مەترسییەكانی بەكارهێنانی قاپی پلاستیك

15/07/2021

لەشكر حەمید
پلاستیك ژەهرێكە ڕۆژانە بەركەوتنمان لەگەڵی هەیە ژیانی مرۆڤەكانی داگیركردووە سروشت و ژینگە و تەندروستی لەناو دەبات، هۆكاری زۆر بەكاهێنانی بۆ كەمی تێچووی دەگەڕێتەوە.

ئەو مادانەی نایلۆن و پلاستیكی لێ دروست دەكرێت، مادەی ئۆرگانییە كە پێكهاتەكانی نەوتە لە سەرچاوەی غازی سروشتی و نەوت و خەڵوز كە لەگەڵ مادەی پۆلیمەر دروست دەكرێت كە بە تەواوی یەكناگرن و لە كاتێكدا خواردنی گەرمی تێ دەكرێت یان ئاو و شلەمەنی، مادەكە تووشی داخوران دەبێت و تێكەڵی خواردنەكە دەبێت، هەروەها ماددەی كیمیای ژەهراوی (ئێپیكلۆرۆهایدین و بیسفینۆڵ ئەی)  تێدایە كە لە ئاودا دەتوێنەوە  دەچێتە جەستەی مرۆڤەوەو دەبێتە هۆی دابەزاندنی بەرگری لەش و دابەزاندنی كەمی ڤیتامینەكان و هۆكارە بۆ نەخۆشی شێرپەنجەییەكان و نەخۆشی گورچیلە و كۆئەندامی زاوزێ و دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، كە كاریگەری خراپی هەیە بۆ نەزۆكی ئافرەت.

بۆیە زۆر ترسناكە قاپی پلاستیك و ماددە پلاستیكییەكان لە چێشتخانەكان بەكاربهێنرێت بۆ خواردنی سەفەری و خواردن و شلەی گەرم، پێویستە قاپی شووشە یان قاپی گیایی كە مادەی كیمیایی تێدانییە بەكاربهێنرێت.

پرۆفایل:
لەشكر حەمید
 ئەندازیاری خۆراك