ئەو دەرمانانەی بۆ بەهێزكردنی سێكس و زیادو كەمكردنی كێش بەكاردەهێندرێت "ساختەن"

1 مانگ پێش ئێستا

سەرچاوە: بوار نیوز
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم "دادو بێدایانە" لەدەست ئەو دەرمانە گژو گیایانەی، بۆ دابەزاندن و زیادكردنی كێش و گەورەكردنی سمت و ڕوخسارو بەهێزكردنی سێكس بەكاردەهێندرێت؛ بەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانیش داوا لەهاوڵاتیان دەكات، هیچ دەرمانێك نەكڕن، ئەگەر ستیكەری وەزارەتی تەندروستی پێوە نەبێت."
ماوەی چەند ساڵێكە لەشارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێوەی ئۆنلاین لەڕێگە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كڕین و فرۆشتن بەچەند جۆرێكی دەرمان و دەرمانی گیایی دەكرێت، بەڵام كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم جۆری دەرمانەكان و شێوازەكانی ساغكردنەوەشیان ڕەتدەكاتەوە.  
17ی حوزەیرانی 2021، هێلین ئەحمەدی 18 ساڵ لەهەولێر، لەڕێگەی فەیسبوكەوە حەبی قەڵەوبون دەكڕێت، دواتر بەهۆی خواردنی حەبەكەوە، دوای شەش ڕۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
دوای ڕوداوەكە، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ بەدواداچونی ڕوداوەی گیان لەدەستدانی كچەكەی هەولێر پێكهێناوە، بڕیارە دواتر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بۆ ڕایگشتیی ڕونبكەنەوە.
جگە لەوە ڕیكلام بۆ دەرمانی چارەسەركردنی نەخۆشی قۆلۆن و دابەزاندنی كێش و چارەسەكردنی نەخۆشی چاو دەكرێت، هاوكات لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕیكلام بۆ بەهێزكردنی سێكس و گەورەكردنی مەمك و سمت دەكرێت.
لەبارەی بەكارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە‌، دكتۆر سەفین قادر، پیسپۆڕی دەرمان و بەرهەمە ڕوەكییەكانیان بە بواری گوت: "ڕاستە بەرهەمی ڕوەكی وەك تەواوكەری دەرمان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام ئەگەر بەرهەمە ڕوەكییەكان بەشێوەیەكی زانستی ئاماده ‌نەكرێت و لەگەڵ دەرمانی دیكە تێكەڵ نەكرێت ئەوا نەك سودی نابێت، بەڵكو زیانی زۆریشی دەبێت".
بەوتەی ئەو دكتۆرە پسپۆڕە، زۆربەی جۆرەكانی دەرمانی گیایی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕیكلامی بۆ كراوە مەترسیدارن، لەوانە؛ بەرهەمی ساختەی (AB SLIM) كە بۆ كێش دابەزاندن ڕیكلامی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا ئەو دەرمانە بەرهەمی قەدەخەكراوی تێدایە كە زیان و مەترسی گەورە لەسەر بەكارهێنەرانی دروستدەكات، چونكە بەپێی ڕاپۆرتێكی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 هۆشداری لەفرۆشتن و بەكارهێنانی (AB SLIM) درا، چونكە چەند ماددەیەكی زیانبەخش و مەترسیداری تێدایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، (AB SLIM) سێ ماددەی وەك "Sibutramine_سیبوتڕامین و Phenolphthaline_فینۆڵفتالین و Sildenafil_سێڵدینافیلی تێدایه".
زیانەكانی ماددەكان؛
-ماددەی یەكەمیان؛ دەبێتە هۆی توشبون بە نەخۆشییەكانی دڵ و تێكدانی باری درونی بەكارهێنەر، لەساڵی 2010ەوە قەدەخە كراوە.
-ماددەی دوەمیان؛ دەبێتە هۆی شێرپەنجەو لەساڵی 1997ەوە قەدەخە كراوە بۆ مرۆڤ بەكاربهێندرێت.
-ماددەی سێیەمیشیان؛ مەترسی لەسەر نەخۆشییەكانی دڵ دروستدەكات.
بۆ ڕێگری لەفرۆشتنی دەرمانی ساختەو گیایی، وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و هێزێكی تایبەت ئەو شوێنانە دەداخات كە ئەو جۆرە بەرهەمانە دەفرۆشن، بەڵام دەستیان بەو كەسانە ناگات كە بەشێوەی ئۆنلاین دەرمانەكان دەفرۆشن، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكات هەر دەر‌مان یان بەرهەمێكی گیایی ئەگەر ستیكەری وەزارەتی تەندروستی پێوە نەبێت، نەیكڕن.
دكتۆر عیسا عەبدولڕەحمان، دەرمانساز لەبەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵ، بە بواری ڕاگەیاند: ڕاستە، هەندێك بەرهەمی ڕوەكی هەمان كاریگەری دەرمانیان هەیە، بەڵام ئەو بەرهەمە ڕوەكیانەی لەكوردستان و عێڕاق و لەوڵاتانی دەروبەر هەن ساختەن و مۆڵەتیان نییەو ماددەی دیكەیان تێدەكرێت، جگە لەبەرهەمی ئەو كۆمپانیانەی كە بەڕەسمی مۆڵەتیان پێدراوە.
بۆ دوبارە نەبونەوەی ڕوداوی گیانی لەدەستدان، كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان داوا لەهاوڵاتیان دەكات، خۆیان لەكڕینی دەرمانی ئۆنلاین بپارێزن، چونكە "ئەو ڕیكلامانەی بۆ هەندێك دەرمان و دەرمانی گژوگیا دەكرێت بۆ دابەزاندن و زیادكردنی كێش  مەترسیدارن؛ لەگەڵ ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا كێش دادەبەزێنێت، بەڵام ئەو ماددەیە دەرونی مرۆڤ تێكدەدات و زیانی بۆ مێشك هەیە، چونكە ماددەی سیڕۆیتیان تێدایە كە ڕوخسارو سمت قەڵەو دەكەن لەهەمان كاتدا پەستانی خوێن و شەكری خوێن زیاد دەكات و بەكارهێنەر تووشی پوكانەوەی ئێسقانەكان دەكات".
لەبارەی ئەو گژوگیایانەشی بۆ بەهێزكردنی سێكسی بەكاردێت، كوالێتی كۆنتڕۆڵ پێیوایە، دەرمانەكە ماددەی ڤیاگراو هەنگوینی تێدەكرێت، ئەوانەی ماددەكە بەكاردەهێنن ماوەیەك كێشەی لاوازی سێكسی چارەسەر دەكات، بەڵام مەترسی گەورەی‌ هەیە، چونكە ئەو بەرهەمانە هەزار تاوەكو دوو هەزار ملیگرام ڤیاگراو ماددەی سێربی نافیل و ڤێرتینال فیلی تێدایە كە كاریگەری خراپی هەیە لەسەر دڵ و بەرزكردنەوەی پەستانی دڵ.