قەرز، دەستكەوتی ئەم كابینەیەش

2 مانگ پێش ئێستا

عەتا كەریم
حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزدارە، باسكردنی ئەم پرسە، نوێ نییە، چونكە سەرۆكوەزیرانی ئێستا لە كابینەی نۆیەم و هەروەها ئەوەی كابینەی هەشتەمیش دركاندوویەتی، هەردووكیشیان كاراكتەری سەرەكین هەم لە حكومڕانی لە هەرێم و هەم لەنێو پارتەكەی خۆشیاندا كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە پێی بەركەوتەی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ٢٠١٨، پۆستی سەرۆكی هەرێم و وەزیرانی بەركەوتووە، كە دوو جومگەی گرنگن.

قەرزداربوونی حكومەتی هەرێم، لە ڕووی بڕ و قەبارە و خاوەنی قەرزەكان و چۆن و چۆنێتییەوە (تەڵخ و ناڕوونە)، وردەكارییەكانی شاردراوەن، بۆیە فراكسۆنەكانی پەرلەمان و هەروەها خودی دامەزراوەی باڵای وەك پەرلەمانی كوردستان، داتا و زانیاریی لەسەر ئەم بابەتە وەك پێویست لەبەردەستدا نییە، لە كاتێكدا وەك هەرەمی دەسەڵات دەبوایە دەسەڵاتی تەشریعی چاودێر بوایە بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە و فایلی پڕ زانیاری و داتا ئەو قەرزەی بخستایەتە بەردەستی پەرلەمان، تاوەكو قەرزەكە یاسایی بوایە و پێدانەوەشی ئاشكرا بوایە، بەڵام نە حكومەت ئەوەی كردووە، نە پەرلەمانیش خۆی لە قەرەی داوە، وەك ئەركی چاودێریكردن و بەدواداچوون، بۆیە هەردوولا كەمتەرخەمن، دواجاریش زیانەكە لە سەری میللەت و كیسەی دارایی ئەم هەرێمەدا شكاوەتەوە، هەر ئەوانیش دەبێت باجی هەڵە و كەمتەرخەمییەكەیان بدەنەوە! بۆیە ئێستا دەنگی ناڕەزایی مووچەخۆرانی هەرێم بڵندە و دەبیسترێت و بە حەوت مانگیش یەك بۆ دوو مووچەی پێ دراوە!

 هەر دەنگی ناڕەزاییش وای لە مەسرور بارزانیی سەرۆكوەزیران كرد كە لە كۆتایی مانگی مایسی ئەمساڵ، كلیك لەسەر مەلەفی قەرزداریی حكومەت بكات، ئەو بە ٢٧ ملیار دۆلار قەبڵاندی، كە میراتی ئامۆزاكەیەتی و لە كابینەی هەشتەم بۆی ماتەوە، بەڵام خۆی لە وردەكاری و خاوەنی قەرزەكان و شێوازی دانەوەی بە دوور گرت، ئۆباڵەكەشی خستە سەر كابینەی پێش خۆی و ڕێگەچارەسەریشی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام دیسانەوە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی 21% و ٥٠% نییەتی چارەسەرە لەسەر گیرفان و قووتی مووچەخۆران!

ئەوكات پرسی قەرزی ٢٧ ملیارییەكەی حكومەت، كاردانەوەی بە دوادا هات و سەرۆكی پەرلەمان ڕەتی كردەوە كە حكومەت قەرزدار بێت، هەروەها فراكسیۆنەكانی پەرلەمانیش بڕ و قەبارەی جیاوازیان خستە ڕوو، بە جۆرێك كە گوایە ٤ ملیار دۆلار قەرزدارە نەك ٢٧ ملیار دۆلار، بۆیە ئەوەش لێدانی قورسە لە متمانە و هەروەها لێڵتركردنی گومانەكان لەسەر قەرزداریی حكومەتی هەرێم.

زانیاریی نوێی قەرزداریی حكومەت لە كابینەی نۆی مەسرور بارزانی ئەوە بوو كە كۆی گشتی قەرزەكانی سەرشانی كابینەی نۆ گەیشتۆتە 31 ملیارو 161 ملیۆن دۆلار!! لە كاتێكدا تایتڵی كابینەكەی مەسرور بارزانی چاكسازییە! هەڵكشانی قەرزیش ئاسانترین وەڵامی چاكسازییە كە بۆ هەر مانگێك 269 ملیۆن دۆلار قەرزداری زیادیكردووە، بەمجۆرە مامەڵە بكرێت لەغەڵ بەهەدەردانی دارایی و نەبوونی ستراتیژی ئابووری ئەوا كابینەی 9 بە چوار ساڵی تەمەنی (6ملیار و 321 ملیۆن دۆلار) قەرز دەكاتە دەستكەوت بۆ ئەزموونەكەی هەرێم. 

ئەوەی ڕوون و جێی گومان نییە، قەرزداریی حكومەتی هەرێم و بەتاڵیی خەزێنەی دارایی حكومەتە، هەروەها ناڕوونیی وەرگرتن و پێدانەوەیە، نەبوونی پلانی دوورمەودایە بۆ دەربازبوون و چارەسەری قەیرانی دارایی هەرێم، كە نزیكەی 9 ساڵە بەرۆكی گرتووە و بە درێژایی ئەو ماوەیە بنەمایەكی ئابووری و دارایی زانستیی نەبووە، كە شاڕێی دەربازبوونی بێت، ئەوەش جێگەی گومان و بێبەرنامەییە، كە ناكرێت حكومەت بۆ گرفتێكی لەو جۆرە بەو زەمەنە زۆرە “چارەسەری پێ نەبووبێت”، بۆیە ئێستا لێكەوتە خراپەكانی لە چارەسەركردنی خێرا دوور كەوتووەتەوە، بەو پێیەی سەرچاوەی دارایی دیكە بوونی نییە، بەڵكوو ئەوەی كە هەبووە گەندەڵی و لێچوونی دارایی هێندە زۆرە، ئابووری و دارایی یەكسانی سفر كردووەتەوە، بۆیە هەڵكشانی تووڕەیی مووچەخۆری هەرێم و داكشانی دارایی حكومەت، عاقیبەتی خێر نابێت.

تاكە دەروازەی دەربازبوونی هەرێم لەم گرفتە داراییە، گێڕانەوەی ئەو پارانەیە كە لە بانكەكانی دەرەوەن و براونەتە دەرەوە، بەتایبەتی كەیسی (٦ ملیار ئیرۆكەی بەریتانیا و ١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەكەی لوبنان)، كە جارێ ئەمانە دوو كەیسی ئاشكراكراون، ڕەنگە هی دیكەیش هەبن و چاوەڕوانی ئاشكراكردنیان بین، بەو پێیەی قەرزوەرگرتنی حكومەت لە كۆمپانیا ناوخۆییەكان و چاوەڕانیكردنی بەغدا ئومێدە و ئومێدیشیان چاند هیچی لێ سەوز نەبووە.