كێ پاڵێوراوە؟

3 مانگ پێش ئێستا

چێنەر عەبدولقادر
هەر كە باسی پاڵێوراوی یۆرۆ دەكرێت هەموو لایەك لایان ئاشكرایە كەفەرەنسا بەهێزترین پێكهاتەی هەیە، كێی تر پاڵێوراوە؟ لێرەدا بە وردی باسی ئاستی تیپە بەهێزەكان دەكەین:
ئاستی یەكەم:
*فەرەنسا: پاڵەوانی جیهان لە روی پێكهاتەوە باشترین هەڵبژاردەی یۆرۆیە، بە گەڕانەوەی بنزیمە تیپەكە زۆر باشتر بوون، لەو باوەڕەدام لە هەموو هێڵەكان فەرەنسا هیچ كێشەی نیەو یاریزانی سوپەری هەیە لە گۆڵچی نەبێت، هیوگۆ لۆریس گۆڵچیەكی باشە بەڵام ناتوانین بڵێین سوپەرە! لۆریس كاپتنە و هەر سەرەكی دەبێت، بەڵام مایك میگنان باشتربوو سەرەكی بێت.
دیشامپ كێشەیەكی ئەوتۆی نیە، بەڵام هەندێك جار بە ٣ بەرگری یاری دەكرد، تیپەكەی زۆر بەرگری بوو، دواین یاری بە ٤-٣-٣ یاری كرد بەرامبەر وێڵز و كێشەی نەبوو.
فەرەنسا بەهێزترین پاڵێوراوە بەڵام باشترین گۆڵچی نیە!

ئاستی دووەم:
بەلجیكا: تیپەكەی رۆبەرتۆ مارتینێز لەم یۆرۆیەدا لەروی كێبڕكێ وە پاڵێوراوێكی بەهێزە، زۆر بەهێزتر لەوەی باس دەكرێت، بەلجیكا خاوەنی یاریزانی زۆر باشە، لە هەموو هێڵەكان یاریزانی سوپەریان هەیە، خاوەنی گۆڵچیەكی سوپەرن، راهێنەر دەتوانێت زۆر بەباشی بە ٤ بەرگری و ٣ بەرگری یاری بكات.
تیلیمانس و دی برۆین و لوكاكۆ و كاراسكۆ بەشێكی ئەو یاریزانانەی كە لەوپەڕی ئاست بەرزیدا گەڕانەوە هەڵبژاردەكەیان، بەڵام دڵنیانیم لە هازارد سەرەكی دەبێت یان نا.
ئەلدەرڤیرلد و ڤیرتنوخن و بۆیاتا لە دڵێ بەرگری دەكرێ كیشەی خێراییان هەبێت ئەگەر رووبەرووی هێرشبەری خێرا ببنەوە، دەتوانین بڵێین ئەوە خاڵی لاوازیانە.
لاتان ئاسایی بێت بەلجیكا ببێتە پاڵەوان.

ئاستی سێیەم:
ئیسپانیا: تیپەكەی لویس ئینریكی بە بێدەنگی بەشداری یۆرۆ دەكات مانای وایە پاڵێوراو نیەو فشاری ئەوەیان لەسەر نیە، بەڵام یاریزانی زۆر باشیان هەیە، رەخنەیەكی زۆر لە ئینریكی گیرا كە یاریزانی ریاڵ مەدریدی نەبردوە، ئەو رەخنانە دوای یەكەم بردنەوە دەڕوات.
ئیسپانیا خاوەنی كۆمەڵێك یاریزانی لاوە لەگەڵ چەنی یاریزانێكی بە ئەزموندا، ئیسپانیا بەردوامە لە كۆنتڕۆلی تۆپ و فشاری بەرز و یاری هێرشبەری، بۆیە لەو باوەڕدام ئیسپانیا بژاردەیەكی بەهێزی ئەم پاڵەوانێتیەیە.

