كاریگەری كێشەكانی" دایك و باوك" لەسەر كەسێتی منداڵەكانیان

19/07/2021

ئیدریس نوری
بەپێی توێژینەوەكان ئەو دایك باوكانەی بەزۆری كێشە و گرفت و دەمەقاڵێیان بەردەوامە، ناتەبان، ئەوا: منداڵەكانیان لە قوربانیداندا پشكی شێریان بەركەوتووە، چونكە ئەو ئاگرەی كە لەنێوان خودی دایك باوكاندا هەڵدەگیرسێت، نەمام وەچی ئەم خێزانە كەخودی "منداڵە "بەهۆی ناسكی و پێنەگەیشتنیان، هەر زوو هەڵدەپڕوزێن. 

بە گوتەی (ILNA )، شەڕی "دیك و باوك" دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ سترێسێكی زۆریان لێ دەربكەوێت، ئەمەش كار دەكاتە سەرباری دەروونیان . 
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی كە توێژەران ئەنجامیان داوە، هەبونی كێشە لە نێوان "دایك و باوكاندا"هۆكارێكە بۆجیابونەوەی منداڵ لە ڕووی هەست وسۆزەوە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەری "نەرێنی"لەسەر بەختەوەری داهاتوویان درووست بكات.
هەر بەپێی توێژینەوەكان: ئەو منداڵانەی دەكەونە نێوبەردە ئاشی  ناكۆكی "دایك وباوك" توندوتیژبن بەردەوام تێكەڵ بەكێشەكان دەبن .
تۆویی شەڕەنگێزی لەناو ناخیاندا زوو گەشەدەكات، گیانی دووژمن كارانەیان تێدا دەڕوێت .

لە هەندێك حاڵەتدا كاریگەری ناكۆكی "دایك و باوك" لەسەر منداڵ دەبێتە هۆی خۆبەكەم زانین و دڵەڕاوكێ و خەمۆكی،  كە لە هەندێك "لاوو گەنج "دا دەتوانێت ببێتە هۆی خۆكوژی. هەروەها بەهۆی ناكۆكییەكانی "دایك و باوك "كاریگەریی  لەسەر گەشەپێدانی توانا سۆزداریی و كۆمەڵایەتییەكانی  بەشێوەیەكی بەرچاو ڕەنگ دەداتەوە. 

- لێردا گرنگترین كاریگەری و لێكەوتەكانی كێشەكانی" دایك وباوك" دەخەینەڕوو:
١. تێكچوونی پەیوەندییەكان : منداڵ هەوڵ دەدات وەك دایك و باوكی لە پەیوەندییەكانیدا هەڵسوكەوت بكات، ئەگەر بەردەوام دەمەقاڵێیان بوو، لە داهاتوودا منداڵەكەت هەمان ڕەفتار بەكار دەهێنێت؛ لە ئەنجامدا پەیوەندی منداڵەكانت لە داهاتوودا شكست دەهێنێت، هەمیشە شكست لەدوای شكست درێژەی دەبێت. 

۲. كێشە فیزیكیەكان:
هەبوونی شەڕی خێزانەكان دەتوانێت ببێتە هۆی هەست كردن بە دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و بێ دەربەستی لە منداڵدا، لە ئاكامدا ئەو هەستە نەرێنییانە كار دەكاتە سەر تەندروستی منداڵەكە و هەندێك جار لە هەندێك منداڵدا دەبێتە هۆی( نەخواردن)،  لە هەندێك كاتی دیكەدا دەبێتە هۆی (زۆر خۆری )، كە هەموو ئەمانە كار لە سەر تەندروستی جەستەیی دەكەن . 

۳.خەوێكی نەجێگیر:
كێشەی "دایك و باوكان "كاریگەری خراپ یان دەبێت لەسەر شێوازی  خەوی پشوو بەخش، لە منداڵ دوور دەخرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە منداڵەكە بەهانە دروست بكات،كەبێگومان  ڕاستەو خۆ كاریگەری لەسەر  عەقڵ و ژیری دەبێت . 

