ئاكاری پزیشكی، پەیوەندی بەسیستەمی سیاسیەوە..!

19/07/2021

ئا: عەبدوڵا گۆران
مرۆڤ لەخۆیدا، ئامراز نیە و هەمیشە و بۆ بێكۆتان لەكات و شوێندا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی تێیدایە، وەك ئامانج دەمێنێتەوە، چونكە مرۆڤ خاوەنی كەرامەت و گەورەیی سروشتیانە و جەوهەریانەی خۆیەتی. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، كەرامەتی مرۆیی لەسەروی هەموو شتێكی ترەوەیە و هەر ئەمەشە ڕێدەگرێ لەوەی مرۆڤ بكرێتە ئامراز لەپێناو ئامانجێكدا كە لەدەرەوەی خودی خۆیەتی. بەم پێیەش كەرامەت لەمرۆڤدا شیاوی كەمكردنەوەو دەستكارییكردن و هێنانەخوارەوە نیە.
پێویستە مرۆڤ هەمیشە بەوو جۆرە هەڵسوكەوت لەگەڵ مرۆڤەكانیتردا بكات، كە خۆی حەز دەكات هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت.
بۆیە پێویستە ڕەفتارەكانمان لە ڕوانگەی ڕێزگرتنمان لەكەرامەتی تایبەتی مرۆیانەوە دابڕێژین بۆ ئەوەی وەك یاسایەكی گشتگرەوەیان لێبێت، تا هەموان بەو جۆرە لەگەڵ یەكتر ڕەفتار بكەن، كەخۆیان چاوەرێ دەكەن ڕەفتاریان لەگەڵ بكرێت.
بەپێی بنەما ئاكاریەكان بێت، پیشە و زانست و هونەری پزیشكی ئەركێكی ئاكاریانە دەخاتە ئەستۆی پزیشك و گشت كارگوزارانی بواری سیستەمی تەندروستییەوە، لە بەرامبەر نەخۆشدا بەو پێیەیی كە هەمیشە لەنەخۆشدا، مرۆڤێك یان تاكەكەسێكی خاوەن كەرامەت ئامادەییە.
پەیوەندی پزیشك و نەخۆش پەیوەندییەكی ئاكاریانەیە و ئەمەش لەو ساتەوەختەوە بەشێوەیەكی كردەیی دەستپێدەكات، كە پزیشك مەچەكی نەخۆش دەگرێت بۆ ئەوەی لێدانی دڵی پێوانە بكات، تا دەگاتە ئەو كاتەی كە پزیشك بیر لە كۆتایهێنان بە ژیانی نەخۆش دەكاتەوە بە شێوەیەكی یاسایی و دوای گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە تایبەتیەكان و ڕەزامەندییەكان.
هیچ پەیوەندییەكی پزیشك نەخۆش لەدەرەوەی پەیوەندییەكی ئاكاریانەوە نیە و ئەمەش هەم كردە كۆنكرێتیەكانی وەك نەشتەرگەریی و هەم ڕەفتارە سێمبولییەكانی پزیشك، وەك سڵاوكردن لەنەخۆش، دەگرێتەوە.
ئاكار (Ethic) لقێكی فەلسەفە و زانستێكە بۆ ئاڕاستەكردنی ڕەفتاری مرۆیی بەهەموو شێوەكانییەوە، ئەم لقە زانستیە لە بواری پزیشكیدا بە ئاكاری پزیشكی ناو دەبرێت.
ئاكاری پزیشكی بریتیە لەو زنجیرە رێنماییە فەلسەفیی و ئاكاریانەی كە ئاراستەی هونەر و پیشە و زانستی پزیشكیی لە ڕووی تیۆری و كردەییەوە دەكات، ئەم زانست و هونەر و پیشەیە لەلای خەڵكیی ئاسایی و نەخۆشەكان خۆشەویست دەكات، ئەویش بەجۆرێ كە رێزی لێبگرن و متمانەی پێبكەن.
ئەوە ئاكاری پزیشكییە، مانا بە پیشكە دەدات، زانستییبونەكەی دەسەلمێنێت و هونەرەكەیشی بەرز دەكاتەوە بۆ ئاستی بڕواپێبوون و متمانە بەخشین.
هەمیشە ئاكاریی پزیشكی و مافەكانی نەخۆش، باسێكی تری لە پشتەوەیە كە ڕێنمایی بۆ نەخۆش و دەستنیشانكردنی ئەركەكانی و مافەكانی پزیشكن. ئەوەی ئێمە پێیدەڵێین ئاكاری پزیشكی، هەر بەتەنیا پەیوەندیی نێوان دكتۆر و نەخۆش، نەخۆشخانە و نەخۆش و پەیوەندیی نێوان كارگوزارانی سیستەمی تەندروستی نەخۆشەكان، ناگرێتەوە. ئەوە ئەركی سیاسەت و ئاكاریی پزیشكیە كە خزمەتگوزاریە تەندروستییەكان و ئاستیی كلتوریی خەڵك لەبەرچاو بگرێت، لە هەمان كاتیشدا چاوپۆشیی نەكات، لە بارودۆخی زانستە پزیشكیەكان و ئیمكانیەتە تەكنەلۆژییە پێویستەكان.
ئاكاریی پزیشكی لقێكی فراوانیی ڕەفتار، زانیاریی و ڕۆشنبیركردنە لە بواری پزیشكیدا، كە لە لایەكەوە دەروەستیی ئاكاریانەی خۆی لە ئاست كۆمەڵگا و هاوڵاتیاندا دەسەلمێنێت و لە لایەكیتریشەوە ئەركی نوێكردنەوەی زانستیی و تەكنەلۆژیی بواری تەندروستیی دەگرێتە ئەستۆی خۆی. مەبەستمان لە ئاكاری پزیشكی ئەو سیاسەتانەی تەندروستیش لە وڵاتێكدا دەگرێتەوە، كە سیستەمی سیاسی لە ڕێگەیانەوە بەرگری لە بارودۆخی تەندروستی و خاوێنیی و ساخڵەمیی كۆمەڵگا دەكات و بەهۆیانەوە ئاسایشی كۆمەڵایەتی دابیین دەكات.
ئاكاری پزیشكی ئاشكراكەری ئەو سیستەمە سیاسی و تەندروستیەیە كە سەرپەرشتیاریی و سەروەسێتیی بەسەر بواری تەندروستییەوە لە وڵاتدا دەكات، بەهۆی ئەو پشتگیریی و پشت تێكردنەی لایەنی سیاسی لە ئاكاریی پزیشكی دەیكات و ئەم پیشەیەی پێ بەهێز و لاواز دەبێت، تێدەگەین كە سیستەمی سیاسی چۆن لە مرۆڤی كۆمەڵگای خۆی دەنوڕێ و چۆنیش سیستەمە خزمەتگوزاریی و فریاگوزارییەكانی خۆی ئاراستە دەكات، بۆ جێبەجیكردن و هێنانەدیی بۆچونەكانی. 
بەمانایەك لە ماناكان، پزیشكەكان بەرجەستەكەری نەك هەر ویژدانی تایبەتیی خۆیانن، بەڵكو بەرجەستەكەری ویژدانی گشتیی و عەدالەتیشن، چونكە ئەوان لە ڕێگەی پیشەكەیانەوە نوێنەرایەتی دادوەرانە و ویژدانیی گشتی دەكەن. چونكە مرۆڤ بەوەی كە نەخۆش بكەوێت، جەوهەری مرۆڤبونی خۆی لەدەست نادات.

سەرچاوە: (فەلسەفەی ئاكاری پزیشكی و مافەكانی نەخۆش)