ئێمە و ئێوە (تەفاوت و تەمەییز)

1 مانگ پێش ئێستا

هونەر تۆفیق
ئەو هێڵەی بەنێوانماندا كێشاوتانە بەتەنیا ئێمە و ئێوەیەكی سادەی جیاواز نی یە! بەڵكە دیاریكردنی تەفاوت و تەمەییزی ئێوەیە لە ئێمە ..

حكومەت بۆ ئێوەیە، متەمەیزن بەوەی خۆتان و كوڕ و كچەكانتان ، حاكم و وەزیر و بەڕێوەبەری حكومەتن . تەفاوتمان لەوەدایە دەبێت ئێمە باج و سەرانە بدەین بەئێوە بۆ ئەوەی خۆش بژین و ئێمەش بەبێ موچە و داهات خزمەتتان بكەین ..

سوپا بۆ ئێوەیە. متەمەیزن بەوەی دەبێت ئەو سوپایە ببنە حیمایەی خۆتان و كچ و كوڕەكانتان. هەركات پێویستان بوو بە تەواوی تفاقی عەسكەرەیەوە، سەربازەكان بێنە مەیدان، بەدۆشكە و چەكی قورسترەوە شەڕ بۆ منداڵەكانتان بكەن .

تەفاوتەكە لەوەدایە، ئێمەش دەبێت دەستمان بەدڵمانەوە بێت داخۆ منداڵی كاممان بە فشەكی منداڵەكانتان دەكوژرێت !!

سامانی وڵات بۆ ئێوەیە. متەمەیزن بەوەی نەوت و گومرگ و زەوی و بازاڕ هی ئێوەیە. ئێمەش مەئموری جێبەجێكار و كۆكەرەوەی سامانەكەتان بین. تەفاوتەكەش لەوەدایە، ئەگەر پیشە و كارێكی مەمرە و بژیتان بۆ خەڵك هێشتبێتەوە، بە باج و ڕسومات و غەرامەكردن ئەوەشیان لێدەسەننەوە . 

هەرچۆنێك بێت ، ئێمە و ئێوە ، عادەتمان بەو ناعەدالەتیەی تەفاوت و تەمەییزەی نێوانمانەوە گرتووە ، بەینی خۆمان پاراستووە ،هێشتا كارەساتە گەورەكە ڕووینەداوە . كارەسات لە ئێستەوە دەستپێدەكات !! چۆن بتوانین منداڵەكانمان لە منداڵەكانتان بپارێزین ؟!