شەڕی دەوروبەر!

2 رۆژ پێش ئێستا

دڵشاد ئەنوەر
هەر ئەو كەس و میدیایانەی ئێستا هێرش دەكەنە سەر عەبدوڵای كوێخا موبارەك، پێشتریش هەر ئەوان ئەم بەڕێزەیان لە قاڵبی خۆی دەركردبوو، بە واتایەكی تر، ئێستا و پێشتریش كوێخا قوربانی دەست میدیا و دەوروبەرە.

پێشتر كوێخا خواردنی مانگانەی زیندانیەكانی چەمچەماڵی گرتبوو، مانگانە چوار پێنج دەفتەرێكی دەچووە دەست و بەو پارە كۆمەڵێك خەڵكی شوێن خۆی خستبوو، لە دەوروبەری بوون، چەند دۆشكەیەكیشی كڕی بوو، ناو بە ناو دۆشكەكانی چەور دەكرد و میدیا و دەوروبەرەكەشی پەمپیان دەدا، لێدوانی زبریان دژی دێگەڵە و دەباشان پێدەدا و لێ یان وەردەگرت.
كە تەندەری چەمچەماڵی لێ وەرگیرایەوە و پارەی دەوروبەری پێ نەما، هێدی هێدی دەوروبەر بڵاوەی لێ دەكەن، یاخود فشارت لێ دەكەن بە ئاراستەیەكدا بڕۆی، بەبیانووی ئەوەی خۆیان بە قوربانت كردووە و زیانت لێداون، لەم حاڵەتەدا، تەنها خەڵكی عاقڵ مامەڵە دروستە دەكات و ناكەوێتە ژێر كاریگەری دەوروبەر.

مەقسەدی من لەم باتە عەبدوڵا نیە، بەڵكو مەقسەدم مەترسیداری ئەو هەموو حاشیەیە كە لەدەوروبەری بەرپرسەكان كۆبوونەتەوە و ڕۆژ تا ئێوارە پەمپیان دەدەن، توشی بوغرابوون و تاوان یان دەكەن، بڕیاری هەڵەیان پێ دەردەكەن. بەتایبەت دەوروبەری عەبدوڵای دوور لە پۆستی كاریگەر، تەنها شەری بەرژەوەندی خۆیان كرد، بەڵام دەوروبەری سوڵتەدارەكان، دەیانبەنە سەر هەڵەی گەورە و كوشندەدا دژی خەڵكیش.

بوونی عەبدوڵا لە ناو گۆڕان سودی من ی هاوڵاتی تیانەبوو، ڕۆیشتنیشی بۆ ناو پارتی زەرەری بۆ من نیە، چونكە بوونی لە حیزبی پێشووی، تەنها ئیمتیازی هەندێ قسەی باو و جنێو بوو كە ڕۆژانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەیبیستین، هەڵبژاردنی حیزبی نوێش، ڕەنگە ونبوون و دیار نەمانی بێت لە پێش چاو.
مەترسیەكە ئەوانیترە، كە هێزیان لایە، بڕیاریان لایە، دەوروبەرەكانیان فویان لێ دەكەن، بۆ كاری خراپ هەڵیان دەنێن، بەشێوەیەك لەسەر كۆمێنتێك، وایان لێ دەكەن، بە لایانەوە ئاسایی بێت كۆمێنت نوس بكوژێت.
ڕوونتر، مەترسیەكە ئەو هەموو كۆمێنت نوسەیە، لەلایەك شاباش بە شانوباڵی بەرپرس دا دەدەن، لە لاكەی تریش جنێویان پێ دەدن.

دڵنیام چەندێك جنێو بە موبارەك دەدەن، هێندەش نامەی بۆ دەنێرن و داوای دامەزراندنی لێ دەكەن، گەر هێزە سەربازیەكەی بۆ كرایەوە، گەرچی كردنەوەی هێز بۆی ڕاست نیە.

وەلحاڵ، زۆرێك لەبەرپرسە خراپەكان قوربانی دەست دەوروبەرەكانیانن، كە سوكانەكانیان گرتوون و بەهەر لایەكدا بیانەوێ ئاراستەیان دەكەن، بۆیە شەڕی دەوروبەر بۆ هەر بەرپرسێك گرنگترە لە شەڕی نەیار، چونكە دەستی دەوروبەر، پێش نەیار پێی دەگات، كە بردنیەتی بەسەر هەڵەدا.