كاریگەری كولتوور لەسەر جەستەی ژن لە لاپەڕەكانی مێژوودا!

11/07/2021

كازیوە قولەری
لەم گووتارەدا ئاوڕێكی كورت و پوخت دەدەینەوە لە كاریگەری و گۆڕانكارییە كولتوورییەكان لەسەر جەستەی ژنی كورد وەك یەكێك لە بەرجەستەترین فاكتەرەكانی كۆمەڵگای مرۆیی.
هەر چاخێكی كولتووری و مێژوویی ژیانی مرۆڤایەتی هەڵگری كۆمەڵێك داب و نەریتە كە پێكهێنەری فۆرمێكی تایبەتی كولتووری ئەم كۆمەڵگان. هەندێك لەم داب و نەریتانە لە سیكلی ژیانی كولتووری كۆمەڵگادا هەرمانن و بە شێوەی نەنووسراو لە بەرەیەكەوە بۆ بەرەكانی دواتر دەگوازرێنەوە. 
هۆكاری ئەوەی كە پێیان دەڵێین نەنووسراو ئەوەیە كە ژمارێك لەم بەریتانە بە تێپەربوونی كات و گۆڕانی سەردەم، بەرەبەرە كاڵ دەبنەوە و لە ئاكامدا دەسڕێنەوە.
لەم گوتارەدا ئاماژە بەو كولتوورە نەنووسراوانە دەكرێت كە ئەوەندە كاڵ بوونەتەوە تا ئاستێك كە دەتوانین بڵێین نەماون. ئەم كولتوورە زۆر كۆن نییە بۆیە زۆر بە ئاسانی دەتوانین لە دەمی دایك و باوكەكانمانەوە بیبیسین.

ژن چییە؟
كەسانێكی زۆر بۆ دۆزینەوە و تێگەییشتن لە شوناسی ژن و هەروەها ڕۆڵی ژن لە كۆمەڵگادا، توێژینەوەی زۆریان ئەنجام داوە. یەك لەم كەسانە جودیت باتلێر، پیتۆڵ و مامۆستای ئەمریكییە. جودیت باتلێر گرینگییەكی پتەو بە جەستەی مرۆڤ و بەتایبەت جەستەی ژن دەدات، بەتایبەت لە دوایین توێژینەوەكانیدا.
باتلێر لەسەر ئەم باوەڕەیە كە ژن تەنیا لە پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتیدا نابێ بە ژن (بەو چەشنەی كە سیمۆن دیبوڤار باسی دەكا)، و ناكرێ جەستەی ژن یان ڕەگەزی ژن لە گوتاری ڕۆژانەدا لەبەر چاو نەگیرێت، چونكە كاتێك منداڵێك لەدایك دەبێ، بۆ یەكەمین جار دكتور دەڵێ "كچە". ئەمەش بەم واتەیە كە جەستە بوونی فیزیكی هەیە و نكۆڵی لێ ناكرێ.
ئەم ڕوانگە هانی دام كەشوێن پێی ڕوانگەی كولتووری جەستەی ژن لە كۆمەڵگای كوردی بكەوم و قووڵتر بڕوانم بە جەستەی ژنی كورد لە كۆمەڵگادا. كاتێك سەیری وێنەكانی بنەماڵەیی خۆمم كرد، بابەتێكی سەرنجڕاكێش، هزری منی ڕاكێشا كە بوو بە هەوێنی نووسینی ئەم بابەتە. وێنەكانی ڕۆژی گواستنەوەی خۆم! ئەو ڕۆژە شین و شەپۆڕێك بوو لە ماڵماندا كە دەتكوت سەرەخۆشییە و من مردووم و تەرمەكەم لە ماڵ دەچێتە دەر.  

