هەڵسەنگاندنی زەردوویی لەمنداڵی ساوادا

13/07/2021

د.پەروین محمد رسول
كاتێك پشكنینی زەردویی دەنێرین بۆ منداڵی ساوا و ئەنجامەكەی دەبینین تەنها پشت بەژمارەی ئەنجامەكە نابەستین بەڵكو بۆ ئەوەی بزانین زەردووییەكەی مەترسیدارەو پێویستی بەچارەسەر هەیە یاخود تەنها پێویستی بە چاودێری و بەدواداچونی ڕۆژانە هەیە ئەوە  دەبێت چەندین زانیاری تر وەربگرین پاشان هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت.
هەندێك لەو خاڵانە  ئەمانەن:
-ئایا تەمەنی ساواكە چەند ڕۆژ یان چەند كاتژمێرە (بێگومان ئەگەر لە 24 كاتژمێری یەكەمی تەمەنی زەردوویی هەبێت پێویستە چارەسەری بكرێت و بخەوێنرێت لە نەخۆشخانە).
-ئایا بەكاتی خۆی لە دایك بووەیان پێش وەختە لەدایك بووە كە مەترسی زیاترە ئەگەر پێش 37 هەفتە لە دایك بوبێت.
-كێشی منداڵەكە چەندە (مەترسی زیاترە ئەگەر كێشی كەمتر بێت لە ۲.٥ كیلۆ)
-جۆری خوێنی دایك و منداڵەكە (مەترسی زیاترە ئەگەر دایك  جۆری خوێنی O بێت و منداڵەكەی جۆری O نەبێت و  هەر جۆرێكی تر بێت ،یاخود دایكەكە نێگەییڤ بێت و منداڵەكە پۆزەتیڤ بێت ئەوا ئەگەری زۆرە زەردوییەكەی بە خێرایی زیاد بكات).
-هۆكاری بۆماوەیی لە خێزانەكە بۆنمونە ئەگەر لەهەمان خێزان پێشتر منداڵێكی تریان زەردویی زۆر بووە یان خوێنی گۆڕاوە لەبەر زۆری زەردوییەكەی.
-بوونی هەندێك نەخۆشی لە منداڵەكە وەكو نەخۆشی پاقلە، تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقی، یاخود بونی هەوكردن لە  ساواكە وا دەكات زەردویی زوتر بەرز ببێتەوە.
-بونی هەندێك نەخۆشی لە دایكەكە وەكو نەخۆشی شەكرە ئەگەر بەباشی كۆنتڕۆڵ نەكرابێت.
-ئەگەر زەردوییەكەی بەخێرایی زیاد بكات (زیاتر لە ٥ پلە لە ماوەی 24 كاتژمێردا ).

بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی ئەگەر  دوو نەخۆش هەبێت بەم جۆرە بن:
♦یەكەمیان: تەمەنی 3 ڕۆژە زەردوویی 12  یە بەڵام كێشی 2 كیلۆیە و بە 32 هەفتە لە دایك بووە و دایكی خوێنی جۆری O پۆزەتیڤە بەڵام منداڵەكەی جۆری خوێنی B  پۆزەتیڤە ، ئەمەیان پێویستە لەنەخۆشخانە بخەوێنرێت و چارەسەر وەرگرێت.
♦دووەمیان: بەهەمان شیوە تەمەنی 3  ڕۆژە و زەردویی 12 یە بەڵام كێشی 3 كیلۆیە و بە 38 هەفتە لە دایك بوە دایكی خوێنی A  پۆزەتیڤە، ئەمەیان تەنها پێویستی بە چاودێری هەیەو پێویستە دوای 24 یان ٤٨ كاتژمێر دوبارە پشكنینی  زەردویی بۆ بكرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێتەوە.

پرۆفایل:
د.پەروین محمد رسول
پزیشكی منداڵان.