گەشتوگوزار، لەسەردەمی كۆرۆنادا

4 مانگ پێش ئێستا

سەركۆ یونس*
كۆمەڵەی گەشتوگوزاری جیهانی، قەبارەی زیانەداراییەكانی سەركەرتی گەشتوگوزاری، بە ترلیۆنێك و 300 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
هەروەها ئاشكرای كرد، بەنزیكەی 100 بۆ 120 ملیۆن هەلی كار، لەسەرجەم ئەو كاروچالاكیانەی كەپەیوەستن بە كەرتی گەشتوگوزارەوە، لەدەستدراوە.

كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش، بێ بەش نی یە لەكاریگەرییەنێگەتیڤەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەدەیان هەلی كار لەدەستدراوە و بەسەدان ملیۆن دۆلار زیان بەم كەرتە گەشتووە.
دواجار بڕیاری قەدەغەی دە ڕۆژەی هاتووچۆی حكومەتی بەغدا، نەتوانرا جێ بەجێبكرێت، بەبڕیارێكی تر هەڵوەشێنرایەوە.
هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی نێوان هەرێم و شارەكانی تری عێراقی دەركردبوو، بەڵام لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە جێ بەجێنەكراو، زیاتر لەهەولێرو دهۆك پەیڕەو كرا،دواجار جارێكی تر خودی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.

دەیان و سەدان گەشتیاری شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لەم جەژنەدا سەرەڕای كۆرۆنا و مەترسییەكانی، خۆیان گەیاندە شوێنەگەشتیارییەكانی هەرێم بەگشتی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەتایبەتی.

كەرتی گەشتوگوزار، یەكێكە لەسیماكانی ئابوری سەردەم، زۆربەی وڵاتانی جیهان برەو بەم كەرتە دەدەن، چونكە خەرجیەكانی گەشتیاران، پشت بە حەزو ئارەزوو دەبەستێت،  ڕێـژەیەكی بەرزی پارەی خەرجكراوی گەشتیاران دەچێتە گیرفانی خاوەن چێشتخانەو میوانخانە و هۆتێل ومۆتێل و شوێنەگەشتیاریەكان و هتد.....
ئەوەی تێبینی دەكرێت، باوترین جۆری گەشتیاری لەهەرێمدا، گەشتیاری ژینگەیی یە، واتە زۆربەی گەشتیارانی ئەم وەرزە، بۆ ژینگەیەكی لەبارو ئاووهەوایەكی خۆش و دڵفڕێن و ئاودار گەشت دەكەن.
لەم ناوەندەدا ژینگەی هەرێم، زەرەرمەندین بوارە كەبەهۆی زۆری گەشتیاران و پابەندنەبوونیان بەپاراستنی ژینگە و شوێنەگەشتیارییەكان، دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بەژینگەی هەرێم.

گەشتوگوزاری هەرێم، زۆربەی زۆری خۆرسكە و دیاری خوای گەورەیە، لەهەندێ شوێن و جێگا، تاڕادەیەك حكومەت و كەرتی تایبەت وخاوەن جێگاكان، بەسادەیی دەستكاریان كردووە.

هاتنی زیاتر سەد هەزار گەشتیار، بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، جگەلە گەشتیاری ناوخۆی هەرێم، هەواڵێكی موژدەبەخشە بۆ برەوسەندن و هەستانەوەی ئەم كەرتە گرنگە، لەبارودۆخی نەخواستراوی ئابوری و دارایی هەرێم و بڵاوبونەوەی جیلی دووەمی كۆرۆناڤایرۆس لەهەرێم وعێراق و ناوچەكەدا.

لەكەرتی گەشتوگوزاری هەڕێمدا، حكومەتی هەرێم، داهاتێكی بەرچاوی دەستناكەوێت، چونكە زۆربەی شوێنەگەشتیاریەكان و ئۆتێل و چێشتخانەكان، موڵكی تایبەتن. 
لەهەمانكاتدا ئەو گەشتیارانەی كەدێنە هەرێمەوە لە شارەكانی تری عێراقەوە دێن، واتە پێویست بە ڤیزەو مۆڵەتی دامودەزگاكانی ناوخۆی هەرێم ناكات، گەشتیاران هیچ جۆرە ڕسوماتێك نادەن لەبەرامبەر هاتنیان، زۆربەیان بەپاس و ئۆتۆمۆبیلی تایبەت گەشت دەكەن.

لەم ڕوانگەیەوە، زۆر گرنگە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەگرنگی زیاترەوە لەم كەرتە بڕوانن و بەپلان و بەرنامەی زانستی و كەسانی پسپۆر و ئەكادیمی، بەدوای كێشەكان و بەربەستەكاندا بچن و هەوڵی چارەسەركردنیان بدرێن.
چونكە لەم بارودۆخەدا، كەهێشتا حكومەت بەدەست كەمی داهات و بودجەوە دەناڵێنێت و توانای خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی نی یە، بەتەواوی و تائێستا لێبڕین بەردەوامە. هەربۆیە وەك دەرفەتێك، كەرتی گەشتوگوزار، ئەو بوارەیە كە داهات دەست چینێك لەهاونیشتیمانیان دەكەوێت و دەتوانن پێداویستیەكانیان دابین بكەن.
بەئومێدی ئەوەی لەپاش نەمانی كۆرۆناڤایرۆسەوە، كەرتی گەشتیاری هەرێم وەك ساڵــانی 2018 و 2019 لێ بێتەوە و ڕێژەی گەشتیاران بگەنە سەروو ملیۆن گەشتیارەوە.

*ئابووریناس