عەلمانیەت و ئایین و كۆمەڵی مۆدرێن

17/07/2021

حەسەن یاسین
عەلمانیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەسەردەستی رژێمە بەناو نەتەوەییەكان، كە لە راستیدا فەرمانڕەوایی دكتاتۆری و تاكحزبی و رێگر لە گەشەكردنی ئەو كۆمەڵانە بە شێوەیەكی سروشتی رووەو دیموكراسی بوون، نەك هەر ناوەرۆكێكی عەلمانییانەی نەبووە، بەڵكو بووە بە پرۆسەیەكی دژەئایینی و سیمای زۆر ناشیرینكراوە.
 بە داخەوە ئەوەی سیمای عەلمانیەتی لەو وڵاتانەدا ناشیرینتر كردووە، هێزە ئیسلامییە سیاسییەكانن، كە هەندێكیان لە تێنەگەیشتن لە ناوەرۆكی عەلمانییەتەوە ئەم كارەیان كردووە، هەندێكیدیكەیان بە ئەنقەست لە عەلمانیەت چوونەتە سەنگەرەوە، تا عەلمانیەت لای موسڵمانان بكەن بە كاڵایەكی رۆژئاوایی و وەك بەرهەمی دنیای كافران بە موسڵمانانی بفرۆشنەوە.

 عەلمانیەت لەسەردەمی مۆدرێنەدا بە تو‌ندی گرێدراوە بە فرەیی
 (پلورالیزم)ەوە. ئیسلامییە سیاسییەكان بڕوایان بەفرەیی نییە، بۆیە نایانەوێ خەڵك لەو راستییە تێبگەن كە عەلمانییەت واتە پلورالیزمی ئایینی. ئەو كەشەی كە عەلمانییەت بۆ ئایینەكانی دەڕەخسێنێ، هەمان كەشی سروشتی ئەو كۆمەڵانەیە كە فرە  ئایینن و خەڵكەكەیان بەسەر چەند گروپێكی ئایینی جۆراوجۆردا دابەشبوون و هەر گروپێك بڕوای بە ئایینەكەی خۆی هەیە، بەبێ ئەوەی ئایینەكەی خۆی بەسەر ئەو گروپانەیتردا بسەپێنێ.
  رژێمە دكتاتۆرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی رێگە لە گروپە ئایینییە جیاجیاكان بگرن خۆیان بە عەلمانی بە خەڵك دەناساند، بەبێ ئەوەی سەرەتاییترین شێوەی عەلمانیەتیان جێبەجێ كردبێ، لەم بانگەشەكردنەشدا هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان هاوڕابوون و ئەوانیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەو رژێمانەیان بە عەلمانی ناوزەد دەكرد، بۆیە كە بەهاری عەرەب دژ بە رژێمە دكتاتۆرەكان دەستی پێكرد و چەند رژێمێكی دكتاتۆری عەرەبی رووخان، ئیسلامییە سیاسییەكان لەهەڵلایانداو گوتیان سەردەم سەردەمی بەسەرچوونی عەلمانیەت و هاتنە پێشی ئیسلامییەكانە.
  ئیسلامییە سیاسییەكان راست دەكەن، دوای ماوەیەكی زۆری سەركوتكردن، هاتنەپێش، بەڵام ئەگەر دەیانەوێ پاشەكشێ نەكەن، دەبێ ئەوانیش سەركوتكەر نەبن، ئەگەر خۆیان بە دڵسۆزی ئیسلام بزانن، دەبێ سڵ لەوە نەكەنەوە كە هەڵەی خۆیان لەبارەی عەلمانیەت راست بكەنەوە و هەوادارانی خۆیان تێبگەیەنن كە عەلمانیەت دژی ئیسلام و دژی هیچ دینێك نییە، بگرە ئەوە ئایینەكانن، كە لە سایەی عەلمانیەت ئازادیی زیاتریان هەیە و خەڵك لەسەر بڕوابوون بە ئایینێكی دیاریكراو سەركوت ناكرێن.
  لە كۆمەڵی مۆدرێندا مرۆڤ تەنیا دەستی بە تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو رانەگەیشتووە، بەڵكو لەپاڵ بەكارهێنانی كۆمپیوتەر، ئینتەرنێت و مۆبایلدا، هاوكات دەبێ سیستمی بەهاكانی كۆمەڵیش گۆڕانكارییان بەسەردابێت. مرۆڤ ناتوانێ بە هەمان سیستمی بەهاكانی پێش مۆدرێنێتەوە لە سایەی رۆژگاری مۆدرێنێتەدا بژی. لە كۆمەڵی مۆدرێندا مرۆڤ دەتوانێ بیركردنەوەو بژاری جیاوازی هەبێت. لەسایەی مۆدرێنێتەدا مرۆڤ هەست بەبەرپرسیارێتی بەرانبەر بە مرۆڤ، بەرانبەر بە گروپە جیاوازەكان، بەرانبەر بە ئایینە جیا جیاكان دەكا. 
     لە سایەی مۆدرێنێتەدا ئایدیۆلۆجیا ناتوانێ هەژمونی هەبێت. ئەوە ئایدیۆلۆجیایە كە هانی هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان دەدات كە پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاوبكەنەوە كە پیرۆزییە ئایینییەكان مەترسییان لەسەرە. 
 راستییەكەی لە سایەی عەلمانیەت و كۆمەڵی مۆدرێندا، كە هاوكاتە لەگەڵ بوونی سیستمێكی دیموكرات، یان چوونی كۆمەڵ رووەو چەسپاندنی دیموكراسی ، سەرجەم ئایینەكان دوبوژێنەوە، لەو رووەوە كە مرۆڤە ئاییندارەكان ئازادن لە پەرستشی ئایینی خۆیاندا. ئازادن لە مومارەسەكردنی سروتە ئایینییەكانی خۆیاندا، بۆیە بوونی مەترسی لەسەر پیرۆزییە ئایینییەكان، درۆیەكی سیاسیی ئیسلامییە سیاسییەكانەو هیچتر.