٤.خۆبەكەم زانین:
تێكەڵبوونی هەستەكانی بە( تاوان و شەرمەزاری و بێ نرخی و بێهیوایی) لەگەڵ هزرو ڕەفتاری دا گەشە دەكات، سەرئەنجام منداڵەكە هەنگاو بەهەنكاو بەرەو كێشە پەلكێش دەبێت، 
ئەمەش وادەكات هەست بە بەكەمی  خۆی بكات، بەمەش باوەڕبەخۆبوونی سات لەدوای سات دادەبەزێت. 

٥. لەگەڵ هاوتەمەنەكانی دووچاری كێشەدەبێت :
كێشەی دایك و باوك منداڵ خەمبار دەكات، بێ گومان ناجۆر و دورە پەرێز دەبێت.
كەلەڕەقی و كێشەی پەیوەندی لەگەڵ هاوتەمەنەكانیان بۆ دروست دەبێت. 

٦.شەڕانگێز:
ئەو خێزانانەی كە بەبەرچاوی منداڵەكانیانەوە دەجەنگن لەڕاستیدا منداڵەكەیان فێردەكەن كە پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان شەڕ و هێزی ڕق بەكاربهێنن . هەربۆیە منداڵەكان هەوڵ دەدەن بەو شێوەیە كێشەكانیان چارەسەر بكەن و دەرئەنجامی ئەمەش دەبێتە هۆی شكستهێنانی پەیوەندی و دەستدرێژی . 

۷.لاوازی و نەمانی  هۆگری بۆ خوێندن و شكستی ئەكادیمی : شەڕكردن لە بەردەم منداڵدا، دەبێتە هۆی ئەوەی مێشكی بەتەواوی سەرقاڵ بێت و لە ئەنجامدا ناتوانێت بیر و بۆچوونەكانی لەو شەڕانەوە بۆ وانەكانی بگوازێتەوە .
لەئەنجام دا لەپرۆسەی خوێندن شكست دەهێنێ. 

كاریگەری درێژخایەنی ناكۆكیەكانی "دایك و باوكان" لەسەر منداڵان شێوازی ڕەفتاری نەگونجان لە منداڵ دا درووست دەكات، كاتێك كە ئەوان دەیانەوێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ شەڕ و مشتومڕی دایك وباوك، نیشانەی ترسیان لاگەڵاڵە دەبێت.
هەندێ كات دەست لە شەڕی دایك و باوك وەردەدەن، دەبنە لایەنگری ئەوەیان كەزووڵمی لێكراوە، بێ گومان ڕووبە ڕووی ئازاری ڕۆحی، یان جەستەیی دبنەوە،ئەگەر منداڵ بەردەوام شاهیدی ئەم شەڕانە بن، بە تایبەتی لە ژینگەی ماڵەوە،ئەوا لاسایی ئەو ڕەفتارانە دەكەنەوە،بێومان ڕەنگ دانەوەی لەژینگەی دەرەوەدا دەبێت . 

- چی بكەین تا كێشەی نێوان دایك وباوك نەگوازرێتەوە بۆمنداڵەكانمان، ڕێگە چارە؟ 

١. لەڕووی كاتەوە : پێشنیازدەكرێت دایك و باوك بتوانن كۆنترۆڵی هەست و سۆزی خۆیان بكەن، باشتر وایە ئۆپۆزسیۆن و ناتەباییان دوابخەن، بۆ ئەوەی ژینگەیەكی دروست و كات بدۆزنەوە بۆ بەتاڵكردنەوەی خەشم و ڕقیان  .كاتەكەی دوابخەن بۆ ئەو ساتەی كەمنداڵ لەماڵ نی یه. 

۲.لەڕووی شوێنەوە :باشتروایە ئەم كێشە و ناكۆكییەكانە لە شوێنێكی ترجگەلە ماڵ بۆنمونە: پارك یان ژینگەی تر كە منداڵ تێیدا ئامادە نییە ئەنجام بدرێت.

