كۆیلەكانی حیزب و سەرۆك

1 مانگ پێش ئێستا

ئارام قادر حەمەسور
پادشایەك وەزیر و كاربەدەستەكانی دەعوەت كرد و بە خزمەتكارەكانی گوت: لەجیاتی تووتن تەرسی ئەسپیان بۆ بخەنەسەر قلیانەكانیان (نێرگەلەكانییان)
میوانەكان دەستیان كرد بەقلیان كێشان!
بۆنی تەرس دیوەخانی پڕكردبوو، بەڵام میوانەكان لە ترسی پادشا نەیاندەوێرا بڵێن قلیانەكەیان ناخۆشە و قومی بەهێزیان لێدەدا. پادشا ڕووی كردەمیوانەكان و وتی: باشترین تووتنم بۆ خستوونەتە سەر قلیانەكانتان، لەلایەن حاكمی هەمەدانەوە بەدیاریی بۆم هاتووە.
میوانەكان دەستیان كرد بەپێداهەڵگوتن بەتووتنی قلیانەكان و وتیان: لەهەموو تەمەنماندا تووتنی وا باشمان نەكێشاوە.

پادشا ڕووی كردە دارۆغە كە بەهەموو تینی قمی لێدەدا و گوتی: تووتنێكی چۆنە؟
دارۆغە وتی: بەسەری پادشا پەنجاساڵە قلیان دەكێشم بەڵام تووتنی واخۆشم نەكێشاوە.

پادشا بەچاوێكی سووكەوە ڕووی كردە میوانەكان و گوتی: ڕووتان ڕەش بێت كە بەخاتری پۆست و پلەوپایەتان ئامادەن تەرسی ئەسپ لەجیاتی تووتن بكێشن و ئەشەدوبیللاشی بۆبكێشن بڵێن لەو تووتنە باشترمان نەكێشاوە.

پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر (ئاتین دۆلابۆتی) لە كتێبی (خۆ بە كۆیلەكردندا) دەڵێت: دەسەڵات هیچ نییە جگە لە لەوەی خەڵك پێیی دەدات، خەڵك دەست و قاچی داوەتە دەسەڵات.  واتا دەسەڵات ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگەیە، ئەمەش حەقیقەتێكی سۆسیۆلۆجییە.

 (حەمد ماغوت) شاعیری سووری دەڵێت: ئەوەی هەڕەشەیە بۆسەر كۆمەڵگە تەنیا دەسەڵات نییە، بەڵكو مەوادی حافیزەی دەسەڵاتە. واتا ئەوانەی لەدەوری دەسەڵاتن و دەیپارێزن.

كەواتە پێش ئەوەی دەسەڵات بگۆڕین دەبێت هۆشیاری گشتییمان بگۆڕین، ئەگینا دەسەڵاتی دواتریش هەمان ستەمكار دەبێت. بینیمان زۆربەی شۆڕشەكانی دونیا بەخوێن هاتن و دواتریش شۆڕشگێڕەكانیش بوونە ستەمكار و بەخوێن لادران. ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵانی) جۆرج ئۆروێل لەم بوارەدا  خوێندنەوەی زۆر گرنگە.
 وەك ماركس گوتی: كۆمەڵگە دەتوانێ هۆشیاریمان دیاریی بكات. واتا كۆمەڵگە منداڵدانی سیستەمەكانی ترە، كاتێك كۆمەڵگەیەكی تەندرووستمان دەبێت، تەواوی سیستەمە كۆمەڵایەتییەكانیش باش دەبن. 

كەواتە ڕەخنەكردنی ئەقڵییەتی كۆمەڵگە لە ڕەخنەكردنی دەسەڵات گرنگترە، دەسەڵات پێدراوێكی كۆمەڵگەیە و هۆشیاری كۆمەڵگە شێوازی دەسەڵات دیاری دەكات. تەمەنی ستەمكارەكانیش پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵگە.
تەرسكێشەكان مەترسیدارترن لە پادشا. 
وەك ماركس گوتی: ئەوان گەورەتر نین لەئێوە، بەڵكو گرفتەكە ئەوەیە ئێوە دانیشتوون و ئەوان بە پێوەن.