خودا لە نێوان بانگەوازی هۆشیاری و دەعوەی دینیدا (2)

10/07/2021

یادگار واژەیی
پڕۆسەی باوەڕبوونی مرۆڤ بە هەر شتێك یان باوەڕنەبوونی، پڕۆسەیەكی تەواو ئازادانە و ناوەكیە، پەیوەندی بە عەقڵ و هۆشی ناوەوەی مرۆڤەكە خۆیەوە هەیە و هیچ پەیوەندی بە دەرەوەی مرۆڤەوە نیە، بۆیە هیچ كارەكتەرێك لە دەرەوەی مرۆڤ ناتوانێت ئەو باوەڕە بۆ مرۆڤەكە دروست بكات ئەگەر هۆش و عەقڵی مرۆڤەكە خۆی باوەڕ بەوە نەهێنێت كە دەیەوێت باوەڕی پێی هەبێت. لێرەدا ئەگەر بانگەشەیەك هەبێت بۆ باوەڕبوون ئەوا تەنها بانگە ناوەكیەكەی مرۆڤە لە ناوەوەی مرۆڤ خۆیدایە و لەوێوە لەگەڵ هۆش و عەقڵ دەكەوێتە گفتوگۆ بۆ بڕیاردان لە باوەڕبوون یان باوەڕنەبوون بە هەر شتێك، چونكە باوەڕبوون بابەتێكە تەنها پەیوەندی بە بیركردنەوەوە هەیە و لە ئەنجامی بیركردنەوەی مرۆڤ خۆیەوەتی. 

ئەگەر باوەڕبوون یان باوەڕنەبوون بە شتێك لە دەرەوەی بیركردنەوەی مرۆڤەكەوە بێ و بەبێ هۆش و بەكارهێنانی عەقڵی سەپێنرا بەسەر مرۆڤەكەدا، ئیتر بە زۆر بێت یان بە قەناعەتێك كە لە دەرەوەی بیركردنەوەی مرۆڤەكە خۆی بێت، ئەوا ئەو باوەڕە ئەنجامی بیركردنەوەی خودی مرۆڤەكە نیە و باوەڕێكی چەسپێنراوە لە ناخی مرۆڤەكەدا كە هیچ پەیوەندی بە بڕیارە هۆشیاریانەكەی مرۆڤ خۆیەوە نیە، وە لە ئازادانەی مرۆڤەكەوە سەرچاوەی نەگرتووە. ئیتر هەر كار و كردەوەیەكیش لە سەرەنجامی ئەو باوەڕەوە، یان ئەو باوەڕنەبوونەوە دروست بێت ئەوە ئاوێنەی باوەڕە چەسپێنراوەكەیە و هیچ پەیوەندی بە باوەڕە سروشتیە سەربەخۆكەی ناوەوەی مرۆڤ خۆیەوە نیە، بەڵكو باوەڕێكی هێنراوە و بە كار و كارەكتەرەوە چێنراوە لە ناو ناخی مرۆڤەكەدا.

بانگخوازی هەموو ئاینەكان یان ئایدیاكان، یان ئەو بانگخوازانەش كە بانگەشەی بێ ئاینی یان بێ ئایدۆلۆژی بۆ مرۆڤ ئەكەن، ئیشیان ئا ئەمەیە كە عەقڵ و هۆشی من و تۆ بوەستێنن لە بیركردنەوە و لە بڕیاردان بە باوڕبوون یان باوەڕنەبوون بەسەر هەرشتێكدا!
 
لێرەوە ڕوون ئەبێتەوە بۆمان كە ئەو دوو جۆرە لە بانگخوازان ئیشیان بەزۆر چەسپاندنی ئەو باوەڕەیە كە بەسەر خۆیان چەسپێندراوە بەبێ بیركردنەوە! هەر ئاوەهاش بەسەر تۆیا ئەیچەسپێننەوە بەبێ ئەوەی بتهێڵن لەگەڵ هۆش و عەقڵی خۆت بكەویتە گفتوگۆ و خۆت خاوەنی ئەو بڕیاڕی باوەڕنەبوون یان باوەڕبوونە بیت. ئەمەش پێش ئەوەی ستەم بێت لە خودی باوەڕ و متمانە بوون بەهەر شتێك، ستەمە لە خودی مرۆڤ و لایەنە ناوەكیەكەی مرۆڤ كە هۆش و بیریەتی. 

قورئان لە كۆتا ئایەتەكانی عەقیدە و باوەڕبووندا پڕە لە (لعلكم تعقلون) و ( لعلكم تتذكرون) (لعلكم تتفكرون) ئەمەش هەمووی لە پێناوی جوڵاندنی عەقڵ و بیر و هۆشی مرۆڤە، كە بە ئازادانە دەرفەتی بیركرنەوە بۆ هەر شتێك بڕەخسێنێت كە خۆی ئەیەوێت نەك یەكێكیتر بیەوێت كە بانگخوازە!
 
خۆ ئەگەر كەسێك بۆ پڕۆسەی باوەڕبوون یان باوەڕنەبوون بە هەر شتێك هێشتا هۆشیاری و ئاستی بیركردنەوەی نەگەیشتبووە ئەوەی كە خۆی بیربكاتەوە و شەن و كەوێكی باوەڕبوون یان باوەڕنەبوونەكە بكات، هێشتا ئەگەر بانگەوازێك هەبێت لە دەرەوەی مرۆڤەكە ئەبێ هەر بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی بیركردنەوە و بەگەڕخستنی عەقڵی مرۆڤەكە بێت و هێشتاش هەر نابێ ئەو بانگكردنە بۆ سەپاندنی باوەڕێك یان ئایدیایەك بێت! بەڵكو ئەبێ ئەو بانگەوازەش هەر بە ئامانجی تەنها بیركردنەوەی مرۆڤەكە و لە خزمەتی هۆشیاری و بەگەڕخستنی عەقڵدا بێت، چونكە هەموو كات باوەڕبوون یان باوەڕنەبوون هەر پڕۆسەیەكی ئازادانەیە و ناوەكیە، هیچ پەیوەندی بە دەرەوەی مرۆڤەكەوە نیە، یانی هەموو هەوڵێك بۆ ئازادكردنی عەقڵی مرۆڤ و هۆشیاركردنەوەی لەوەی كە بیربكاتەوە، هەوڵێكی تەواو دروست و بەجێیە و قورئانیش بە ( لا اكراه فی الدین) و (فمن شا‌ء فلیٶمن ومن شا‌ء فلیكفر) تەواو جەخت لەسەر ئەوە ئەكاتەوە كە باوەڕ نابێ بسەپێندرێ و دەبێ ئازادانە لە ویست و ئیرادە و بیركردنەوەی مرۆڤەكە خۆیەوە بڕیاڕی لەسەر بدرێت نەك لە دەرەوەی مرۆڤەكەوە بەزۆر بەسەریدا بسەپێنرێت!

هەر هەوڵێكیش بۆ سەپاندنی باوەڕ بێ و دوور بێت لە بیركردنەوەو هۆشیاری مرۆڤەكە، ئەوا هەوڵێكی تەنها ڕووكەشبازییە بۆ لەباربردنی هۆش و عەقڵی مرۆڤەكەیە و تەسلیمبوونیەتی بەوەی كە خۆی لە ناوەوە هێشتا تەسلیم نەبووە پێی.

ماویەتی...