پرسیارێك لێرەدا درووست دەبێت، كە زۆر جار لەپڕ كێشە درووست دەبێت بۆچۆن كۆنترۆڵ بكرێت؟
یان دەووترێت، ئەستەمە زۆرێك لە دایك و باوكەكان ناكۆكییەكان لە ماڵەوە دوور بخەنەوە، میزاجەكە بە خێرایی دەگۆڕێت و تۆ شەڕت دەست پێكردووە، پێش ئەوەی بیرت لەوە كردبێتەوە ئەنجام چی ڕوودەدات.
بەڵێ ؛ڕاستە ئەم پرسیارە جێگەی خۆیەتی، بەڵام دەتوانین لەوەڵام دا بڵێین :زۆر گرنگە "دایك و باوك" بەهای بەرژەوەندی منداڵەكەیان لەبەرچاو بێت، بیر لەداهاتووی منداڵەكە بكەنەوە، لانی كەم دەست بخرێتە سەر ئەو برینانەی كە هۆكارن بۆدرووست بونی كێشەكە، تا بەهاو بەشی لەكاتی گونجاو دوور لەچاوی منداڵ چارەسەربكرێت، بۆئەم مەبەستەش ڕێگەی خوێندنەوە و گوێگرتن وڕاوێژ بەكەسانی پسپۆڕ یارمەتی دەرێكی باشە. 

۳. پێویستە هەركێشەیەك درووست دەبێت، سەرەتا بزانرێت هۆكاری كێشەكە چی یە؟ 
پاشان زۆر بەهۆشیاریانە وبەئارامی هەوڵی چارەسەر كردنی بدەین، بەهیچ جۆرێك تووڕەیی و قسەی ناشرین و سوك كێشەی دایك باوك چارەسەرناكات .

٤. ئاساییە كە ناكۆكیت لەگەڵ هاوسەرەكەت هەبێت، بەڵام ئەوە ئاسایی نی یە كە منداڵ تێوە بگەلێنیت. 

٥. منداڵان مەخەرە ئەو پێگەیەی كە ناچار بكرێت پشتگیری دایك یان باوك بكات. 

٦. منداڵان بەكار مەهێنن بۆ پەسەندكردنی قسەكانت لەلایەن هاوسەرەكەتەوە. 

۷.ئەگەر تەنانەت باسی شەڕی منداڵەكەت كرد، هەرگیز لۆمەی  مەكە. 

٨. داوا لە منداڵان مەكە ڕۆڵی "دادوەر" لە ناكۆكییەكانتاندا ببینێت. 

۹. داوا لە منداڵان مەكە، پەیامەكەت بگەیەنێتە هاوسەرەكەت. 

۱۰. لەكاتی مشت ومڕدا هەڕەشەی جێهێشتنی هاوسەرەكەت مەكە، چونكە زیاتر كاریگەری لەسەر ئارامی دەروونی و ئاسایشی منداڵەكە دەبێت. 

۱۱. كارێك مەكە لەگەڵ  منداڵەكەت كەناچاری بكات یەكێكتان هەڵبژێرێ، چونكە سەرەتای سەرهەڵدانی شكست لەو جێگەوە دەست پێ دەكات . 

۱۲لەبەردەم منداڵەكەدا كۆنترۆڵ لە دەست مەدە. 
سوێند مەخۆ، هەوڵ مەدە بە زۆر منداڵەكەت پەلكێشی بێ تاوانی خۆتی بكەیت . 

جێی خۆیەتی لە كۆتایدا بڵێین:گرفت وناكۆكییەكان بەشێكن لە ژیانێكی هاوبەشی ئێمەی" دایك وباوك"،دەكرێت ئەو كێشانە لە ڕێگەی لێ تێگەیشتن و" گفتوگۆ "ئارامی و دان نان بە هەڵەی یەكتر چارەسەربكرێت، گرنگ ئەوەیە ئێمە شێوازی چارەسەر بدۆزینەوە، هونەری ژیان فێربین ئایندەی منداڵەكەمان لەبەرچاو بێت، تا ئەوان نەبنە قوربانی ودرێژەپێدانی ژیانێكی شكست خواردووی ئێمە، لانی كەم قوربانی بدەین،چونكە  پەروەردەی منداڵەكانمان بەپلەی یەكەم لەئەستۆی ئێمەدایە... 

پرۆفایل:
ئیدریس نوری 
ماستەر لەدەروونناسی 
پەروەردەی تایبەت