سۆشیال میدیا، میسلی بەڵای ناگاهان، عەینی ڕەحمەتی پەنهان

1 مانگ پێش ئێستا

كاروان عەبدوڵا هەورامی
نە عەرزی جەمالیەت و جوانی نە بەیانی خەبەر و ڕووداوو زانیاری، نەنیشاندانی مۆدێل و دەروبانی شارودێ نە دیداری گەورەپیاونی دونیا دیدە، بۆ هیچ دەزگاو دامەزراوەیەكی میدیایی بەجێنایێ، ئیللا دەبێ ڕووبكاتە ئەو بازارە نوێیەی بە سۆشیال میدیا ناودارە.

هەروا حەقی بانگخوازی ئاینی و پەیامی شیخ و مەلاش ئیتر تەنها لە میحرابی مزگەوت و تەكیەو خانەقاكاندا جێناگرێ و ناگاتەجێ گەر لەگەڵ ئاداب و تەكنیكی سۆشیال میدیا تێكەڵ نەبێ و نەڕژێتە ئەودەریایەو نەكەوێتە بەر سێرچی جەوان و جەحێلانی ئەوێ و دیدی خانمان و پیاوان نەگرێ و ڕانكی فۆڵۆو لایك و ڤیویی نەفڕێ.

بەیان و پەیام و هەڵڵاو هەڵوێستی سیاسیش نەقشی نییە ، گەر بە ئەدد (Add) و سێند و كۆنفێرمی ڕكوێست (send request) (confirm request) نەدا لەودەرگایەو ڕجاو تكای لایك (like) و فۆڵۆێیەك (follow) نەكات.
وەدەركەوتنی ئەم مۆدێل و مامەڵە نوێیە لە ڕاگەیاندن وەك دەركەوتنی هەوری بەهاروایە، یا ڕەحمەتی پێیە، یا بەڵا دارە.

دەڵێن هەر شەخص و پیاوچاكێ بۆ ئەهل و مەكانی خۆی پەلی هەورەكانی ڕاكێشاوە تا لەوێ ڕەحمەت ببارێنێ، گەر بەڵادار بوبێ بۆ ئەویدیو سنوری خۆی ڕەوانەی كردوە.

ئەو ساڵە هەروەك ئەمساڵی ئێمە بێبارانی ئەبێ، هەموان چاویان لەڕێی هەورەكانی ئاسمانە تا ڕەحمەتێ ببارێنن، هەور دێت و دەڕوا و هیچ لە گۆڕێدا نابێ، داد دەبەنە لای یەكێ لە سەید زادەكانی گوند كە بە حەمەعەلی عەبەكە ناسراوەو دەڵێن قوربان باران نیەو هەوركان هەردێن و دەچن، بەسەر ئێمەدا (وەیسی قەرەنی) دەیانبات، وەیس شەخص و پیاخاسێك دەبێ مەزارەكەی لە دیوی هەورامانی ئێرانی پشت شاخەكانی گوندی ئەحمەدئاواو زەڵمە.
ئەویش ئافەرینی دەكاو دەڵێ دەستی خۆشبێ، ئەوان (وەیس) یان هەیەو ئێمەش (بابازەردەڵە) ئەگەر ڕاس خاسەپیاوە با دووگەواڵە هەورمان بۆ پەلكێشكات تا بارانمان بۆ ببارێنێ، بابازەردەڵەش شەخص و پیاخسێكە مەزاری لەپشت گوندی ئەوانەوەیە.
ڕێك سۆشیال میدیاش وایە كێ كاریكەرو ئازایە بەردیدی هەمووان دەكەوێ و پەیامی ڕوونی دەگات، ساتێ ماڵ دەكاتە میحرابی مزگەوت و ساتێ شەقامی سەما.

كەس حەقی نیە بەگلەیی بێت لە هەژموون و هروژمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو گەشەی خێرای سۆشیال میدیا و ئامرازەكانی گەیاندن.
ڕەوانییە ڕۆڵ و كاریگەری هیچ كەس بدەینە بەر گازندە و بە خەتای سۆشیال میدیا ئەژماری بكەت، لەكاتێكدا ئەو دەروازەیە بۆ جەحێلێ چۆن كراوەیە و هەوای شانی تێدا بادەدا. هەرواش بۆ مامۆستایەكی زانكۆو زانایەكی ئاینی و پزیشكێكی شارەزاو میدیاكارێكی بەئەتەكیەت كراوەیە و دەتوانێ ڕۆڵ و كاریگەری تێدا ببینێ. 
هەمووان لێرە ماڵمان لەشوشەیە، دەروونمان یەكپارچە ڕوونە، چالاكی و جموجوڵمان كەشف و زیندەگی ڕۆژانەما دیارو سفرەو خوانی ژەمەكانمان واڵایە.
كێ ماڵی پڕحیكمەت و دەرونی پاك و چالاكی چاك و جموجوڵی بەخێر و ژیانی جوان و سفرەو خوانی ڕەنگین و لەزەت بەخشە، ئەوە لەم بازاڕەدا كاریگەرو جێ سەرنجە.
یانی كێ پیا خاس و بەكەرامەت و هونەردارو قسەزان و كاریگەرە لەم سوقە سەرنجكێشەدا خاوەن بازاری نەقدینەی میدیایەو هەمووان كڕیاری ئەون.
ئەو دەتوانێ پەڵەهەورەكانی ئەو بەهارە بۆخۆی پەلكێشكات و بارانی ڕەحمەتی لایك و ڤیو شێرو فۆڵۆ بۆ ئەو ببارێنێ.
كەمی و نەنكی لە پیاخاس و فەرهەنگ دۆست و هونەر ڕاست و چالاك و میدیاكاری ئازایە كە بۆشایی فراوانی ئەوێی پێ پڕناكرێتەوەو بازاڕەكە دەداتە دەس ئەم و ئەو. 
ئەو هەژموون و هەنگاوانە ناوەستن، بەڵام دەكرێ بەخێر بیانگێڕین.