چۆن بەرەنگاری تینوێتی ببینەوە؟

4 مانگ پێش ئێستا

خالد سلێمان
ئەمساڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، ساڵێكی بێ وێنە لە وشكەساڵیی بەڕێدەكەن، هۆكارەكانیش لەبەرچاوی هەمووانە: بێ بارانیی، سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ (توركیا، ئێران)، هەروەها بەڕێوەبردنێكی خراپی سەرچاوەكانی ئاو. دەتوانین ژمارەیەك هۆكاری تر بژمێرین، وەك پیشەسای و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان و داخوازیی زیاتر لەسەر ئاو، بە تایبەتی لە شارەكاندا. ڕوونترین نموونەی قەیرانی ئاوی ئەمساڵ ئەو دۆخە نالەبارەی ڕووباری سیروانە كە لەبەرچاوی هەمووماندا وشك دەبێتەوەو لە گیانەڵاندایە.

هەڵبەتە لەم دۆخەدا، هەموو هەوڵ و تەقەلایەك لەوەدا كۆدەبێتەوە، كە خەڵك تینوو نەبن، قەیرانەكەش بە هەرێمی كوردستان چارەسەر نابێت، چونكە تا ئێستا پلان و ئیدارەدانی هەرێم هیچ كاریگەرییەكی نەبووە و سیاسەتی دەستەوەستانی ئێستاش باشترین نموونەیە. دیمەنی تینوێتیش هەموو عیراق دەگرێتەوە كە دیسانەوە ئیدارەدانی ئاو تیایدا لە دووای هەموو گرفتەكانەوە دێت. 

هەموو تاكێك دەزانێت لە تینوێتیدا دەژین، بەڵام هەموو كەسێك نازانێت هۆكارەكان چین و چۆن چارەسەری بێ ئاوی بكەین، كە هەڕەشە لە بوونمان دەكات. بەشێوەیەكی كورت لەسەرەوە ئاماژەم بۆ هۆكارەكان كرد، بەڵام چارەسەرەكان كە لە دووبەشدا كورت دەبنەوە، زەحمەتن و كاری زۆرو درێژخایەنیان دەوێت. 

یەكەم: توركیاو ئێران جگە لەوەی هەستیان بە مەترسی كەمبوونەوەی ئاو كردوە، بەئاشكرا بەرەو گلدانەوەو قەتیسكردنی ئاو لە ناو خاكی خۆیدا دەڕۆن، لە چەندەها بۆنەو گفتوگۆدا لەگەڵ بەرپرسە عیراقیەكاندا ئەمەیان دووبارە كردوەتەوە، بۆیە دیپلۆماسیەتێكی باڵای حكومیی لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی و حكومەت و سەرۆكایەتی كۆماردا لەسەر ئاو، هەنگاوی یەكەمە لەم بوارەدا. بانگهێشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری كێشەی ئاو، یەكێكی ترە لە بژاردەكان.

دووەم: بۆ بەرەنگاربوونەوەی كەمئاویی، پلانێكی خێرا پێویستە لە دابەشكردندا بەپێی ژمارە و پێداویستییەكانی تاك. چەند ساڵێك پێش ئێستا دوو شاری گەورە لە باشووری ئەفریقیا (كیپ-تاون) و هیندستان (چینای) تووشی قەیرانی گەورەی ئاو بوونەوە و سیاستی (ڕۆژی سفر)یان پیادەكرد، ئەویش لە رێگەی دابەشكردنی ئاو بەگوێرەی پێداویستی تاك لە ڕۆژێكدا.

سێیەم: پەك نەخستنی كەرتەكانی خزمەتگوزاریی.

چوارەم: پەیداكردنی ئاو بۆ بەروبووم و كەرەستە بنەڕەتیەكانی ژیانی هاووڵاتیان.

پێنجەم: داخستنی هەموو هەموو ئەو شوێنانەی كە ئاو بۆ (رەفاهیەت) بەكار دەهێنن، وێستگە و شوێنی شتنی ئۆتۆمبێل بۆ نموونە. 

