شــارە بــچووكەكەی هۆلییوود!

17/07/2021

شادمان محەمەد
ئەمە وەسف و سەنای ئەكتەری سینەمایی (نیكۆلاس كێچ)ی برازاری دەرهێنەری بە ناوبانگی سینەمای جیهانی (فرانسس فۆرد كۆپۆلا)یە، لە بەرانبەر هۆلییوودا!

گەرچی ئەم وەسفەی نیكۆلاس هەڵگری دوو رەهەندی جیاوازی دژ بە یەكە، چونكە لە لایەك وەك گلەییەكە لە كەشی ناو هۆلیوود، لە لایەكی دیكە ئاماژەدانە بە گرنگ مانەوە لە چوارچێوەی كەشی هۆلییودا.
نــیكۆلاس دەڵێت؛
(ماوەیەكی زۆرە ئەو شارە گچكەیەم بەجێهێشتووە، هەڵبەتە ئەمەش هۆكاری خۆی هەبووە، كاتێك من هۆلییود بە شارێكی ئێكجار غەریب و جیاواز و نامۆ وەسف دەكەم. چونكە دڵنیا نیم جارێكی دیكە لە ڕێی بەرهەم و كارە نوێیەكانمەوە دەگەرێمەوە ناو ئەو جیهانە ئاڵۆزەوە، وەك باسمكرد؛ كەشی هۆلیوود كەشێكی ئێكجار جیاوازە، بۆیە ترسی زۆرم لەو بارەیەوە هەیە).

بەشێك لە رەخنەگرانی بواری سینەما رایان وایە؛ ئەم لێدوانەی نیكۆلاس كەیچ لە كاتێكدایە كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەشداریكردنی نیكۆلاس وەك ئەكتەری سەرەكی لە فلمی (LORD OF WAR)دا بووە، كە تێیدا پەیام فیلمەكە بریتی بوو لە خستنەڕوو و ئاشكراكردنی نهێنی فەسادی و گەندەڵی بازرگانی (جیهانی چەكفرۆشی) لە جیهاندا كە بە هۆیەوە ساڵانە بە ملیۆنان مرۆڤ لەسەر زەویدا پێ لە ناودەبرێت.

واتا؛ كرۆك و ناوەرۆكی فیلمەكە برتییە لە ئاشكراكردنی دەستی زۆرێك لە بازرگانە گەورەكانی جیهان كە بە نهێنی چەك رەوانەی  بەشێك لە وڵاتە هەژارەكان دەكەن تاوەكو بە هۆیەوە یەكتری لە ناوبەرن، كە ئەمەش كارێكە دژ بە مرۆڤایەتی.
هەربۆیە بۆچوونێك هەیە كەوا بە هۆی بەشداریكردنی لەو فیلمەدا بۆتە ئەكتەرێكی فەرامۆشكراو لە هۆلیوودا.