نرخی نەوت دەگات بە 100 دۆلار؟

3 مانگ پێش ئێستا

رۆندیك فارس
پەتای كۆرۆنا بووە هۆی شۆكێكی ئابووری بۆ كێرڤەكانی نرخی نەوت لە بازارەكاندا، بەڵام تەمەنی ئەو شۆكە كورتبوو، بە جۆرێك لە سەرەتاییەكانی 2021، تا ئێستا نرخەكانی نەوت بەردەوام لە بەربوونەوە دان و پێشبینی دەكرێت بگات بە 100 دۆلار.
چەندین فاكتەری سەرەكی هۆكار بوون لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت، لەوانە:
- بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژی كۆڕۆنا و كرانەوەی بازارەكان 
- زیادبوونی خواستی جیهانی بۆ نەوت، ئەمەیش بووە هۆی بڕیاری دووبارە زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایان ڕێكخراوی ئۆپێك پلەس.

جیاوازتر لە ڕووداوەكانی مێژووی نرخی نەوت، ئەمجارە باسێكی تر خامەی شرۆڤەكارانی بازاڕی وزەیان تەنیوە، ئەویش هۆكاری ئەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، وەك سزایەك یان باجێك پێناس دەكەن بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە بەكاربردنی نەوت وگازی زیاتر، لە رێگای بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، بەڵام ئەم سیاسەتە نوێـــــەی بەشێك لە وڵاتانی بەرهەمهێن و بەكاربەر تا ئاستێك سیناریۆیەكی دوورە لە واقێعدا، چونكە هەموو هەوڵێكی ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپا، دژایەتی كردنی هەریەكە لە رووسیایە  وەك بەرهەمهێن و چینە وەك بەكاربەر و پشتبەستوو بە هاوردەكارنی وزەیە، ئەمە لە لایەك 
لە لایەكی تر، لە بنەماییە سەرەكییەكانی زانستی ئابووری، هەر كاتێك نرخی نەوت بەرزبێتەوە گەشەی ئابووری جیهان تووشی شەلەل(پەككەوتن) دەبێت . ئەم رێسایەش دەكرێت چەن هۆكارێك لە پشتیەوە بن لەوانە:
- زیادبوونی كورتهێنانی بودجەی وڵاتانی بەكاربەر
زیادبوونی ڕێژەی هەڵئاوسان( بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا)

هەر كاتێك نرخی نەوت بەرزبێتەوە، گەشەی داهاتی تاكە كەس لەو وڵاتی بەرهەمهێن زیاد دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا نرخی سووتەمەنی بەهەموو جۆرەكانی بەرزدەبێتەوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی خەرجكردنی پارەی زیاتر لە ولاتی بەكاربەر و بەرهەمهێنی وزە،  گرانبوونی نرخەكان و دروستبوونی  هەڵئاوسان، ئەم هۆكارانەیش كورتهێنان لە بودجەی وڵاتی بەكاربەر دروست دەكات و زیادەی بودجە لە ولاتی بەرهەمهێن تا ئاستێكی دیاریكراو بەرهەمدێت. لە ئەنجامدا  گەشەی ئابووری جیهان دەوستێنێت.

بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فاكتەرانە، گەیشتنی نرخی نەوت لەو كاتەی ئێستادا بە 100 دۆلار چەند ڕێگریەكی دەبێت:
- زیادبوونی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا، دەبنە هۆی كەمبوونەوەی خواست. واتا نرخ دادەبزێت.
- كورتهێنانی بودجە لەسەردەمی كۆرۆنا بۆ وڵاتە پێشكەوتووەكان دوای ئەو كاریگەریە نێگەتیڤانەی كۆرۆنا، لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نابێت، چونكە گەشەی ئابووریان پەك دەخات.
- دووبارە گەرانەوەی ئێران بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی خستنەرووی نەوت و بەمەیش نرخەكان دادەبەزیت.
 
بۆیە مانەوەی نرخی نەوت لە نێوان 60 بۆ 70 دۆلار بە تێكرا لە بەرژەوەندی سەرجەم وڵاتان دەبێت، ئەگەرچی نرخی نەوت بگات بە 100 دۆلاریش ماوەیەكی كورت دەبێت و نرخەكان دەگەرێنەوە بۆ ستاندەری خۆی، بەڵام هەر بەرزبوونەویەك كارتێكی فشاری رووسیایە بۆ جەنگی نرخی نەوت دژی ئەمریكا، لەو نێوەندەشدا، یارییكانی سعودیە و چین كاریگەریان لەو جەنگەی نرخی نەوت بە ڕوونی دەبینرێت.