پارتی و بارزانی كار دەكات؟!"


پارتی بە دیاریكراوی مەسعود بارزانی، بە نزیكەیی بۆ ماوەی چوار ساڵ مامەڵەیەكی خراپی لەگەڵ سەرۆككۆمار كرد و چەندین جاریش دیدار و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ناوبراو رەتدەكردەوە، كەچی بەرهەم ساڵح نەك هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، تەنانەت یەك لێدوان و قسەی لەوبارەیەوە نەكرد، بگرە بەردەوام بوو لە سازشكردن و بەردەوام داوای بینینی بارزانی دەكرد، تاوەكو بۆ دواین جار لە كۆتایییەكانی خولی یەكەمی پۆستی سەرۆككۆماری هاتەوە باوەشی ماڵی بارزانی.
ئێستا پارتی و ماڵی بارزانی، كە خۆیان دەیانەوێ بەرهەم ساڵح بكەنەوە سەرۆككۆمار، ئینجا بەس خوا دەزانێت چەندە زیاتر لە بەرژەوەندی پارتی و بارزانی كار دەكات؟!
كەواتە یەكێتیی لە بەردەم بەرهەم ساڵحێكی لاواز و پارتیش لە بەردەم بەرهەم ساڵحێكی یەكێتیی و دژە یەكێتیی، هەردووكیان كۆكن و دەیانەوێ دووبارە بیكەنەوە بە سەرۆككۆمار.