بووك، جەستە، زەماوەند و كولتوور!
وەك دەزانین بڕیاردەری سەرەكی هاوسەرگیری، بەتایبەت كچان، پیاوانی بنەماڵەن وەك باوك، برا، باوەگەورە، مام یان خاڵ. لە بۆنەی داواكاریدا ئەمە پیاوانن كە ژیانی كچێك دیاری دەكەن كە بە چ بەهایەك و بە كێ بدرێت.
بەڵام لە ڕۆژی زەماوەند و بووك گوازتنەوە، هیچ پیاوێكی بنەماڵەی بووك لە ماڵ نەدەمان و وەك شەرم و عەیب هەژمار دەكرا ئەگەر پیاوێك لە ماڵەوە با.
یان ئەگەر بینرابا كە پیاوێكی ماڵی بووك هەڵپەڕیبا، یان دایك و خوشكی بووك خۆیان ڕازاندباوە و جل و بەرگی زەماوەندیان دەبەر كردبا، دیانكوت "تەماشای، تەماشای، چەندە سەرودڵیان خۆشە نانخۆرێكیان كەم دەبێتەوە" یان دەیانكوت "دەڵێی كچەكەیان لەسەر دەستیان ماوەتەوە"...
ئەم تراژێدی جەستەی ژن (بووك) هەر بە ئێرە كۆتایی نەدەهات، بنەماڵەی بووك هێشتا شیوەنی كۆتاییان مابوو. كەسە نزیكەكانی بووك دەبوو كاتێك ماڵی زاوا دەهاتن وەك خزمەتكار بەوپەڕی شكۆ و ڕێزەوە خزمەتی ماڵی زاوا بكەن وەك ئەوەی كە سوپاسگوزاری خۆیان دەربڕن لەوەی كە گەورەییان كردووە و ئەم كچەیان لێیان خوازتووە. لێرەوە ڕۆڵی بنەماڵەی بووك (بەتایبەت پیاوان) دەگۆڕا و ڕەوتی هێز و دەسەڵات لە پیاوانی ماڵی بووكەوە دەگوازراوە بۆ پیاوانی بنەماڵەی زاوا. وەك ئەوەی بڵێی كاڵایەكی مەترسیدار یان بەهادار تا ئەمڕۆ لەژێر چاودێری پیاوانی بنەماڵەی بووك بووە و لە ئەمڕۆ بەدواوە ئەوە بنەماڵەی زاوان كە دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە واتە جەستەی ژنن. پیاوانی بنەماڵەی بووك دەسەڵاتیان لەدەست داوە و وەك سەربازێكی شكەست خواردوو چیدی ڕووی ئەمەیان نییە كە تەنانەت لە ماڵەوەش بن، هەر ئەو پیاوانەی كە كاتی خوازبێنی قاچیان دەخستە سەر قاچ و بە تەواوی هێزەوە فەرمانڕەواییان بەسەر هەڕیمی دەسڵاتی خۆیاندا (واتە جەستەی بووك) دەكرد. ئەمڕۆ ئەم پیاوانە بە سەرێكی شۆڕەوە دەبێ هەرێمەكەیان بە دوو دەستەوە ڕادەستی پیاوانی ماڵی زاوا بكەن.
ئەویش نەك بۆخۆیان، چونكە شكەستەكە ئەوەندە جێگەی شەرمە كە بۆخۆیان لە ڕوویان هەڵنایە چاو لە چاوی پیاوانی براوە بكەن، بەڵكوو پیاوێكی ناسراو یان خزمێكی دوور دەبوو ئەم ڕادەست (تسلیم) كردنە جێبەجێ بكات. ئەركی ژنانی لایەنی بووكیش شینگێڕی بۆ ئەم شكەستە و لێقەومانە بوو.
با سەرنجێكی لایەنی براوە بكەین واتە ماڵی زاوا.
جەستەی بووك هەرچەندی كە بۆ بنەماڵەكەی خۆی مەترسیدار یان بەهادار بوو، بە هەمان ڕادە ئەركی زاوای قورس دەكرد و بۆ ئەویش شەرم بوو.
زاوا لە گۆڕەپانی ماڵی بووك دەرنەدەكەوت، ئەوە ئەركی برازاوا بوو كە ئەم سەركەوتنە جێژن بگرێت و لەجیاتی براكەی هەرێمەكە وەرگرێت. بە هەڵپەڕكێ و دوو دەسماڵەوە لە بووك نزیك دەبووەوە و پشتێندی بووكی دەبەست. ئەم پشتێندە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەر لە ئیسلام كە زەردەشتییەكان بۆ ئەوەی بناسرێنەوە زۆناریان دەبەست و ڕێوڕەسمێكی هاوشێوەی غسل تعمیدی مەسیحییەكان بوو.
برای زاوا ئەم پشتێندەی بۆ بووك دەبەست بە نیشانی ئەوە كە لەم ساتە بەدواوە پەیوەستە بە بنەماڵەی زاواوە و ئەندامێكی بنەماڵەی ئەوان هەژمار دەكرێ.
بووكیش بە نیشانی سوپاسگوزاری هەدیەیەكی پێشكەش بە برازاوا دەكرد كە وەك باو بوو كراسێكی پیاوانە بوو كە پێی دەگووترا "كراسی قوتوو"، چونكە ئەو كراسە پیاوانانەی كە لە قوتوودا بوون گران بوو و هەموو كەس بۆی نەدەكڕا.
هاوكات لەگەڵ ئەمە، خزمی ماڵی زاوا كە هاتوون بووك ببەن بەو پەڕی شادی و خۆشحاڵییەوە هەڵدەپەڕین و هەندێجار دەیانكوت "توندتر پێ بكووتن، با میچەكە بەسەریاندا بڕووخێ، زەوی لەژێر پێتان بڵەرێتەوە، با بزانن ئێمە كێین"؛ و بەم شێوە سەركەوتنی خۆیان بە ڕووی ماڵی بووكدا دەداوە كە كز و داماو هەر كام لە سووچێكەوە خۆی دەشاردەوە كە كەس فرمێسكیان نەبینێت. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە بووك ببەن. دوو پیاو لە لایەن ماڵی بووكەوە بە خەمبارییەوە دوو دەستی بووك دەگرن و بووك لە نێوان شین و شەپۆڕی ژنان خزمیدا هاوكات لەگەڵ ئەوان شین دەگێڕێت و هەر جارنەجارێك خوشكی بووك پچڕپچڕ خۆی دەگەیەنێتە بووك و خۆی دەخاتە باوەشی یان دایكی بووك دێتە و فرمێسكەكانی بووك دەسڕێتەوە و توند توند (شڵپ شڵپ) بووك ماچ دەكات و ئاواتی بەختەوەری بۆ دەخوازێت و گەردنی كچەكەی ئازا دەكات؛ بە درێژایی ئەم دراما تراژێدییە، دوو پیاوەكە دەستی بووك بەر نادەن و وەك دوو پۆلیس چاودێری ئەمە دەكەن كە نەكا بووك بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم كارەساتە قەیراناوییە و ئەژنۆی شل بێتەوە و نەڕوا بۆ ماڵی زاوا.

