باخەوانی چاندنی مەمك بۆ ئەو ژنانەی بەهۆی شێرپەنجەوە مەمكیان لەدەستداوە

1 مانگ پێش ئێستا

گوڵ چەندین ساڵە ئەركی پەیداكردن، كۆكردنەوە و ناردنەوەی مەمكی دەستكردە بۆ ژنانی توشبووی شێرپەنجە لە كوردستان. لەساڵی ٢٠١٠وە زیاتر لە پێنج هەزار مەمكی دەستكردی ناردووەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و دڵی ژنانی تووشبوی شێرپەنجەی پێ خۆشكردووە.

گوڵ ئیبراهیم عبدالرحمن ناسراو بە (گوڵاڵە پشدەری لە بەهاری ١٩٦٧ لە سەنگەسەر لە دایك بووە،  ئێستا وەك پەرستیار و ڕاوێژكاری شێرپەنجەی مەمكە لە نەخۆشخانەیەكی ئەمستردام كاردەكات.

لە٢٠١١ وەك باشترین چالاكوانی تەندروستی لەسەر شیرپەنجەی مەمك لەلایەن دانیشتوانی ئەمستردام و ڕۆژنامەی پارۆڵ كاندید كراوە بۆ كۆچبەران و لە ٢٠١٩دا دیسان لەلایەن كۆمەڵەی شێرپەنجەی مەمكی هۆڵەندا ڕێزلێنانی كردنەوەی بۆرسەی ئەمستردام بۆ دووهەمجار پێ بەخشرا.

گوڵ بە پەیامنێرەكەی (چاوی خەڵك)ی وت” مەمكی دەستكرد چەندین جۆری هەیە و بۆ چەندین قۆناغ بەكار دەهێنرێت، واتە دوای نەشتەرگەری و بڕینەوەی گرێ یان تەواوی مەمك بۆناو مەمكدان، هەرەوها  (ئیمپلانتات) هەیە كەئەوانیش لە سلیكۆن دروستكراوە بەڕێگەی نەشتەرگەری دەخرێتە ژێر پێست و ماسولكەكەوە، بەڵام  ئەوەی من دەینێرمەوە لەڕێگەی ڕێكخراوەكەم تەنها جۆری ناو مەمكدان بووە چونكە لەكوردستان تائێستا نەشتەرگەری دانانی سلیكۆن بۆ توشبوانی شێرپەنجە نەكراوە.”

بیرۆكەی دامەزراندنی یەكەم ڕێكخراوی تایبەت بە شێرپەنجە بۆ پشتیوانی لە تووشبووانی كوردستان لە بەهاری ٢٠١١ بەبڕیاری وزارەتی ناوخۆ بەفەرمی مۆڵەتی وەرگرت بە ناوی (سەنتەری پەنا).

لە”سەرەتاوە لەسەر ئەركی خۆم مەمكە دەستكردەكانم دەناردەوە، تەنیا جارێك نەبێت لەلایەن فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانەوە و خێرخوازێك ئەركی ناردنەوەیانی گرتەئەستۆ، دواتر كتێبێكم نوسییەوە بەناوی( ٢١ تیشك)كە باسی ژیانی كولتوری و سیاسی خۆم دەكەم كە چیان بەسەر هێناوم و چۆن توانیومە بەرپەرچیان بدەمەوە، داهاتەكەیم تا دوای دووساڵ لەدەرچونی كتێبەكەش بۆ ناردنەوەی مەمكەكان بەكار هێنا.


بۆ ناردنەوەی مەمكەكان  گوڵ گرفت و بەربەستی زۆری هاتووەتە پێش، چونكە كار و تێچو و كاتێكی زۆری دەوێت، لە هۆڵەندا هەمو ئەو كارانە لەسە ئەركی خۆی ئەنجامی دەدات.

گوڵ بەتەندروستییەكی ناجێگر و دنیایەك خەمەوە وتی” ناردنەوەی مەمكە دەستكردەكان ڕێساو یاسای تایبەت بە خۆی هەیە لە هۆڵەنداو هەم لە كوردستانیش، لە ناو حكومەتی هەرێمیشدا دەبێت بە داواكاری فەرمی بێت و بەچەند دامو دەزگایەك وەك وەزارەتی تەندروستی، بەشی كوالیتی كۆنتڕۆڵ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی و ئاسایشدا تێپەڕێت، چونكە ئەوەش وەك دەرمان ئەژمار دەكرێت.”

بەپێی وتەكانی گوڵ هەمیشە لە نێو حكومەتی هەرێمدا كارەكان لەشوێنیكدا گیردەخوات، زۆر جار توشی دڵەڕاوكێ و زیان دەبن، ئێستا وا دووساڵە بارەگای ڕێكخراوەكەیان لێسەندراوەتەوەكە لەنێو سەنتەری میدیای پزیشكی هەولێر جێگیرببون و لەوێ نەخۆشەكانیان دەبینی، لەبەر ئەو بارو دۆخە تاڕادەیەك لە ناردنەوە وەستاون، ئەوەشی بۆیان نەگوازرێتەوە بۆ كوردستان دەیان نێرن بۆژنانی توشبوی شێرپەنجە لە ئەفریقا.

گوڵ دەڵێت” ئەوەی منی دڵخۆش كردووە و زیاتر هانی داوم، فرمێسكی خۆشی ژنان بووە كە مەمكەكەیان بەخۆیانەوە بەستووە و جارێكیتر هەستی ژنانەیان بۆ گەڕاوەتەوە و منیان لە باوەش كردووە، بە گریان و خەم هاتون بۆ بردنی مەمكەكە دوای تاقی كردنەوەیان گریانەكەیان گۆڕاوە بۆ خۆشی. بۆیە منیش تا خودا تەمەنم پێبدات ئەم كارە دەكەم، چونكە من وەك ژنێك و توشبوییەكی شێرپەنجەی مەمك بیر لە هەمو ژنێكی دونیا دەكەمەوە بەتایبەت ژنانی وڵاتی هەژار.”

گوڵ لە ساڵانی نەوەدەكانەوە دەستی بە نوسین لە بواری تەندروستی كرووە و لەوكاتەدا یەكێك بووە لەژنە نوسەرەكان، لە ئێستاداخاوەنی پەرتوكێك و نۆ نامیلكەیە لە بواری تەندروستیدا، گوڵ ژنێكە تەواوی ژیان و كارەكانی هەم خۆبەخشین هەم بۆنی خۆبەشی و هاوكاری لێدێت ئەویش بە سیمینارو دەركردنی پەرتوك و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی وسازدانی گردبونەوە و كاری ڕێكخراوەیی خۆبەشی.

س: چاوی خەڵك