بەڵێ كابە كەچ بووە!!

1 مانگ پێش ئێستا

عەبدولرەزاق شەریف
هەموان پێویستە سوپاس و دەستخۆشی لەو رۆژنامەنوسە گەنجە بەرپرسیارە ئازایانە بكەین، منیش دوای رێز و سڵاو بۆیان روخسەتیان لێوەرەگرم بە كۆپی یان رونكردنەوە وەك پشتیوانیكردنیان تەوزیفێ بۆ جوامێری ئەوان بكەم، بەڵكو حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری و هەمو دنیا لەو فەزیحەیە بەخەبەر بێن و ئاگادار بن .

من لام گرنگ نیە كێ و كام دەزگا و چ وەزیریك و كێها حیزب و لە پشت فەزیحەی ( یانەی سیروان )ەوەن! ئەم مەسەلەیە تەواو چڤاكیەو پەیوەندی بە ئێستا و ئایندەی رۆڵەكانی كورد و گەشەكردنی كۆمەڵی كوردەواریەوە هەیە. 

مناڵ و توانای مێردمناڵی سامانێكی گەورە و زامنی گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵگەیە، لە دنیای ئەمڕۆدا توانا و پسپۆڕی و لێزانی كایەكانی ژیانی مرۆڤ لە كۆمەڵگەدا، لە قۆناغەكانی سەرەتایی و مێردمناڵیەوە دەرئەكەون و جیا ئەكرێنەوە، ئیتر بە بەرنامە جومگەكانی دەسەڵات و دەوڵەت بۆ هەر بوارێكی ژیان نەوەكانی خۆی ئەناسێ و ئاراستەیان ئەكات . 

خێزان وەك یەكەیەكی بچوكی ئیدارەی دەوڵەت و كۆمەڵ دەور و كاریگەری لەو ئاراستە كردن و دواجار پێشكەوتن و گەشەكردنەدا هەیە، هاندان و كارئاسانی و خۆشكردنی ئەو روبەرەش بۆ خێزان و دەوروبەر، بە یاسا و دەستور رێكخراو و پارێزراو ئەبێت، بۆیە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و پەیمان و گرێبەستە كۆمەڵایەتیەكان پارێزگاری و پارێزبەندی تەواوی بۆ تەمەنی خوار هەژدەساڵ داناوە و هەمو دەستدرێژی و یاریكردنێك بە كەرامەت و بەها مرۆییەكانی ئەوان توندترین سزای لەسەر دانراوە، هەر ئەم پارێزگاریكردنە دەستوری و یاساییەش وای لە خێزانەكان كردوە بێخەم و بەكەماڵی متمانەوە مناڵەكانیان تەسلیم بە سیستەمی پەروەردە و كایەكانی ژیانی كۆمەڵ و دەوڵەت بكەن .

خۆ ئەگەر لە حاڵەتی نەمانی ئەو متمانەیەدا، بە گومان و بەڵگەیەكی لاوازیش بێت دەسەڵات و یاسا پێشوازی نەكەن و گومانەكە نەڕەوێنن و متمانەكە نەگەڕێندرێتەوە، ئیتر كارەسات گەر نەشبوبێت مانای هەبوە و گەورەترە لەوەی كە باسكراوە . بەمانایەكیتر لە هەمو كۆمەڵگەیەكدا، فەزاحەتی هاوشێوە روئەدات و كارەساتیش ناقەومێ و پۆلیس و دەزگای دادوەری بە ئەركی خۆیان هەڵەستن و وەك حاڵەتێكی شاز ئەچێتە ئەرشیفی پۆلیس و میدیاوە، بەڵام گەر رویدا و بەهەر هۆیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی دیزە بە دەرخۆنە بكرێت و دادگا و دەوڵەت كەڕوكپ بێدەنگی لێبكەن، بەڵێ كارەساتی گەورە رویداوە و كابەش كەچ بوە، كارەساتێك زۆر گەورەتر لە تاڵانی و دزی نەوت و گومرگ و زیانی زۆر زیاتر لە داتەپینی ژێرخانی ئابوری و تەنانەت لە نەمانی دەوڵەت و دەزگای دادوەری زیاتر .