گۆڕانكاریی سیاسی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا؟

1 مانگ پێش ئێستا

شوان كەریم كابان
هەموو حزب و لایەن و هاووڵاتیانی عیراق و وڵاتانی دراوسێ و میدیای ناوخۆ و دەرەكی سەرقاڵی قسەو باس و ئامادەكارین بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە مانگی دەی ئەمساڵ بكرێ، وەك باسیش دەكەن بە حساب گۆڕانكاریی لە نەخشەی سیاسی عیراقدا دروست دەكات!

لەدوای دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و رەتكردنەوەی دوو كاندید كە ئێستا یەكێكیان هاوپەیمانییەكی پێكهێناوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی و پاشان بڕیاردان لەسەر رێكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەخت كە گوایە لەسەر داوای خۆپیشاندەرانی بەغدا و پارێزگاكانی تری عیراق بووە، هەرچی قسەیەك دەكرێت لە میدیاكان و چی دەنووسرێت و چی پەخش دەكرێت، باس لەوە دەكەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گۆڕانكاریی لە نەخشەی سیاسی عیراقدا دەبێت و ئەوانەشی قسە دەكەن و دەنووسن و لە میدیاكان دەردەكەون، باس لە گەندەڵی حكومڕانانی پێشوو و بە هەدەردانی سامانی عیراق و بێتوانایی دامودەزگاكانی حكومەت دەكەن لە هەموو بوارەكاندا.

ئەمە لەكاتێكدا كە %90ئەوانەی ئەو قسانە و ئەو گوفتانە دەردەبڕن، خۆیان یان پێشتر لە دەسەڵاتی تەشریعی، یان لە دەسەڵاتی تەنفیزی، یان حزبەكەیان، یان هاوپەیمانییەكەیان لە حكومەتدا بوون، كەسیشیان ئامادە نین بەرپرسیارێتی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی عیراق بگرنە ئەستۆ، وەك ئەوەی كە بەسەر عیراقدا هاتبێت و هێنرابێ، خەتای ئەم رووە سیاسییانەی ئێستا نەبێت.

ئێستا كە دەیان حزب و هاوپەیمانی خۆیان ناونووس كردووە بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی مانگی 10، باس هەر باسی دژایەتی گەندەڵی و چاكسازیی و روبەڕوبوونەوەی خراپەكاران و جێبەجێكردنی خواستی خۆپیشاندەران و هاتنەپێشەوەی دەموچاوی نوێ و گروپ و هاوپەیمانی نوێیە بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسەت لە عیراقدا، بەڵام ئایا ئەمە وایە؟ بە بڕوای بەندە نەخێر، چونكە: یەكەم: ئەوەی لە ماوەی16 ساڵی رابردوودا لە عیراقدا گوزەراوە، بەرهەمی كار و حوكمی حزب و هاوپەیمانییەكانی هەموو ئەوانەی ئێستایە كە باسی گۆڕانكاریی دەكەن.

دووەم: هەموو ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانەی مۆڵەتی بەشداریی هەڵبژاردنەكەیان وەرگرتووە بە بەشێك لە بێلایەنەكانیشەوە، هەر هەمان ئەوانەن كە لە ماوەی رابردوودا لە پێگە و پلە و دەسەڵاتی جیاوازدا بوون لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی 16 ساڵی رابردوودا، تەنیا جیاوازییەكە ئەوەیە، ناوی هەندێك هاوپەیمانی نوێیە، بەڵام بە پێكهاتەی كۆن و هەندێكیش سەنگەریان گواستۆتەوە.

سێیەم: بەشی هەرە زۆری هەموو ئەوانەی ئێستا سەرۆكی لیست یان سەرۆكی حزبن و بەشداریی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە دەكەن، پێشتر لە حكومڕانی و بەرپرسیارێتیدا تاقیكراونەتەوە. بۆیە چاوەڕوان ناكرێت، نە نەخشەی سیاسی بگۆڕدرێت و نە دەموچاوەكان. نەكەسیش ئومێدی بەوە بێ بارودۆخی خراپی هەمە لایەنەی عێراق گۆرانكاری بەسەردا بێت.