كوردستان لەنێوان بەهێزبون و لاوازبونی سلێمانی!

1 مانگ پێش ئێستا

هۆگر نێروەیی
لاوازبونی سلێمانی مانای بەهێزبونی هەولێر نایات، بەڵكو بە پێچەوانەوە لاوازبونی سلێمانی لاوازبونی هەرێمی كوردستانی بە دوا دێت، باكەس دڵخۆش نەبێت بە ناسەقامگیری سلێمانی،ئارامیەكەی تێكبدرێت شار بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی چەتەكان، هەر چەند لەكوردستان بەموتلەق سەد لە سەد یاسا سەروەر نیە بەڵام ئەوەی شارەكانی كوردستان لە عێراق جیادەكاتەوە یاسا و دەسەڵاتەكەیە و خۆشەویستی و ئینتمای خەڵكە بۆ نیشتیمانەكەی. گەر شارچێتی بەو شێوەیە بەردەوامبێت هەر یەك لە ئێمە تەنها لەخەمی شارەكەی بێت بە تێكدانی شاری دیكە دڵخۆش بێت بەڕق و كینەی حیزبایەتی ئیدی شتێك نامێنێتەوە بەناوی ئارامی و ژیانكردن لەهەرێمی كوردستان وەكو موصل و بەغدا و تەواوی شارەكانی تری عێراق ژیانكردن نەك بۆ مرۆڤەكان بەڵكو ئێستا گیانەوەرەكانیش لەو ژیانەی عێراق ڕادەكەن.

بەداخەوە كوردستان نەك بەرەو شارچێتی و قەزاچێتی و ناحیەچێتی و عەشیرەتچێتی و لادێچێتی دەچێت بەڵكو بەرەو گەرەكچێتی هەتا بنەماڵەچێتی و ماڵ چێتیش دەچێت، گەیشتۆتە ئەوەی برا بەچاوی دوژمن لەبراكەی دەڕوانێت، كەس لەخەمی كەس نیە، هەریەك تەنها لەو چەند مەترەی لەناوی دەژێت خۆی بەخاوەنی دەزانێت و لەخەمیەتی وەكو تر چی لێ دێت بۆی گرنگ نیە. ئەمەش لەدەرئەنجامی پیادەكردنی سیاسەت و ئایدۆڵۆژیای هەڵەی حیزبە كوردیەكانە و ناهۆشیاری تاكی كوردە.

خاوەنی هەر ئایدۆلۆژیایەك و هەر حیزبێكی ببە، نابێت هەرێمی كوردستان تەنیا یەك حیزب و ڕەنگی هەبێت، بەڵكو دەبێت هەموو حیزب و ڕەنگەكانی تێدابن، هەر چەند ناكۆكیت لەگەڵ حیزبی تر هەبێت با هەبێت، بەڵام ناكۆكی بەمانای ئەوە نەبێت یەكتر قبوڵ نەكردن تادەگاتە یەكتر سڕینەوە. كوردستان بەهەمو شارەكان موڵكی هیچ حیزبێك نین بەڵكو موڵكی كوردستانیانن حیزب تەنها ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و باشتركردنی ژیانیان بەرگریكردن و بەهێزكردنی نیشتیمانیان.

خەڵك كام حیزب بەباشتر بزانێت دەنگ بە ئەو دەدات، ئەو حیزبەی ئەمڕۆ دەسەڵاتدار بێت مەرج نیە سبەیش دەسەڵاتدار بێت. زۆر ئاساییە حیزبێك لاوازبێت حیزبێكی تر بەهێز بێت، ئاساییە هەرچی سیاسەت و ئایدۆڵۆژیایەك دەگریە بەر بۆ بەهێزكردنی حیزبەكەت بەڵام دەبێت بۆ بەرژەوندی كوردستان بێت نەك لەسەر حسابی بەرژەوەندیەكانی كوردستان بێت. وڵات بەبێ خەڵك بونیات نانرێت، خەڵكیش بەبێ وڵات لەناوئەچن كە خەڵكیش نەما نەحیزب نەهیچ شتێك نامێنێتەوە.

ئەوەی دوێنێ شەو لە سلێمانی روودا سیمایەكی ناشرینی نەك تەنها بۆ شاری سلێمانی هەبوو بەڵكو بۆ هەموو شارەكانی كوردستان هەبو. خەڵكی تر دڵخۆش بوون بەم ڕەفتارانە دەڵێن هێشتا نەتەوەیەك هەیە بۆ هەر شتێك دەست لەسەر چەلەبی تفەنگ دائەنرێت بۆ براكەی و لەناو فەوزادا غەرەق بوینە. شتێك نیە بەناوی یاسا لەوێ هێشتا لەسەردەمی مرۆڤەكانی نیاندرتاڵ ژیان دەگوزەرێنن. بۆ كۆتایی هێنان بەم فەوزایە گەڕانەوەی شكۆ بۆ وڵات و هێزەكانی ئەمنی وڵات دەبێت هاوسەرۆكانی سلێمانی كە ئێستا حاكمی سلێمانین بە ڕێگای یاسا كێشەكەی چارەسەربكەن، تاوانبارەكە هەركێیە لەهەر پلە پۆستێك دابێت بەیاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و دادوەرە بەڕێزەكان بڕیار بدەن نەك حیزبایەتی و عەشیرەتگەری و ئاغا و دەرەبەگ بڕیاری لەسەر بدەن.

بەهێزبونی سلێمانی هەولێر بەهێزتر دەكات، كە هەولێر بەهێز بوو پێگەی كوردستان لەناوچەكە بەهێز و بەهێزتر دەبێت ،بەڵام سلێمانی لاواز بێت چەتە حوكمڕان بێت داهاتوی كوردستان نادیار دەبێت بەرەوە نەمانیش نەچێت زۆر لاواز دەبێت تاكی كورد لەهەموو جیهان لەناو بێ ئومێدی دا غەرق دەبن.