بــەزاندنی پــیرۆزی خانەوادە لای گـــادفازە هێڵی سوور بوو!

08/07/2021

شـــادمان محــەمەد
بە درێژایی ژیانی (ڤــیتۆ كۆرلیۆنی) هەر لە لاوێتیەوە بیگرە تا مردنی زۆر پــەیوەست بوو بەبابەتی خانەوادەوە!
- لە هەڕەتی لاوێتیدا ڤیتۆ كۆرلیۆنی كاتێك لەگەل یەكێك لە هاورێكانیدا دەچێت بۆ تەماشاكردنی نمایشێكی شانۆی ئیتاڵییەكان كە تێیدا خانمێكی ئیتاڵی زۆر جوان وەك ئەكتەر بەشدارە لە نمایشەكەدا.

لەوكاتەدا كە كچە شانۆكارەكە لەسەر ستەیج دەردەكەوێت و سەرقاڵی نواندنە، هاوڕێكەی بەچپە و بە بزەوە بە ڤیتۆ كۆرلیۆنی دەڵێت؛ 
ئایا هاوڕێ بەلای تۆوە فریشتە نازدارە خنجیلانەكەم جوانە! 
ڤیتۆ كۆرلیۆنیش دەلێت؛ بەڵێ زۆر جوانە، هەڵبەتە بەلای تۆوە نەك من، چونكە من خاوەنی جوانترین هاوسەرم.
هەربۆیە گەر سەرنج بدەینە سەر ژیانی تایبەتی كۆرلیۆنی ئەوا بابەتی پاراستنی شكۆی خێزان لە سەردەمی لاوێتیەوە پیرۆزی و ڕێزی خۆی هەبووە، وە كاریشی لەسەر كردبوو، تەنانەت كچەكەی و سێ كوڕەكەشی لەسەر ئەو بەرنامە و بیركردنەوەیە پەروەردە دەكرد.

بۆ نمونە؛ كۆرلیۆنی هەر لە سەرەتاوە لە هەڵسوكەوتی (سۆنی كوڕە گەورەكەی) ڕازی نەبوو، چونكە سۆنی جگە لەوەی كەسێكی هەڵەشە و بەڵەشە بوو، لە هەمانكاتدا تارادەیەك پیاوێكی ژنباز و ئافرەتباز بوو، خیانەتكار بوو لە ژنەكەی، پێچەوانەی دۆنی باوكی، هەربۆیە دۆن كۆرلیۆنی بە توانجەوە جارێك كە لە سێكس دەگەڕێتەوە پێیدەڵێت؛ 
ئایا كاتەكانت لەگەل هاوسەرەكەت دەبەیتە سەر؟
سۆنی دەڵێت؛ بــەڵێ...
دۆنی باوكیش پێی دەڵێتەوە؛ ئاخر ئەو كەسەی كاتەكانی خۆی لەگەل خێزانەكەی خۆی نەباتە سەر، هیچكات نابێتە پیاوێكی ڕاستەقینە! 

جارێكی دیكەش كە تازە مایكڵی كوڕە بچووكەكەی خەریكە دەبێتە جێگرەوەی دەسەڵاتەكەی خۆی بانگی دەكات و ئامۆژگاری دەكات و پێی دەڵێت؛ 
هیچكات نهێبیەكانی خانەوادەكەت بۆ كەسانی دەرەوەی خێزانەكەی باس نەكات! واتا خاڵی لاوازی خێزانەكەت نەبەیتە دەرەوە!
تەنانەت لە كوڕە ناوەنجییەكەشی هەر ڕازی نەبوو، چونكە كەسێكی دەستوپێ سپی بوو، تەمەڵ و گەوج بوو، هەمیشە بە تۆم هەیگنی ڕاوێژكاری دەوت؛ چاوێكت لەسەر بێت، ئابروومان نەبات ئەو گەوجی ساویلكەیە؟
ئەمە جگە لەوەی لە ساتی بەشوودانی كچەكەیەوە تاوەكو دەستپێكی ژیانی هاوسەرگیریشی و دروستبوونی كێشەكانیشی لەگەل زاواكەیدا؛ هەمیشە تۆم هەیگنی زڕكوڕی و ڕاوێژگاری یاسایی خانەوادەكەی ئاگادار دەكردەوە كە چاودێری وردی هەلسوكەوتی كچەكەی و زاواكەی بكات تاوەكو كاری ئابڕووبەرانە ئەنجام نەدەن.

كورت و پوخت؛ مەفهوومی خـانەوادە لای دۆن كۆرلیۆنی؛ جگە لە پیرۆزی، هاوشێوەی بازرگانی تریاك بەزاندنی هێڵێ سوور بوو.