مرۆڤی كورد و دووڕویی

19/07/2021

هێمن مەحمود
ئەمڕۆژانە دوو ڕوویی مرۆڤەكانی كوشتووە، ئەو دوو ڕووییە بەجۆرێك رۆچوەتە ناو كۆمەڵگا نەك هەر ئاستە سیاسییەكەی تێپەڕاندووە، بەڵكو بەشێكی زۆری پەیوەندییە شەخسی و كۆمەڵایەتیەكانیشی گرتۆتەوەو ژیانی زۆربەی خەڵكی كردۆتە نمایش و دەمامكی درۆینە.

بەشێكی زۆری خەڵك حەزناكات تێكەڵاوی كۆمەڵە ناسراوێكی بكات كەچی دەیكات، حەزناكات هاوڕێیەتی زۆربەی هاوڕێكانی بكات كەچی ناچار هاوڕێیەتیش دەكات، حەزناكات پێكەنێ كەچی قاقا دەتریقێتەوە، هاوڕای هیچ شتێكی نزیكەكەی نیە كەچی وای خۆی دەردەخات قوتابی ئەوە.

لە زانستی كۆمەڵناسیدا ئەو رەفتارەی زیاتر لەهەموو ڕەفتارێك چەمكی بێ ئابڕوویەتی مرۆڤ دەردەخات ئەوەیە كەسێك هەرگیز پرسیارت ناكات تەنانەت نامەیەكیشت بۆ نانێرێت لەهەمانكاتدا كاتێك دەتبینێت سەرودڵت دەگرێت و لۆمەت دەكات كە بۆچی دیارنیت و بۆچی شتی تازەی خۆتت بۆ نەوتووە، ئەم ڕەفتارە بێ ئابڕوویی تیایدا دەدرەوشێتەوە.

جا ئەوە بەشێكی زۆرمان رووبەڕوی ئەو حاڵەتە بوینەتەوە، كابرا بەساڵیش پرسیارێكت ناكات كەچی دەتبینێ قەرزار باریش دەبی، تەلەفونێكی بۆ نەكردویت كەچی سەرودڵت دەگرێ بۆچی هەواڵی تازەی خۆتت پێ نەوتوە، ئەوەی بیری نەبێت تۆی كەچی خۆی لێت عاجزدەكات گوایە خۆشی و ناخۆشییەكانی خۆیت پێ نەوتووە.

مرۆڤی ئەم سەردەمە زۆر جیاوازن لە مرۆڤی سەردەمانی دی..بەشێكی زۆریان حەزیان لەوەیە هەمیشە تۆ قەرزاربیت، هەمیشە سوك و ڕیسوابیت، هەمیشە لەزیانا بیت، ئیش و كارت ڕاست نەبێتەوە، بكەویت و بەلەقە بەرەو خوارت بكەنەوە..كەچی تۆ بە نزیكترین كەس و نزیكترین هاوڕێتی دەزانیت..تۆ وادەزانی خوا ئەوی دەستنیشانكردووە تا تۆ بچیتە سەر رێگای راست و زیان نەكەیت...خۆشبەخت بژیت..

جارێكیان لەشوێنێكدا خوێندمەوە دەڵێت (مرۆڤ ئەگەر بزانێت ژمارەی ئەو هاوڕێیانەی چەندن كە  باسی دەكەن و ڕقیان لێیەتی ئەوا هەرگیز هاوڕێیەتی كەس ناكات).
هەر بەجدی ئەگەر ئەم قسەیە سەد لەسەد وانەبێت ئەوا بێگومان دوسەد لەسەد وایە..ئێمە لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ زۆرێك لەهاوڕێكانمان ئاسودەو دڵخۆش بین كەچی توشی دەیان گرفت دەبین وبەشێكی زۆریان دەبنە مایەی خەفەت و كێشە بۆمان.

پاولۆ كۆیلۆ لەشوێنێكدا دەڵێت (سادەترین هۆكاری خۆشبەختی ئەوەیە كە كەسێك هەموو ڕۆژێك پرسیارت بكات).
ئال پاچینۆ دەڵێت (ئەگەر ویستت رقت لێمبێتەوە ئەوا تۆ تەواو ئازادیت، بەڵام تكایە وا ڕەفتار مەكە كە خۆشت دەوێم).
كوت و مت هەتا دەتوانی خۆت بە..نەشتوانی پێویست بە عەزیەت دان و ئازاردانی خۆت ناكا بكشێرەوە..ژیان بەشی چی دەكات..؟ تا بە خۆخواردنەوەو خۆئازاردان و نیگەرانی بیبەیتە سەر.
دۆستۆڤیسكی گەورە ڕۆماننوسیش دەڵێت( ئێمە كەی دەگۆڕێین؟ دوای ئەوەی كە كەسێك شوێنێكی تایبەتی و جیاوازی لای ئێمە هەیە لەپشتەوە لێمان دەدات. ئێمە هەر بەتەنها ناگۆڕێین..بەڵكو سەد ساڵ پیرتر دەبین).