ئاستی چوارەم:
ئەڵمانیا و ئینگلتەرا و پرتوگال و ئیتاڵیا لە یەك ئاستدا دەبینم.
ئەڵمانیا:
زۆر بە دەگمەن رویداوە ئەڵمانیەكان تیپەكەیان بە پاڵێوراو نەزانن، بەڵام لەم جامی ئەوروپایە ئەو هەستەیان هەیە، هەرچەندە ئەڵمانیا لە پاڵەوانێتیدا بەردەوام گەورە دەركەوتوە، بەڵام لە راهێنەری لۆفدا ئەوەمان نەبینی.
بە گەڕانەوەی مۆلەر هێڵی پێشەوەی ئەڵمانیا دەبێت باشتربێت، بە مۆلەر و ڤێرنەو هاڤێرتز و گنابری و سانێ لە پێشەوەو كیمیچ و گندۆگان و كروز و گۆرێتزكا و چەندین یاریزانی تر ئەم تیپەی ئەڵمانیا دەبێت زۆر باشتربێت لەم ئاستەی ئێستا، پێدەچێت كێشەكە زیاتر لە هێلێ بەرگریدا بێت.
دواین پاڵەوانێتی بۆ لۆف دەكرێ بەبێ فشار زۆر باشتربن.
*ئینگلتەرا:
بەردەوام ئیگلتەرا بە تاك یاریزانی زۆر بەتوانای هەبوە، بەڵام كاتێك وەكو تیپ لە پاڵەوانێتیەكان دەیانبینین ئاستیان باش نیە، گاریس ساوسگەیت گۆڕانكاری باشیكرد كرد لە مۆندیالی پێشودا لەسەر ئاست و شێوازی یاریكردن.
ئینگلتەرا لەم یۆرۆیەدا تیپێكی گەنجی هەیە و خاوەنی هێرشبەرێكی زۆر باشی وەكو هاری كەینە، یاریەكانی قۆناغی كۆمەڵەكانی لە یاریگای خۆیەتی و ئەگەر بە یەكەمی سەركەوێت دەكرێ هەر لە یاریگای خۆی سود لە هاندەران ببینێت تا كۆتایی ئەگەر بڕوات.
*پرتوگال:
پاڵەوانی یۆرۆ و نەیشن لیگی پێشوو دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەكەی بكات، لە ئێستادا پرتوگال لەروی تاكەوە تیپێكی بەهێزتری هەیە لەوكاتەی بونە پاڵەوانی ئەوروپا، بەڵام شێوازی یاریكردنەكەیان باشتر نەبوە.
فرناندۆ سانتۆس ئەوكاتەی بەرگری و هێرشی پێچەوانە یاری دەكرد ئەنجامەكانی باشتربوو، بەڵام كە گۆڕانكاری كرد و زیاتر تیپەكەی كرد بە هێرشبەری باڵانسی تیپەكەی تێك چوە.
بە رۆناڵدۆ و جواو فلیكس و برۆنۆ فرناندێز و برناندۆ سیلڤا و دیگۆ جۆتا و ئەندریا سیلڤا و جواو كانسیلۆو رۆبن دیاز و چەندین یاریزانی زۆر باشیتر پرتوگال تیپێكی پر لە ئەستێرەی هەیە بەڵام چۆن بەكاریان دێنێت ئەوە راهێنەر بڕیار دەدات.
*ئیتاڵیا:
لەدوای شكستە گەورەكەی مۆندیالی ٢٠١٨ ئیتاڵیا لەگەڵ مانچینی هەموو شتێكی گۆڕی.
مانچینی یاری ئیتاڵیای كرد بە هێرشبەری و كۆنتڕۆلی تۆپ و چونە پێشەوە بە زۆرترین ژمارە، ئەو ئیتاڵیایەی بە زۆرترین یاریزان بەرگریان دەكرد و بە كەمترین یاریزان هێرشیان دەبرد كۆتایی هات، ئێستا لەگەڵ مانچینی ئیتاڵیا بەزۆرترین ژمارە دەچنە پێشەوەو یاریەكی خێرا دەكەن، لە پاڵاوتنەكان و دواین نەشن لیگدا ئیتاڵیا زۆر باش بوو، وەكو تیپ ئیتاڵیا پێكەوە باش یاری دەكەن، بەڵام سوپەر ستیاریان كەمە، بەتایبەتی لە پێشەوە.

ئاستی پێنجەم:
كرواتیا و هۆڵەندا
*كرواتیا: 
دوەمی مۆندیالی ٢٠١٨ ئەو ئاستەی پێشویان نەماوە، هەرچەند هێشتا لە ناوەڕاست خاوەنی مۆدریچ و برۆزڤیج و كۆڤازیچن، بە پێی ئەنجام و ئاستی گشتی تیپەكە وای نابینم كرواتیا بەهامان توانای مۆندیالەوە ببینین.
*هۆڵەندا:
مێژووی هۆڵەندا و یانەكان و قوتابخانەكانی تۆپی پێ هەمووی لەسەر ٤-٣-٣ پەروەردە كراون، بەڵام فرانك دی بۆر سورە لەسەر ئەوەی بە ٣-٥-٢ یاری بكات.
تا ئەو كاتەی كومان لە هەڵبژاردەی هۆڵەندا بوو ئاستیان زۆر باش بوو، بەڵام بە هاتنی فراك دی بۆر ئەوە گۆڕا، ئەم راهێنەرە شایستەی ئەو پۆستە نیە، لەهەر شوێنێك بوە ئاستی خراپ بوە، بۆ ئەم یۆرۆیەش بڕاوناكەم هۆڵەندا لەگەڵ دی بۆر ئەنجامی هەبێت!
•لە كۆتاییدا دەبێت ئەوەمان لەبیربێت كە هەندێك هەڵبژاردە لەگەڵ دەستپێكی پاڵەوانێتیدا ئاستیان باش دەبێت، یان هەڵبژاردەیەكی بچوك زۆر جیاواز دەردەكەوێت وەكو یۆنانی ٢٠٠٤ با بزانین چی دەبینین لەم یۆرۆیە.