ئەمانە تەنها ئیجرائاتی كاتین بۆ قەیرانێك لەگەڵ ئەوەی ئاماژەكانی دیاربوون، پلانی بەرەنگاربوونەوەی بۆ دانەڕێژراوە. بۆ چارەسەری دوورمەوداش، پێویستە ئاو بخرێتە پێش هەموو سێكتەرەكانی ترەوە لە ئیدارەداندا. نابێت تنۆكێك ئاو بەفیڕۆ بدرێت، لە بارانەوە بگرە تە دەگاتە ئاوی بەكارهاتوو. 
یەكەم: ئەمە پێویستی بە گۆڕینی عەقڵیەت و كولتوورو ڕەفتار هەیە. ئەو ئاوەی دانیشتوانی شارێكی گەورە، ڕۆژانە بەكاری دەهێنن، دەبێ بەكار بهێنرێتەوە و بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەی ئاوێكی پاك. بۆ نموونە دانانی وێستگەیەكی فلتەرەكردنەوەی ئاو لەسەر تانجەرۆ، دەكرێ وەك چارەسەرێك تەماشا بكرێت كە ئاوی بۆماوە دەكاتەوە بەئاوی پاك. باشترین نموونە لەم بارەوە، وێستگەی (خربە سەمرا)ی ئوردنە كە ئاوی بۆماوەی نزیكەی ٤ ملیۆن كەس، لە رێگەی ڕیسایكلینەوە دەگۆڕێت بۆ یەكێك لە سەرچاوەكانی بەنداوی مەلیك بن تەڵاڵ. 

دووەم: ئیدارەدانی خۆبەخۆیی سەرچاوەكانی ئاو و شێوازی ئیدارەدانیان لە ئاستی لادێیەكەوە بگرە تا دەگاتە شارێكی گەورە. لەوانەیە ئەمە لە ئاستی لادێیەكدا لە شێوازی پرۆژەی بچووكی وەكو بەنداوی سەرگیراو یان بەنداوی بچووكی ژێر زەویدا دەربكەوێت، بەڵام لە شارێكی گەورەدا لە شێوازی نوێی هونەری مەعماریدا دەربكەوێت، بۆ نموونە چۆن باراناو گل بدرێتەوەو لەبری ئەوەی تەكەڵ بەئاوی زێراب ببێت، عەمبار بكرێت. ئەویش لە رێگەی ئاوڕێژی تایبەتەوەو بكرێتە بەسێك لە دیزانی ئەندازیاریی ماڵان.

سێیەم: بەهاداركردنی ئاو بەشێوەیەك كە لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت، ئەویش لە رێگەی پەروەردەو میدیاوە. ئێمە دەتوانین بەبێ زێرو ئەڵماس بژین، بەڵام ساتێك ئاو نەبێت ژیانمان دەوەستێت، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا بەهای ئەڵماس زیاتر لەوەی ئاو. پێش نزیكەی ٢٥٠ ساڵ ئادەم سمیت بەم شێوە بیری كردوەتەوە.

چوارەم: ڕێگرتن لەهەموو جۆرە كشتوكاڵێك كە ئاوێكی زۆری دەخوازێت و كاریگەری باشیشی لەسەر ئابووری وڵات نیە. پێویستە فۆكەس لەسەر ئەو بەروبوومانە بێت كە بە بڕە ئاوێكە كەم، زۆرترین كاریگەری پۆزەتیڤیان لەسەر ئەمنی خۆراكی خەڵك دەبێت.

چوارەم: راوكردنی تەم یەكێكە لەو میكانیزمانەی دەكرێ لە ڕێگەیەوە ڕاوی باران بكرێت. بڕێك شێی زۆر لە هەوردا هەیە، بەبەردەوامی نابێتە باران و دانابارێت، دەكرێ لەسەر چیای وەك گۆیژە یان ئەزمەڕ و قەرەداغ و چیاكانی تر، تۆڕی راوكردنی شێ دابنرێت كە لە توانایدا هەیە بڕێك لە هەڵمەكان گل بداتەوەو  بەشی (ئیكتیفای) شوێنەكە ئاو دابین بكات.

پێنجەم: بەشداریپێكردنی كۆمەڵگە ناوخۆییەكان لە ئیدارەدانی ئاودا، ئەمە رێگەیەكە بۆ چالاككردنی ڕۆڵی دەستەجەمعی و تەماشا نەكردنی ئاو وەك داهاتێك كە تەنها حكومەت یان حكومەتە خۆجێیەكان بەپرس بن لێی.