دراوی گریمانەیی بۆچی هاڕەی كرد؟

4 مانگ پێش ئێستا

فەیسەڵ عەلی
"هەر شتێك بە خێرایی بەبێ بەرنامە بەهای بەرز بێتەوە، هەر بە هەمان شێوەش بە خێرایی نزم دەبێتەوە".

دراوی گریمانەیی بازرگانییەكی ئێجگار گەورەی پێوە دەكرێت، تا ئەم نزیكانە، بەهای بازاڕی ئەم دراوانە گەیشتبووە (٢.٥) ترلیۆن دۆلار، بەر لەوەی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا سەدان ملیار دۆلار لە دەست بدات و بەهای بازاڕی بۆ نزیكەی (١.٦) ترلیۆن دۆلار بشكێت.

تا ئێستا بە رەسمی (٩٩٤٤) جۆری دراوی گریمانەیی لە بازاڕەكانی جیهان هەن و مامەڵەیان پێوە دەكرێت، بەڵام بیتكۆین لە ترۆپكی ئەم دراوانەدایە. دوای ئەوەی بە لێدوانێكی “ئیلۆن ماسك” ی سەرۆكی كۆمپانیای تەسەلا، بەهای بیتكۆین بۆ زیاتر لە ٦٣ هەزار دۆلار بەرز بووەوە، بە لێدوانێكی ئەویش رووی لە داشكان كردەوە. بەوەی چیتر ئەو ئوتومبیلانەی كۆمپانیاكەی بەرهەمی دەهێنێت بە بیتكۆین نافرۆشێت، چونكە بەرهەمهێنانی بیتكۆین زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، ئوتومبیلەكانی ئەویش دۆستی ژینگەن.

بیتكۆین بەهۆی ئەو لێدوانە و بڕیاڕێكی حكومەتی چین بە قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بەو جۆرە دراوانە، بەتایبەتیش بیتكۆین، لە ماوەی یەك هەفتەدا، نزیكەی ٣٣٪ بەهاكەی لە دەستدا، ئەمڕۆ بەهای یەك بیتكۆین نزیكەی ٣٩ هەزار دۆلارە.

زۆر لە وەبەرهێنەران لە رێی متمانەكردن بە ئیلۆن ماسك هاتنە نێو بواری دراوی گریمانەییەوە، هەر بەهۆی لێدوانەكەی ئەویشەوە متمانەیان بەم دراوە لاواز بووەوە. هەروەها ئەو بەڵگەنامەیەی كە سێ كۆمەڵەی سەر بە بانكی ناوەندیی چین خستیانەڕوو، لێوەی دوای دەستبەرداربوونی دراوە گریمانەییەكان دەكەن، بەوەی مامەڵەكردن بەم دراوانە لە یاسا بەدەرن.

لەلایەكی تریشەوە، ئەم دراوانە، لەگەڵ سەرەتای قەیرانی كۆرۆنا ڤایرۆس و هەڵكشانی بێكاری، زۆر لە تاكەكان سەرمایەگوزارییان لەم دراوانەدا كرد، وایكرد بەهایان زۆر بەرز بێتەوە، بەڵام دوای پاشەكشێ كردنی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری و داشكانی رێژەی بێكاری، هۆكارەكانی وەبەرهێنان لەم دراوانەش رووی لە نەمان كرد، وایكرد زۆر لە وەبەرهێنەران لەم بوارە بكشێنەوە.