دووپشكیش سوودی خۆی هەیە

1 مانگ پێش ئێستا

فەیسەڵ عەلی
لە راپۆرتێكی (رۆیتەرز)، باس لە چیرۆكی گەنجێكی میسری دەكات، بە ناوی محەمەد حەمدی و تەمەنی 25 ساڵە. لە پێناوی بەدیهێنانی خەونەكەی، دەستبەرداری خوێندنی كۆلێجی شوێنەوار بوو. ئەو پرۆژەی دروستی كرد، راوكردنی دووپشك بوو لە بیابان بۆ ئەوەی ژەهرەكەی دەربهێنێت، كە ئێستا (80) هەزار دووپشك لە كێڵگەیەكی تایبەتی دوور لە ئاوەدانی بەخێو دەكات، لەڕێی بەكارهێنانی تەزووی كارەباوە ژەهری ئەو دووپشكانە دەردەهێنێت، ئەو ژەهرە بۆ بەرهەمهێنانی (24) جۆر دەرمان بەكاردەهێنرێت، وێڕای ئەوەی دژە ژەهریشی لێ بەرهەم دەهێنرێت، ئەو كوڕە گەنجە دەڵێ نرخی یەك گرامی لەو ژەهرە بە (10) هەزار دۆلار دەفرۆشێت، ئەو ژەهرەی بەرهەمی دەهێنێت هەناردەی هەریەك لە بەلجیكا و دانیمارك و ئەڵمانیا و فەرەنسا و دەوڵەتانی تری ئەوروپا و چەند ویلایەتێكی ئەمریكا وەك فرجینیا و تەكساس و كالیفۆرنیا دەكات.

ئەم چیرۆكە گرنگ و سەیرە، وامان لێدەكات هەڵوەستەیەك بكەین تاوەكو بچینە نێو وردەكارییەكانییەوە كە ناتوانرێ دەرك بە قووڵی جوانییەكانی بكرێت جگە لەوانەی بڕوای تەواویان بەوە هەیە كە زۆربەی ئەو چیرۆكە ئیلهام بەخشانەمان پێ ناگات، تەنها دوای ئەوەی قارەمانی ئەو چیرۆكانە قورسی و ناخۆشی ئەو ئەزمون و تاڵی شكست و دووبارەكردنەوەی ئەچێژن و سوور دەبن لەسەر بەردەوامیدان، بەبێ ئەوەی گوێ بە بۆچوونە نەرێنی و پەشیمانكەرەوەكان بدەن. ئەم گەنجە ئەگەر بۆ ساتێكیش گوێی بە بۆچوونی ئەوانیتر بدابایە سەبارەت بەو بیرۆكە نامۆیەی، دەبوو بەر لە دەستپێكردن دەستبەرداری بووایە، ئەگەر باسی نیەتی خۆی لە وازهێنانی خوێندن بۆ گەڕان بەدوای هێنانەدی خەونەكەی بكردبایە، ئامۆژگارییان دەكرد بەوەی دوای نەكەوێت و چونكە چارەنووسەكەی شكست و پەشیمانییە. گرفتەكەمان لەوەدایە، زۆربەی گەنجەكانمان خەون بە دەوڵەمەندبوون و بەدیهێنانی خەونەكانیانەوە دەبینن، بە ئاقاری ئەو پرۆژە تەقلیدیانە دەچن كە گیانی سەركێشی و مەترسی تێدا نییە و لەناو بازنەی هەڵسەنگاندنی ئەوانیتردایە. كەمن ئەوانەی لە دەرەوەی سندوقەكە بیردەكەنەوە و بیرۆكەی خوڵقێنەریان بۆ پرۆژەی نوێ هەیە.

ئەم جۆرە عەقڵە داهێنەرانە كە پشت بە گیانی داهێنان و جیاكاری دەبەستن، ئەوانەن كە كۆمەڵگەی ئێمە پێویستی زۆری پێیان هەیە. نیشتمانەكەمان پڕە لە دەرامەتی سروشتی و ژینگەیەكی لەباریشی هەیە، زەمینەیەكی رەخساوی بۆ دەوڵەمەندبوون و بەدیهێنانی خەونەكان هەیە. هیواخوازم دەستپێشخەرییەك بەناوی (مێشكت بەگەڕبخە) بكرێت، بۆ ئەوەی مێشكی گەنجان بجولێنرێت و هەندێك لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی وەك شەراكەتی كۆمەڵگەیی دەستگیرۆییان بكات و زەمینەی دیداری گەنجە داهێنەرەكان رێك بخات، ئەو گەنجانەی لە دەرەوەی سندوقەكە بیردەكەنەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە بەرهەمهێنانی بیروبۆچوونی سەركێش و داهێنەرانە بكەن و قابیلی جێبەجێكردن بن لەسەر ئەرزی واقیع.