كاتێك بە سەركەوتوویی ۲ پیاوی ماڵی بووك، بووك ڕادەستی دوو پیاوی ماڵی زاوا دەكەن، ڕۆڕۆ و لەخۆدانی ماڵی بووك عەرشی دەلەرزاند، وەك ئەوە وابوو كە مەیتی مردوویەك لە ماڵەكە دەبردرا دەرەوە. بنەماڵەی زاوا بووكیان بە چەپڵە و هەلهەلە دەبرد و ئەم پرۆسە لەوێدا دەردەكەوێت كە پرۆسەیەكی نێوان دۆڕاو (ماڵی بووك) و براوە ( ماڵی زاوا) بووە كە وەك زەبولمەسەل تاكوو ئێستاش بۆ ڕووداوێكی شەرماوی بەكار دەهێنرێت و دەڵێن "وەخت بوو بە بووكم بەرێ"، "باش بوو هەڵەت نەكرد دەنا بە بووكیان دەبردی"...

دوا قۆناغی كۆتایی هاتن بەم سەركەوتن و دۆڕانە بریتی بوو لە كوتێك پارچەی سپی كە ماڵی بووك لە سترێس و دڵەڕاوكێدا چاوەڕوانیان دەكرد. دەبوو ماڵی زاوا ئەم بەڵگەی سەركەوتنە وەك واژوویەكی (امچا) سەر بە مۆر بگەڕێننەوە ماڵی بووك.

ئاوا بوو كە ئەم پرۆسە ژاناوییە كۆتایی دەهات و خزمی بووك پیرۆزبایی و دەسخۆشییان لە دایكی بووك دەكرد و دەیانكوت "بە ڕووسووری بەڕێت كرد، كچ وەك سەوەتەی گوو وایە و دەبێ چاك سەری داپۆشرێت هەتا بۆگەنی نەیەت"!

دەگەڕێینەوە سەر تیۆرییەكەی جودیت باتلێر كە ئاماژە بە جەستەی ژن دەكات. لەم گوتارەدا دەردەكەوێ كە جەستەی ژن جێگەی سەرنجی كۆمەڵگای كوردی بووە و لە هەندێك شوێن بەهای پێدراوە و ڕێزی لێ گیراوە و نیشان و میداڵی بنەماڵەیی وەرگرتووە (پشتێندی برازاو) و لە هەندێك شوێن مایە شەرم بووە (باب و برا لە ماڵ نەدەمان).
لەم كولتوورە كال بووەوەدا، تناقچێكی توند بەرچاو دەكەوێت كە باوكێك كە كچەكەی (بە زۆر یان بە شادی) بەمێرد دەدات بۆ لە شادی و خۆشی كچەكەیدا بەشداری ناكات؟ جیاوازی كچەكەی و كوڕەكەی لە چیدا؟ ئایا جەستەیە یان كولتوور؟


كازیوە قولەری_ئەنامقی
كارناسی باڵای دەروونناسی و پەروەردە