ئێمە گەورەمان كردن!

1 مانگ پێش ئێستا

گەرمیان خالید گڕاوی
هاوینێكی گەرم و وشك بوو وەك ئێستا، داوەتی ئاهەنگی هاوسەرگیری هاورێیەك بووین لە یەكێك لە هۆڵە دیار و زۆر تازەكانی ئەوكات، قاقای پێكەنینی بوك و زاوا لەولاوە هەڵپەركێی گەرم، تۆزێك خوارتر دانیشتنی خێزانی و گەنجی جوان جوان، تێكەڵ بوونی تەواوی ڕەنگەكان، لەناكاوێك چاو بەعینەك و قات رەش هاتنە ژوورەوە رێگایان بۆ ژنێك خۆشدەكرد، فەرموو فەرموو دەستی پێكرد!

دیاربوو خاتوون(ژنە مەسئولێك) بوو، تەشریفی هێنابوو بۆ ئاهەنگەكە، ئیتر خوا هەڵناگرێ نەیتوانی دانیشێ لەسەر ئەو كورسی و مێزانەی بۆ ئامادەبووان داندرابوون، چاوەرێی كورسی (ڤی ئای پی) دەكرد.

كات تێپەری نزیكی بیست دەقەیەك بەس بەخێرهاتنی خاتوون دەكرا.! تەنانەت كاتی نان خواردنیش عەرزی تازەی نیشاندا و بەبێزەوە ووتی: نایخۆم.

سەرەرای هەموو بێ ڕێزی و خۆبەزل زانییەكەی، چەندین دەمانچەی باشی كردە شاباش و هەدییەی ئاهەنگەكە.

ساڵانێكی زۆرە دیاردەی خۆ بەگەورەزانین بڵاوبۆتەوە ئەم دیاردەیە بەتایبەت لەنێوان ژن و منداڵە دەوڵەمەندەكان و منداڵی مەسئول و ژنە مەسئولەكانن.

تەواوی ئامانجیان لەم دیاردەیە بریتیە لە:
بڵاوكردنەوەی بێئەخلاقی و بەدرەوشتی.
شكاندنی یاسا و نەهێشتنی پیرۆزی و سەروەری یاسا.
بەهەدەردانی سامانی گشتی و شەرعیەتدان بە تاڵانیەكانیان.
ئاسایی پیشاندانی مامەڵەكردن لەگەڵ مادەی قەدەغەكراو و چەك.
دوروستكردن چینایەتی و بڵاوكردنەوەی بیرو باوەری خۆ بەزل زانین.
ئەمانەوە دەیان كاری قێزەوەنتر..

كە بەپی یاسا نەك قابیلی قبوڵ نین بەڵكو شایەنی تەمبێكرن و دورخستنەوەن، بەڵام نابێ بیرمان بچێت ئەوەی ئەوانەی گەورە كرد خۆمان بووین، بە چەپڵەكانمان، بە فەرمووەكانمان، بە دەستخستنە سەرسنگمان بۆیان، بە بێ دەنگیەكانمان لەئاست تەواوی لادان و سەرپێچیەكانیان، ئێمە گەورەمان كردن، ئەواون بچووكن شایەنی گەورەكردن نەبوون.

سەرنج بدەن كاتێك ئەو بەناو مەسئولانە یان ماڵ و منداڵەكانیان سەفەرێك دەكەن چۆن دەسوڕێنەوە و هەڵسوكەوت دەكەن.؟.

بێگومان زۆر ڕوونە وەڵامەكە بەوپەری سادەیی و بێ هیچ پاسەوانێك، كەواتە ئەوان پاسەوان و پۆز و خۆبەگەورە زانینیان تەنها لەسەر ئێمە تاقی دەكەنەوە، چوونكە ئێمە گەورەمان كردوون.

پێویستە بەئاگابێینەوە لەوەی چیدی گەورەیان نەكەین و بیانهێنینەوە ئەو ئاستە نزمەی كە شایەنیانە، ڕووبەرووی یاسایان بكەینەوە بەمەش دەتوانین ووردە ووردە سەروەری بۆ یاسا بگەرێنینەوە بە ڕەچاو نەكردنی چ حزبێكە چ ئاستێكە چ لایەنێكە.

ئەگەر سەروەری یاسا بپارێزن یاسا دەتوانێت و دەزانێت چۆن لەسەر شەقام ببێتە مەترسی بۆ نەهێشتنی تاوان.

ئەگەر دەشتانەوێ كوردستان وێرانتر بكەن، فەرموون هەرچی كەیسە وەك هەمیشە بەلارێدا ببەن.