گەورەبوونەوەی شەڕ و ناڕوونی ئەجێندا !

1 مانگ پێش ئێستا

دڵشاد ئەنوەر
ڕوودانی شەڕی گەورە لە سەر سنوری هەرێم بووەتە شتێكی حەتمی، شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە لەسەر سنور بەردەوامە، پێشبینی گەورەتربوونەوەی شەڕەكە لە ئارادایە.
شەڕەكە قورسە، بەڵام هێشتا توركیا وەك پێویست و بەپێی پلانەكانی پێشڕەوی نەكردووە، پەكەكە دەیەوێ سنوری شەڕەكە لەگەڵ توركیا فراوانتر بكات، تا بەشێوەی پارتیزانی دەستی زیاتر بوەشێنێت.
توركیاش وەك پێویست پێشڕەوی ناكات و لە زیانی گەورە دەترسێت، چونكە پەكەكە لەڕێگەی بازاڕی ڕەشەوە چەكی باشی دەستكەوتووە، بۆیە ئیعتیمادی توركیا لە ئێستادا  زیاتر لەسەر بەئامانج كردنی سەركردەكانی پەكەكەیە لەڕێگەی درۆنەوە.
توركیا بەچڕی لەهەوڵدایە بۆ تێوەگلاندنی پێشمەرگە لە شەڕەكە و فراوانكردنی جەبهەكە، پێناچێت هەرێم بەسەلامەتی لەم شەڕە دەربازی ببێت و بتوانێت نەبێتە بەشێك لە كێشەكە، بەتایبەت یەكخستنەوە بەپەلەكانی پێشمەرگە، خوێندنەوەی قوڵ هەڵدەگرێت.

تا ئێرە ڕوونە، ڕەنگە پێشمەرگە یان ڕوونتر بڵێین پارتی بگلێ لەو شەڕە، گەرچی یەكێتی دەڵێ شەر ناكەین و بەرپرسانی پارتیش نایانەوێ گەر شتێك ڕوویدا بەناوی حیزبەوە بێت، بەڵكو بەناوی هەرێمەوە بێت، بەڵام گرفتە گەورەكە ناڕوونی ئەجێندای توركەكانە، لای عێراقیەكان بەجۆرێك و لای بەرپرسانی كوردیش بەجۆرێكی تر قسە دەكەن.

توركەكان بە عێراقیەكانیان وتووە، ئەو شوێنانەی كۆنترۆڵیان دەكەین، با خاكی هەرێمی كوردستانیش بێت، دواتر ڕادەستی ئێوەی دەكەین، ئەم زانیاریە گەیشتووەتە بەرپرسانی هەرێمیش، تەنانەت هەندێك لە قیادەی پارتیش لەمە نیگەرانن.

توركەكان لای بەرپرسانی هەرێمیش بەجۆرێكی تر قسە دەكەن، باس لە پشتیوانی و هەوڵدان بۆ دروستكردنی هەرێمی سونە دەكەن، ڕەنگە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمیش بۆ ئوردن، ئەم مەسەلە باسبكرێت، چونكە ئوردن بووەتە مەتبەخی سیاسی ناوچەكە.

ئەوەی ڕوونە، توركیا دێت و ئەجێنداكەی دیار نیە، ڕوون نیە، ئایا لەگەڵ هەرێم ڕاستەكات یان لەگەڵ عێراق، بەڵام ئەوە ڕوونە هەردوولاشیان بەگومانن لەنیەتی توركیا، گەرچی هەرێم بەڕاستەوخۆ دەگلێ لە شەڕەكە و عێراقیش ناراستەوخۆ، توشی سەرێشە دەبێت.